مەسرور بارزانی: هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارانی هێرشە تیرۆرستییەکەی شەوی ڕابردوو دەکەین

مەسرور بارزانی: هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارانی هێرشە تیرۆرستییەکەی شەوی ڕابردوو دەکەین

زاری كرمانجی - سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بریندارانی هێرشە تیرۆرستییەکەی شەوی ڕابردووی تیرۆرستانی داعشی کرد و  ڕایگەیاند، هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارانی دەکەین، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێمە ئەگەر دڵنیابین حکوومەتی عێراق وەکو پێویست هەنگاوی جددی ناگرێتە بەر ئەوا ئێمە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ناکەینە قوربانی هیچ شتێک.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کودستان ئەمڕۆ هەینی بریندارانی هێرشە تیرۆرستییەکەی شەوی ڕابردووی تیرۆرستانی داعشی بەسەر کردەوە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواستن و ڕایگەیاند: هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارانی دەکەن.

هەر لە میانەی سەردانەکەیدا سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) سەبارەت بە چارەسەرکردنی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان ڕایگەیاند: ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عیراق قسەمان کردووە بۆ پێکهێنانی لیوایەکی هاوبەش بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە ئەگەر بزانین حکوومەتی عێراق وەکو پێویست هەنگاوی پێویست ناگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە لەو شوێنانە، ئەوا ئێمە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ناکەینە قوربانی هیچ شتێک و قوربانی بە خەڵکی خۆمان نادەین، هەروەها ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر.

سەبارەت بە هاوپەیمانانیش سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند: هاوپەیمانان لە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆرستانی داعش هاوکارییان کردووین، داوا دەکەین ئەو پێداویستییانەی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستیانە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆرستان دابین بکرێت کە بەداخەوە ڕێگری لەبەدەستگەیشتنی ئەو هاوکارییانە دەکرێت.

مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و هاوپەیمانان قسەمان کردووە لەسەر ئاستی وەزارەتی پێشمەرگەش لەگەڵ ئاستی وەزارەتی بەرگری عێراق چەندین کۆبوونەوەمان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە ناوچە جێناکۆکەکان بوونیان هەیە، هیوادارین کۆبوونەوەکانمان تەنها بۆ کۆبوونەوە نەبێت، بەڵکو بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان بێت.

 

زۆرترین بینراو