حکوومەتی هەرێم زیاتر له‌ 7 ملیار دیناری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابییان ته‌رخان كرد

حکوومەتی هەرێم زیاتر له‌ 7 ملیار دیناری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابییان ته‌رخان كرد

زاری كرمانجی - بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر تەرخانکردنی 7 ملیار و 250 ملیۆن دینار وەک پێشینەی مانگانە بۆ پاڵپشتیی قوتابییان و چارەسەری گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.

ئەو ڕاگەیاندنەی د. توانا نه‌جه‌ف بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی (7/12/2021) لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە تایبەت بوو به‌ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکانی کوردستان.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ئاشکرای کرد كه‌ بەسوپاسەوە بە نووسراوی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی وەرگیراوە بەخەرجکردنی بڕی (7,250,000,000) دینار وەک پێشینەی مانگانە کە تایبەتە بە دوو بابەتی گرینگ، یەکەمیان پشتیوانییەکی داراییە بۆ ئه‌و خوێندکار و قوتابییانەی پێویستیان بەو دەرماڵەیە دەبێت، دووەمیشیان بۆ نۆژەنکردنەوە و چارەسەری گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.

د. توانا نەجه‌ف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ڕایگه‌یاند كه‌ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ دراوه‌:

1. راسپاردنی وەزیری دارایی و ئابووریی بۆ تەرخانکردنی خەرجکردنی پاڵپشتییەکی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەک پێشینەی مانگانە بە بڕی (7) ملیار و (250) ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتیی خوێندکاران و چارەسەری گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری.

2. وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەم بڕیارە لە (1/1/2022) جێبەجێ دەکات بۆ ساڵی خوێندنی (2021-2022).

زۆرترین بینراو