بەرپرسی لقی 26ـی گوڵان: قسەكانی پەرلەمانتارێكی یەكێتی، بۆ مزایەدە و چەواشەكارییە

بەرپرسی لقی 26ـی گوڵان: قسەكانی پەرلەمانتارێكی یەكێتی، بۆ مزایەدە و چەواشەكارییە

هاوسەری پەرلەمانتارێك پێشمەرگە نەبووە و بە پلەی رائید خانەنشینە

 

" بەرگریكردن لە ژەهرخواردن پێویستی بەچەكی قورس و باجەری درع نییە"

زاری كرمانجی-چۆمان:

رۆژی 4ـی ئەم مانگە،  لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی سەوز لە لێدوانێكیدا بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی رایگەیاند، قەڵا سەربازییەكانی باڵەكایەتی ببەن بۆ قەرەچووخ، خەڵكەكە خۆی دەتانپارێزێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەیەوێ بەم لێدوانە ئەمنییەتی ناوچەی باڵەكایەتی بە دەردی ئاساییشی ناوچەكانی كفری و كەلار و سنووری پارێزگای كەركووك ببات كە گروپە چەكدارەكان و تیرۆریستانی داعش بە ئاشكرا خەڵك دەكوژن.
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ـی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی گووت" ئەم لێدوانەی ئەو ئەندام پەرلەمانە خەڵكی سنوورەكەی ئێمەی نیگەران كرد، چونكە ئەو هێزەی لەو قەڵا سەربازییانە لە دەڤەری باڵەكایەتی جێگیركراوە، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە حزبەكەی ئەو ئەندام پەرلەمانە بەشدارە لە حكوومەتی هەرێم. هاتنی هێزی پشتیوانی یەك بۆ پاراستنی سنوورەكان و سەقامگیری ئارامی دانیشتووانی دەڤەری باڵەكایەتییە، لە راستیدا چاوەڕوانمان نەدەكرد بۆچوونی پەرلەمانتارێك بەم شێوەیە بێت كە خزم و كەسوكار و گوندەكەی ئەو ئەندام پەرلەمانەش دەپارێزن، ئەمە لێدوانێكی چاواشەكارانەیە.
زیاتر گووتی" لەوكاتەی ئەو هێزە هاتوونەتە ئەم سنوورە و جێگیر كراون، دانیشتووانەكەی لە هێمنی و ئارامی دەژین، كە پێشتر بەهۆی جموجۆڵی سەربازی لایەنێكی چەكدار لە ناوچەكە ئارامی نەمابوو، بەپێچەوانەی پێشووتر ئێستا رێگری لە خەڵك و گوندنشینان و ئاژەڵدار و جووتیاران ناكرێت، خەڵك لە ئارامی و سەقامگیری دەژین و ئەو هێزەش نەبوونەتە بەربەست بۆ خەڵك، بەڵكو هەوێنی ئارامی و ئاساییشن".
بەرپرسی لقی 26ـی گوڵان لەسەر قسەكانی ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەكێتی، دەشڵێت" هێزی پێشمەرگە لە هەر شوێنێك بێت ئەركی خۆی بە وەفاداری و نیشتمانپەروەری جێبەجێ دەكات، بەڵام هەمیشە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی هاوشێوەی لوقمان وەردین دژایەتی حكوومەتی هەرێمن و چاویان بە ئاساییش و هێمنی ئەو ناوچانە هەڵنایەت كە لەسایەی سەری پێشمەرگە قارەمانەكان خەڵك لە ئاسوودەیی دەژین".

بەرپرسی لقی 26ـی گوڵان ئاشكراشی كرد" ئەگەر ئەو ئەندام پەرلەمانەی فراكسیۆنی سەوز ئەوەندە لە خەمی هێزی پێشمەرگەدایە، با هاوسەرەكەی خۆی بباتە سەنگەرەكانی بەرگری و لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكان بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان بكات، چونكە بە پلەی رائید خانەنشین بووە و پێشتر بندیوار بووە و ئێستا مووچەكەی بۆ دەچێتە ماڵەوە!".
هەر لەسەر قسەكانی ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەكێتی، بەهمەن كاك عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان گووتی" هەمەر و باجەرەكانی دەوروبەری دەباشان و ناو شاری سلێمانی ببەنە سەر بەنداوی كفری و ناوچەی كوڵەجۆ ، خەمی قەرەچووختان نەبێت".
زیاتر گووتی" هەركاتێك نیشتمان بریندار دەبێت و خوێنی پێشمەرگە بەدەستی تیرۆریستان یان دوژمنانی كوردستان دەڕژێت، پەرلەمانتارەكانی یەكێتی و سیاسییەكانیان دەست دەكەن بەموزایەدە و بیانوو هێنانەوە و لێدان لە حكوومەتی هەرێم و پارتی، یەكێك نەزانێت سنوورەكانی خۆیان زۆرجوان پاراستووە و نەبووەتە جێگەی تەراتێنی هێزی تر".

كاك عەبدوڵڵا، لە درێژەی قسەكانی بۆ وەردی دەڵێت" جەنابی وەردی و حزبەكەی باش دەزانن كەبردنی هێزی سەربازی و دروستكردنی قەڵای سەربازی لەسنووری باڵەكایەتی، بۆ ئەوەیە كە ئەو ناوچانەش وەك ناوچەكانی تری سنووری پەكەكەی هاوپەیمانیان پێشكەشی سوپای توركیا نەكات و ئەو ناوچانەش وەك شاری سلێمانی و پێنجوێن و قەرەداغ و سەرتەكی بەمۆ پەكەكە نەیكاتە شوێنی تەراتێنی خۆی و سەرانە وەرگرتن لە خەڵكی ناوچەكە، خێرە بەحزبەكەت نەگوتووە ئەو هەموو (هەمەر و باجەر و ئۆتۆمبێلە درع و چەكە قورسە)ـی لەناو شاری سلێمانی و دەباشان و دەوروبەری لالەزار داتان ناوە بۆ نایبەن بۆ دەوروبەری كفری و كوڵەجۆ، خۆ خوانەخواستە سلێمانی مەترسی داعشی لەسەر نییە ! یان خۆ بەرگریكردن لەژەهرخواردن پێویستی بەچەكی قورس و هەمەر و باجەری درع نییە".
لەلایەكی دیكەوە قسەكانی لوقمان وەردی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نیگەرانی خەڵكی لێكەوتەوە و زۆرێك لە بەشداربووان ئاماژەیان بەوەداوە ئەگەر ئەندام پەرلەمانێك چاوی بە ئارامی و ئاساییشی ناوچەكەی خۆی هەڵنەیەت، چۆن دەتوانێ لە پەرلەمان داكۆكی لە مافی خەڵك بكات، پێویستە لە پەرلەمان داوای لێبوردن لە خەڵكی باڵەكایەتی بكات و لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت، نەك پێی ئاسایی بێت ناوچەی باڵەكایەتی ببێتە مەیدانی جەنگ و بە رۆژی رووناك خەڵك بڕفێنن و ئەویش لە پەرلەمان لەسەر حسابی دەنگی سەرۆك لیستەكەی بژیت".

 

 

زۆرترین بینراو