هۆشیار زێباری بەرەو لووتكەی دەستهەڵاتی كۆشكی سەلام

هۆشیار زێباری بەرەو لووتكەی دەستهەڵاتی كۆشكی سەلام

زاری كرمانجی- ئیدارەی سۆران: 

كێبڕكێ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە سەر خستنی كاندیدەكانیان بۆ كۆشكی كۆماری عێراق بەردەوامە.
پارتی بە هۆی ئەو رێككەوتنانەی كە پێشتر لەگەڵ سەدر و محەمەد حەلبووسی كردوویانە لە سەركەوتنی هۆشیار زیباری دڵنیان، بە تایبەتی كە تا ئێستا زیاتر لە 180 دەنگی مسۆگەریان لە پەرلەمانی عێراقی هەیە، ئەگەری ئەوەش هەیە ژمارەی دەنگەكان زیاتر بكرێن، هەر لەو چوارچێوەیەش وەڤدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرۆكایەتی هۆشیار زیباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار چەند رۆژێكە لە بەغدان، بۆ زیاتر بەدەست هێنانی دەنگ.
لەلای خۆشیانەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە وەڤدێكی باڵاوە لە بەغدان و دەستیان بە جموجۆل كردووە، بۆ بەدەست هێنانی دەنگی پێویست بۆ د. بەرهەم سالحی كاندیدیان، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكەن و دەیانەوێت قەناعەت بە لایەنەكان بهێنن، تا دەنگ بە كاندیدەكەیان بدەن، هەرچەندە ئاماژەكان وای دەردەخەن چانسی مانەوەی بەرهەم ساڵح لە كۆشكی سەلام زۆر لاوازە، بەڵام بەپێی قسەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتییان كە لە راگەیاندنەكان و ئۆرگانەكانی یەكێتییەوە بڵاویان كردۆتەوە، " هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ سەرخستنی كاندیدەكەمان".
هەر چەندە دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە كە پارتی كاندیدی خۆی دەكشێنێتەوە و تەنها وەك كارتێكی گوشار بەكاری هێناوە بۆ سەر یەكێتی، بەڵام عەرەفات كەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی رایگەیاند" كاندید كردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق تاكتیك نییەو بەهیچ شێوەیەك نایكشێننەوە".
عەرەفات كەرەم لە تویتێكدا ئاماژەی بەوە كردووە"هۆشیار زێباری كاندیدی ئێمەیە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، كاندیدكردنیشی تاكتیك نییە، بەڵكو بڕیاری كۆتاییەو بەهیچ شێوەیەك ناكشێنرێتەوە."
شاخەوان عەبدولڵا، ئەمڕۆ بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن قسەی كردووە و ئاماژەی بەوە داوە " ژمارەیەك لەو كەسانەی سیڤیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار ئاراستەی لایەنی پەیوەندار كردبوو، داواكەیان رەتكراوەتەوەو لە چەند رۆژی دادێش ناوی زۆر كەسی دیكەش رەت دەكرێتەوە".
زیاتر گووتی" دەبێ تا رۆژی 8-2-2022 سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرێت".

 

زۆرترین بینراو