ویژدان و به‌رپرسیارییه‌تی نمره دانان

نوسه‌ری به‌ناوبانگی میسری نه‌جیب مه‌حفوز ده‌لێ" مامۆستا گه‌وره‌ترین و شكۆمه‌ندترین پیشه‌ی هه‌یه، كه له سه‌ر ده‌ستی ئه‌و هه‌موو پیشه‌كانی تر ده‌رده‌چن".
مامۆستا ئه‌و كه‌سه‌یه كه منداڵ له ته‌مه‌نی چوار ساڵیه‌وه ده‌یبینێ به به‌رده‌وامی و زۆربه‌ی كاته‌كان له‌گه‌ڵی دایه و په‌روه‌رده‌ی ده‌كات و فێری ده‌كات و زانیاری به سوودی پێ ده‌دات له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌مان سۆزی باوك و دایك به قوتابی ده‌به‌خشێت، جودا له‌وانه‌ی باسمان كرد مامۆستا په‌یوه‌ندییه‌كی ویژدانی بێ سنووری له‌گه‌ڵ قوتابی هه‌یه و جێگای متمانه و دڵنیایی و دڵنه‌وایی قوتابییه هه‌میشه، ده‌توانین بلێن مامۆستا هه‌رده‌م دایك و باوكی قوتابییه و نموونه‌ی هه‌ره به‌رزیه‌تی.
به پێی زانیارییه‌كان ژماره‌ی مامۆستا له هه‌موو جیهان له ساڵی 2022 زیاتره له (48)ملیۆن مامۆستا و له ساڵانی داهاتوو به نزیكه‌ی له ساڵی 2030 جیهان پێویستی به نزیكه‌ی (69)ملیۆن مامۆستا ده‌بێت، گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین چ له ڕووی چۆنایه‌تی و یان چه‌ندایه‌تی كه هه‌ردووكیان گرنگی و بایه‌خی ئه‌و پیشه به نرخ و شكۆمه‌نده ده‌رده‌خه‌ن، بۆیه پێویسته مامۆستایان زۆر به هه‌ستیاری و ئاگایی و به ویژدانه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ قوتابیان بكه‌ن له یه‌كه‌م رۆژی ده‌ست پێكردنی ده‌وام تا كۆتایی هاتنی ده‌وام، به تایبه‌ت كاتی تاقیكرنه‌وه‌كان و نمره‌دانان به‌وپه‌ری دادپه‌روه‌ری و ویژدانییه‌وه تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌نجام بده‌ن و نمره‌كانیش به دادپه‌روه‌ری بۆ قوتابیان دابنێن به پێی وه‌ڵام و توانا و زیره‌كی قوتابییه‌كان، هه‌رگیز نابێ و ناكرێ لێره‌و له‌وێ كه زۆربه‌ی ساڵان له هه‌ندێ له قوتابخانه‌كان دووباره و چه‌ند باره ده‌بنه‌وه، منداڵی به‌رێوه‌به‌ر یان یاریده‌ده‌ر یان مامۆستایان فه‌رز ده‌كه‌ن به سه‌ر منداڵه‌كانی تر و پله‌ی یه‌كه‌می و دووه‌می و یان نمره‌ی به‌رز به خۆڕایی ده‌ده‌نه منداڵی به‌رێوه‌به‌ر و مامۆستاكان كه ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ری بێ ویژدانی و ناعه‌داله‌تییه و زۆر دووره له پیشه‌ی دڵسۆزی مامۆستا، له هه‌مان كاتیش‌دا متمانه و دڵنیایی له ناو مامۆستا و قوتابخانه و په‌روه‌رده و فێركردن ناهێلێ و ده‌رئه‌نجام كۆمه‌ڵگه و په‌روه‌رده و فێركردن لێك داده‌بڕێنێ و له یه‌كی دوور ده‌خاته‌وه، كه له بنچینه‌دا كۆمه‌ڵگه بونیاد ده‌نرێ له سه‌ر په‌روه‌رده و فێركردنی ته‌ندروست و دادپه‌روه‌ر، بۆیه به‌رێوه‌به‌ر و كارگێڕی قوتابخانه‌كان نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك بوار بده‌ن و بهێلن منداڵی كارمه‌نده‌كانی قوتابخانه‌كان به گشتیی فه‌رز بكرێن به سه‌ر منداڵی تر، كه له هه‌مان كاتیش‌دا پێویسته به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌كانیش