رووسیا : سەرۆك بارزانی بە پێشەوای نەتەوەی كورد دەزانێت

رووسیا : سەرۆك بارزانی بە پێشەوای نەتەوەی كورد دەزانێت

"كورد هیچ كاتێك نەبووتە هۆكار بۆ تێكچوون یان زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەو وڵاتە"

موڕشید برادۆستی-سۆران: 
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای رووسیا بە سەرۆكایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و جێگری وەزیری دەرەوە گەیشتە هەولێری پایتەخت،  لەگەڵ سەرۆك بارزانی و بەرپرسە باڵاكانی دیكەی هەرێم كۆبوویەوە و گفتووگۆ لە بارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق، ناوچەكە و برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا كرا.
مەسرور بارزانی، لە پێگەی تایبەتی خۆی بڵاوكردەوە نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی رووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە سڵاو و رێزی سەركردایەتیی رووسیای پێگەیاندین، هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی دیاری سەرۆك بارزانی كرد، كە رووسیا وەك پێشەوای نەتەوەیی كورد دەبینێت. 
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا باسی لە پێگەی گرنگی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی وڵاتەكەی لە گەڵ هەرێم كرد و جەختی لەوە كردەوە، كە پێویستە بیروبۆچوونەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەربارەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییەكانی هەرێمی و ناوچەكە، لە بەرچاو بگیرێت.
لە دیدارێكی تایبەت لە رۆژی 1ی  ئەم مانگە، لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە میخاییل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و شاندێكی یاوەری كرد، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا سڵاوی سەرۆك پووتین و وەزیری دەرەوەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند، جەختی لە بایەخ و پێگەی گەلی كوردستان و رۆڵی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە كردەوە، ئەوەشی خستەڕوو كە بە لای رووسیاوە هەرێمی كوردستان، رۆڵێكی گەورە لە عێراق و ناوچەكە دەگێڕێ و فاكتەری سەقامگیرییە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئۆكتۆبەری رابردوو ئاڵوگۆڕكران.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا وێرای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و رووسیا، رۆڵی مێژوویی بنەماڵەی بارزانی لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە بەرز نرخاند و خوازیاری ئەوەش بوو كە پەیوەندی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر ببینێت.
تەها ناوەندی، چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی گووت" رووسیا دوای شكەستی لە  شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆفیەت، ستراتیژیەتی دوو جەمسەری وەلانا كار بۆ فرە جەمسەری دەكات، ئامانجیشی ئەوەیە جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەموو وڵاتان ئاسایی بكاتەوە، بەوەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر پێگەی سیاسی و  ئابووری وڵاتەكەی دەبێت.
بە گووتەی ئەو چاودێرە سیاسییە، پەیوەندی كورد و رووسیا رەگ و ریشەیی میژوویی هەیە، رووسیەكان جگە  لە بەرژەوەندییە ئابووریەكانییان، جۆرێك لە خۆشەویستییان لەگەڵ نەتەوەی كورد هەیە، كە بەشێكی  بوونی كوردە لەو وڵاتە و چوونی بارزانی نەمر و لەشكرەكەی بە دەستپێك و دانانەوەی بەردی بناغەی پەیوەندی كورد و رووسیا دادەنرێت.
