لێژنەیەک بۆ چارەسەری کێشەی زەویوزاری کریستیانەکان پێک هێندرا

لێژنەیەک بۆ چارەسەری کێشەی زەویوزاری کریستیانەکان پێک هێندرا

زاری كرمانجی - ئەمڕۆ، سێشەممە 2021.11.30، بەسەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی وەزیرانی شارەوانی و گەشت و گوزار و وەزیری داد و  گواستنەوە و گەیاندن و پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون سەرپەرشتیاری ئیداری سۆران  بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوا، سەبارەت بە کێشەی زەویوزاری پێکهاتەی کریستیان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا .
دوای کۆبوونەوەکە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکان ڕایگەیاند: ''ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە زەویوزاری خوشک و برا کریستیانەکان لەگەڵ پارێزگاری هەولیر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزا و ناحیەکانی پەیوەست بەو بابەتەوە کۆ بووەوە و بە ئامەدەبوونی چەند وەزیرێک کە پەیوەستن بە بڕیاری 83 تەئکید کرایەوە کە پێویستە بڕیارەکە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و پێداچوونەوەمان بە هەنگاوەکانی بڕیارەکەدا کرد''.
وەزیری ناوخۆ بە ئاماژە بەوەی کە لە سنووری قەزای عەنکاوە هەنگاوی باش نراوە، جەختی لەوە کردەوە کە ''سکاڵای ئەو خەڵکەی کە سکاڵایان هەبووە لە کاتی خۆیدا تۆمار کراوە و جۆری سکاڵاکان پۆلێن کراون، لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیارمان دا کە لیژنەیەک پێک بێنین لە وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی داد و فەرمانگەی بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ قەزای عەنکاوە لە ڕێگای پارێزگاری هەولێرەوە، بۆ ئەوەی لیژنەکە جارێکی دیکە ئەو سکاڵایانە بە شێوەیەکی باشتر پۆلێن بکاتەوە، تاکوو ئەوەی لە دەسەڵاتی پارێزگا و قەزایە چارەسەری بکەن و ئەوی دیکە بگەڕێننەوە بۆ لیژنەی باڵا لە ئاستی وەزارەت و ئەگەر لەوێش پێویست بکات پێشنیار دەکرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران''.
ڕێبەر ئەحمەد ئاشکراشی کرد: ''یەکێک لەو بڕیارانەی لەسەری وەستاین جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی پێنجی ساڵی 2015 بەتایبەتی ماددەی سێ لە بڕگەی چوار و پێنج بوو کە ئەو ماددەیە تەئکید لەوە دەکاتەوە، یەکەم، زێدەڕۆیی سەر زەویی پێکهاتەکان لاببرێت و دووەم، ناکرێت لەمەوپاش مافی بەکارهێنان بدرێت بە خەڵکێک کە لە خودی پێکهاتەکە نەبێت''.
وەزیری ناوخۆ گوتیشی: ''بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی داد بۆ چارەسەری ئەم بابەتە ڕاسپێردرا تاکوو گشتاندنێک بداتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی داواکاری گشتی و دەزگاکانی جێبەجێکار، هاوکات هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری دەکرێت و پێشنیارێک دەدرێتە ئەنجوومەنی دادوەری و دواتر کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە سەر هێڵ و ئەو بەشەی پەیوەندیی بە دادگاکانەوە جێبەجێی بکەن''.
ڕێبەر ئەحمەد داوای لە مەسیحییەکانیش کرد کە زیاتر لە جاران بەتەنگ ئەم بابەتەوە بن و مڵک و ماڵی خۆیان نەفرۆشنە خەڵکێکی لە پێکهاتەی کریستیان نەبێت و جەختی لەوەش کردەوە کە ''مەبەستەکە گۆڕینی دیموگرافی نییە، بەڵکوو تەنیا مامەڵەیەکی بازرگانی و بەرژەوەندیی کەسییە و ئەو بۆشاییەی کە هەبوو لە ڕێگەی وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی دادوەرییەوە ڕێک دەخرێت''.
وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە ''لە هەرێمی کوردستان هیچ شتێک بە ناوی کیشەی زەویوزار لە نێوان پێکهاتەکاندا نییە و ئەوەی هەیە مامەڵەیەکی بازرگانی و بەرژەوەندیی کەسییە و ئێمە شانازی بە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین''.
ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: ''جەنابی کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر جددیە لەوەی کە بڕیاری یاری 83 وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و ناکرێت کەسانێک سوود لە بۆشایی یاسایی وەبگرن و ئێمە لایەنە یاساییەکانمان ڕاسپاردوو کە بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە''.
وەزیری ناوخۆ سەبارەت بەو لایەنانەی کە ئەم کیشەیە بۆ مەبەستی سیاسی بەکار دێنن، رایگەیاند: ''هەموو پێکهاتەکان خەڵکی رەسەنی هەرێمی کوردستان و خاوەنی زەویوزارن و هیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکهاتەکاندا نییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی کێشەکانیانە''.

زۆرترین بینراو