ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان: پەكەكە بووەتە بارگرانی بۆ ھەرێمی كوردستان

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان: پەكەكە بووەتە بارگرانی بۆ ھەرێمی كوردستان

زاری كرمانجی -  ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە پەكەكە واز لە سیاسەتی لەكەداركردنی ناوبانگی ھەرێمی كوردستان بێنێت، چونكە ھەوڵێكی زۆری بۆ مەبەستە داوە و لە خۆپێشاندانەكانی سلێمانی و كۆچكردنی خەڵكیشدا ڕۆڵێكی كارای ھەبووە.

دكتۆر دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''نزیكەی ٦٠٠ گوند لە ھەرێمی كوردستان بەھۆی پەكەكەوە چۆڵ كراون و خەڵكەكەی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، جگە لەوەش، پەكەكە ڕۆڵێكی نەرێنیی ھەبووە لە خۆپێشاندانەكانی سلێمانی و ھەرێمی كوردستان و لە زۆر بواری دیكەشدا دەستی ھەبووە و ھەوڵیشی داوە لە ڕێگەی ھەوادارانی خۆیەوە، ئەوانەی كە داوای ڕەوایان ھەیە، بە ئاقارێكی دیكەیدا ببەن.''

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "بەداخەوە پەكەكە بووەتە بارگرانی بۆ سەقامگیریی ئەمنی لە ھەرێمی كوردستان و لە بابەتی ئەوانەی كۆچیان كردووە بۆ سنووری وڵاتی بیلاڕووس و پۆڵەندا، پەكەكە لەگەڵ قاچاخچییەكان ھەم لە ڕووی ماددی و ھەم لە ڕووی سیاسییەوە ڕۆڵێكی كارای ھەبووە، بۆیە یەكەم تۆمەت ئاراستەی پەكەكە دەكرێت و پێویستە واز لە سیاسەتی لەكەداركردنی ناوبانگی ھەرێم بێنێت، كە بەداخەوە ھاتووە كارتی كۆچبەرانی بەكار ھێناوە و ھەوڵی داوە سومعەی ھەرێمی كوردستان لەكەدار بكات، هەمووشمان بینیمان لە دەرەوە پەكەكە چۆن ھەوڵی لەكەداركردنی سومعەی ھەرێمی كوردستانی داوە".

دكتۆر دیندار زێباری دەشڵێت: ''لە سلێمانی خەڵكێك دەستگیر كراوە و ئەوانەی گیراون ناسراون و زانیاریی تەواو ھەیە کە سەر بە پەكەكەن و لە لێكۆڵینەوەكانی داھاتووشدا ئەوە باشتر ڕوون دەبێتەوە.''

زۆرترین بینراو