زیاتر دەڵێ" كورد هیچ كاتێك نەبووەتە هۆكارێك بۆ تێكچوون یان زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاكانی رووسیا، بۆیە بە چاوی رێزەوە سەیری كورد كردووە، ئێمە بەشێكین لەعێراق، ئەگەر بەپیی یاسا نێودەوڵەتییەكان مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت ئەوا ئاستەنگی زۆرمان لە پێشدایە لەوانەیە نەتوانرێت ئەو پەیوەندییە دروست بكەین كە رووسیا ببێتە پشتیوانی پڕۆژەی سیاسیمان،  بەڵام حكوومەتی هەرێم، سەركردایەتی سیاسی، پێگە و قورسایی سەرۆك بارزانی توانراوە جۆرە پەیوەندییەك ‌بنیاد بنێت و متمانە دروست بكەن كە ببێتە هۆی هاتنی كۆمەڵێك كۆمپانیای گەورە و پابەندیان بكەن بە یاساكانی هەرێم و بەرژەوەندیان لێرە دروست بكەن.
ناوەندی، دووپاتی كردەوە" بۆ ئەوەی وڵاتێكی زڵهێزی وەك رووسیا پشتگیری مافەكانمان بێ، پێویستە كەم و كوڕیەكانمان چارەسەر بكەین، تا ئیستا لەسەر پڕۆژەیەكی سیاسی تۆكمە و باوەڕپێكراوەی گشتگیر و  یاسایی كۆك نین، كەی توانیمان دەستوورێكی هەمیشەیمان هەبوو لەناو دەستووردا مافە سیاسییەكانمان جێگیر كرد،‌دڵنیام رووسیا یەكەم دەوڵەت دەبێت دانی پێدادەنێت.
ئیسماعیل گوندەژۆری، چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی گووت" سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان، بەهۆی سیاسەت و لێهاتووە دیبلۆماسییەكانی سەركردایەتی پارتی، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی، بووە ئەو زەمینە سازەیە ئەمڕۆ وڵاتێكی زڵهێز و گەورە مامەڵەی بڕوا پێكراو لەگەڵ هەرێم بكات، سەرچاوە هۆكاریەكان و مێزە گفتووگۆیەكان دیاریان خست نوێنەری رووسیا ئەو راستیە بدركێنێ، وێرای ئەوەش ئایندەی حكوومەتی هەرێم و كار بەدەستانی ئەو حكوومەتە ئاسانتر و گونجاوتر دەتوانن كارە ئیداری، رامیاری، ئابووری و زۆر رووی تریش فەراهەم بكەن، بۆیە ئەوەی لە ئێستادا لە سیاسەت دەخوێندرێتەوە لە سایەی سەرۆك بارزانی، ئایندەی گەلی كورد بەرەو ئاقارێكی ئارامتر و پشت ئەستوورتر دەڕوات.
فەیسەڵ سادق، مامۆستای زانكۆ لە سۆران، بە زاری كرمانجی گووت" رووسیا وەكو یەكێك لە هێزە هەرە كاریگەرە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام دەیەوێ جێ پەنجەی بەسەر رووداوە ناوچەیی و جیهانیەكانەوە هەبێت، بەتایبەتی ئەو كێشمەكێشم و گۆڕانكاریانەی بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە، سەبارەت بە عێراق، دیارە ئەو كاریگەریەی سنووردارە ئەویش بە بوونی ئەمریكا وەكو هێزی یەكەمی كاریگەر بەسەر عێراق، دیارە هەرێمی كوردستانیش وەكو بەشێك لە دەوڵەتی عێراق، بەدەر نییە لەو هاوكێشەیە، بەڵام ئەوەی كوردستان جیا دەكاتەوە ئەوەیە تا رادەیەكی باش جۆرێك لە ئارامی ئەمنی و سیاسی و بووژانەوەیەكی ئابووری تیادا هەیە، ئەمەش وای كردووە جێگەی سەرنجی وڵاتانی تر بێت بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی بایەخ بە رەوشی عێراق دەدەن.
روونی دەكاتەوە، خاڵێكی تری جێكاری هەرێمی كوردستان، بوونی كەسایەتیەكی شۆڕشگێڕ و كاریگەر لە ساحەی هەرێمی و نێودەوڵەتی، كە ئەویش خۆ دەبینێتەوە لە مەرجەعیەتی باڵای سەرۆك بارزانی، بێگومان داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بەبێ كوردستان مەحاڵە، لە كوردستانیش وەرگرتنی بڕیاری سیاسی بەبێ پارتی و هەڵوێستی بارزانی ئەستەمە.
ئەو مامۆستای زانكۆ، گووتیشی" ئەو هەڵوێستەی رووسیا بەرامبەر بە سەرۆك بارزانی، پێویستە كورد سوودی لێوەربگرێت، رەهەندە دوورەكەی رووسیا لەم لێدوانەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بە هەموو لایەك بڵێن چارەسەری كێشەی كورد لە هەموو پارچەكانی تر بۆ مەرجەعیەتی بارزانی دەگەڕێتەوە، ئەم حاڵەتەش دەكرێ جارێكی تر بە سوودی كورد تەواو بێت، هەرچەندە ئەگەر رووسیا مەرامێكی دیكەی هەبێت".

زۆرترین بینراو