به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌ی توند بكه‌ن له سه‌ر هه‌بوونی هه‌ر نادادی و جیاوازییه‌ك له نمره‌دانان له نێوان قوتابیان ئه‌گه‌ر به‌دی كرا، چونكه به گشتیی ئه‌و جۆره جیاوازی و نادادییه به سته‌م و چه‌وساندنه‌وه و داڕمان و داڕوخان و خه‌فه‌ت و كۆڤان جێ ده‌هێلی له دڵ و ده‌روونی قوتابیان، كه هه‌میشه ده‌بینێ منداڵی به‌رێوه‌به‌ر یان مامۆستاكان هان ده‌درێن و خه‌ڵات ده‌كرێن و گرنگی و بایه‌خی زیاتریان پێ ده‌درێ له ناو پۆل و له قوتابخانه و بگره له كۆتایی ساڵ یه‌كه‌م و دووه‌م ده‌بێ بۆ ئه‌و منداڵانه بێ، منداڵه‌كانی تر ده‌بێ به كۆمه‌لێ حه‌سره‌ت و ڕق و كینه‌وه ناچار ڕازی بن كه ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ئه‌و منداڵانه ڕقیان له ده‌رس و مامۆستا و پۆل و قوتابخانه و دایك و باوك و كۆمه‌ڵگه‌ش بێته‌وه، ئه‌و كات ئه‌و كه‌سه كه گه‌وره‌ش بوو ئه‌و سته‌م و جیاوازییه له بیر ناكه‌ن و دڵیان پڕ له ڕق و كینه ده‌بێت، چونكه به خۆڕایی له منداڵیه‌وه ڕه‌نج و ماف و ماندوو بوون و شه‌ونخونی و زیره‌كی ئه‌وان به ناهه‌ق درا به كه‌سی تر، چونكه باوكیان یان دایكیان به‌رێوه‌به‌ر یان مامۆستا بووه له قوتابخانه‌كه، بێ شك كاریگه‌ری خراپ و نه‌رێنی دروست ده‌كات له سه‌ر كه‌سایه‌تیان له سه‌ر پاشه ڕۆژیان.
بۆیه پێویسته مامۆستا هه‌میشه به‌وپه‌ری یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ قوتابیان بكه‌ن به گشتیی هه‌موویان به مه‌ودای یه‌ك دووری ئه‌گه‌ر منداڵی خۆشیان له پۆل بوو ئه‌وه‌یه پیشه‌ی ڕاسته‌قینه و دروستی مامۆستایه‌تی، له‌و كاته‌دا هه‌موو قوتابییه‌كانی تریش منداڵی مامۆستایان خۆش ده‌وێت و هه‌ست به نادادی و جیاوازی ناكه‌ن، بێگومان بۆ پاشه ڕۆژی منداڵه‌كانیان و كه‌سایه‌تی خودی مامۆستاكه‌ش زۆر گرنگ و پێویسته. به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كانیش هه‌میشه ده‌بێ به ڕۆڵی سه‌ركرده‌ی په‌روه‌رده‌یی ده‌ربكه‌ون و ڕه‌فتار بكه‌ن و كه‌مته‌رخه‌م نه‌بن و هه‌رگیز نه‌هێلن منداڵی خۆیان یان مامۆستاكانی قوتابخانه ماف و ماندووبوونی منداڵی تری بدرێتێ، جگه له ڕووخان و داڕمانی په‌روه‌رده‌یه، به‌ڵكو كارێكی بێ ویژدانی و نا په‌روه‌رده‌ییه و له‌گه‌ڵ هیچ پێوه‌رێكی په‌روه‌رده‌یی و ڕه‌وشت و كه‌سایه‌تییه‌ك ناگرێته‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌كان هه‌میشه رێنمایی به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كان بكه‌ن و ئاگاداریان بكه‌نه‌وه له هه‌بوونی هه‌ر شێوازێكی له‌و جۆره لێپرسینه‌وه له كه‌مته‌رخه‌م بووان ده‌كه‌ن و سزای توندیان ده‌ده‌ن له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافی په‌روه‌رده و فێركردن بۆ هه‌مووان وه‌كو یه‌ك.
به‌رێوه‌به‌ری گشتی/ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده
ماسته‌ر له كارگێڕی په‌روه‌رده‌یی