لێگەڕێن با خۆیان بژین

کارزان هەورامی - پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەبواری ژینگە
ھەڵمەتی پێدانی خواردن بە ژیانی کێوی، ھەڕەمەکییەو ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە، نەک یارمەتی مانەوەی باڵندەو ژیانی کێوی نادات، بە پێچەوانەوە دەبێتە مەترسی گەورە لەسەر ھەمەجۆری زیندەوەران لە ژینگەداو ھەڕەشەی جدی لەسەر تەندروستی گشتیی مرۆڤ، بە کەلتورکردنی ئەم دیاردەیە، زیانی گەورە لە ژیانی کێوی دەدات و دەبێتە ھۆی لە ناوچونی جۆرە کێوییەکانی گیانەوەران.

سروشت زۆر جوان زیندەوەرانی ڕاھێناوە لەگەڵ خۆیدا، ئەوانیش زۆر زیرەکانە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان خۆیان گونجاندوە، ھیچ پێویست بە ھاوکاری مرۆڤ ناکات، تەنھا ئەوەندە بەسە کە دەست لەژیانیان وەرنەدەین.

خواردن پێدانی زیندەوەرە کێویەکان، لە راوکردنیان مەترسیدارترە و لە ھەندێک وڵات بە یاسا  وەک چۆن ڕاوکردن قەدەغەکراوە، خواردن پێدانیشیان یاساغکراوەو دەچێتە چوارچێوەی ھەراسانکردنی ژیانی کێویەوە و سزای پێویستی بۆ دانراوە.

ھەر زیندەوەرێک لە ژینگەیەکی تایبەتدا دەژی، ھەموو ئەندام و پێکھاتەو ڕەفتارو خواردنی ئەوزیندەوەرە تایبەتمەندی خۆی ھەیەو ڕاستەوخۆ بەژینگەکەیەوە بەندە، جیاوازە لە زیندەوەرانی تر ئەوگیاندارانەی کە جۆرو ژینگەیان جیاوازە، خواردنی مرۆڤ ھیچ تەندروست نییە بۆ زیندەوەرە کێویەکان، پێکھاتنی جەستەو، تەندروستی و دواجار ڕەفتاریان دەگۆڕێت، لە ئەنجامدا لەناودەچن.

لە لایەکی ترەوە، ئەم دیاردەیە دەبێتە ھۆی لەدەستدانی توانای گەڕان و دۆزینەوەی خواردن لە ژینگە ڕەسەنەکەی خۆیاندا، بەمەش ناچاردەبێت پشت بەم خواردنە ئامادانە ببەستێت و بەرەو ئەوشوێنانە دێن کە مرۆڤ نیشتەجێیە تێیدا، لەم بارەشدا نە ژیانی مرۆڤ پارێزراو دەبێت لە ڕووی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، نە زیندەوەرە کێویەکان لە روی ڕاوکردن و بەرکەوتنیان بە ئۆتۆمبێل و جەنجاڵی شارو ڕێگاکانی ھاتووچۆ.

زۆرترین بینراو