سەرۆكی شارەوانی باڵەكیان: بە گوژمەی 170 ملیۆن دینار چەندین پڕۆژەیەك جێبەجێ‌ دەكرێن

سەرۆكی شارەوانی باڵەكیان: بە گوژمەی 170 ملیۆن دینار چەندین پڕۆژەیەك جێبەجێ‌ دەكرێن

دیدار: پشتیوان كەریم- سۆران:

سەرۆكی شارەوانی باڵەكیان لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا تیشك دەخاتە سەر كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان و دەشڵێت: "ئەمساڵ زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانمان لە بودجەی پەرپێدانی پارێزگای هەولێرەوە بووە.
فازیل عەزیز، رایگەیاند: "سنووری شارەوانی باڵەكیان لە چەند گەڕەكێكی بناری گۆڕەزوو زارگەلی و سەنتەری باڵەكیان پێكدێت، لەسەرەتای دروستبوونی شارەوانی باڵەكیان لە ساڵی 2001وە تائێستا ژماریەكی زۆری پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دراون، وەك كۆنكرێت كردن و قیڕكردنی شەقام و كۆڵان و دروستكردنی ئاوەڕۆ و زێراب و كربستۆن ... هتد.
گووتیشی: "كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای هەبوونی قەیرانی دارایی لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەردەوام بووە، ئەمساڵ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانمان بە دوو قۆناخ جێبەجێ دەكرێن، یەكێكیان بریتییە لە كۆنكرێت كردنی شەقامە ناوخۆیەكان بە رووبەری 4 هەزار و 320 مەتر دووجا، قۆناخی دووەمیش بریتییە لە قیڕكردن بە چینی بایندەر بە رووبەری 4 هەزار و 600 مەتر دوجا، لەسەر بودجەی پەڕەپێدانی پارێزگای هەولێر، لەلایەن كۆمپانیای هۆزان كاری جێبەجێ كردنی بۆ دەكرێت، كاركردن تێدا تەواو  بووە، ئەوانەی كە ماوەن لە ئایندەیەكی نزیك دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها ئەو پڕۆژانەی ئێستا لە سەنتەری باڵەكیان جێبەجێ‌ دەكرێن، گوژمەكەی بریتییە لە 170 ملیۆن دینار، بودجەكەی لەلایەن پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ تەرخانكراوە.
لەبارەی جیاكردنەوەی سنووری باڵەكیان، لەگەڵ ماستەر پلانی شارەوانی سۆران، فازیل عەزیز دەڵێت: " سنووری شارەوانیمان لەگەڵ قەزای سۆران لە رووباری باڵەكیان جیاكراوەتەوە، داواشمان كردووە بۆ دانانی ماستەر پلان تایبەت بە خۆمان پێویستە رووپێوی ئەنجام بدرێت، تا بتوانین كار لەسەر ماستەر پلانی تایبەت بە شارەوانی باڵەكییان بكەین، هەروەها شارەوانی باڵەكیان لەگەڵ ناحیەی دیانا ئەژمار دەكرێت و هەر پڕۆژەیەك دەربچێت لە سنووری ناحیەی دیانا، شارەوانی باڵەكیان بەشی بۆ دیاری دەكرێت، لەئێستاشدا زۆربەی پڕۆژە گرنگەكانمان بەركەوتوون و كاری بەردەوامیش دەكەین، بۆ ئەوەی لە رووی خزمەتگوزارییەوە باڵەكیان بگەیەنینە ئاستێكی باشتر.
لەدوا قسەكانیدا رایدەگەیەنێت: "بەهیواین بەبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر ئەنجام بدرێن و تەواوی ئەو كەم كوڕیانەی كە هاووڵاتییان هەیانەو داوا دەكەن كاری لەسەر بكرێت و بتوانین بە هەماهەنگی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بكەین،  هیواخوازیشین لە داهاتوودا باڵەكیان بكرێت بە ناحیە، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بە دانیشتووانی سنوورەكەمان بكەین و ئەو گرفتانەی كە هەن  بە ئاسانی چارەسەر بكرێن، لەهەمانكاتیشدا بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سۆران بكرێت بە گشتی كارئاسانی تەواو دەهێتە ئاراوە و بە ئاسانی دەتوانین زیاتر خزمەت بكەین".

زۆرترین بینراو