نزیكەی 500 وارسی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن

نزیكەی 500 وارسی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن


رەمەزان زەكەریا – بارزان :

لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا بە تەرخانكردنی زەوی بۆ 11 هەزار و 141 هاووڵاتی لە میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان .
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزانیش ژمارەیەك وارسی شەهید و ئەنفالكراو لە وەرگرتنی پارچە زەوی سوودمەند دەبن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند:"زەوی بەسەر میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت. 
 فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئاماژەی بەوەكردوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا بە تەرخانكردنی زەوی بۆ 11 هەزار و 141 هاووڵاتی لە میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان.
روونیكردۆتەوە، ئەوەش دوای وردبینیی تەواوی ناوەكان و دڵنیابوون لە بوونی مەرجەكانی تەرخانكردنی زەوی تیایاندا كە ئەمەش لە رێگەی لیژنەیەكی پسپۆڕەوە دەبێت تایبەت بۆ ئەو مەبەستە پێكدەهێنرێت و نوێنەری هەریەك لە وەزارەتەكانی كاروبای شەهیدان و ئەنفالكراوان و شارەوانی و گەشتوگوزاری تیا دەبێت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش هەڵدەستێت بە وردبینیكردنی لیستی ناوەكانی مامەڵەكانی تەرخانكردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، لەگەڵ دابینكردنی زەوی پێویست.
یاسین حەكیم، كورە ئەنفالكراوێكی بارزانییە، بە زاری كرمانجی گووت:" ئێمە وەكو كەس و كاری ئەنفالكراوانی بارزانییەكان پشتگیری لە بڕیار و هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، چونكە بەڕێزیان هەمیشە پاڵپشت بووە و درێغی نەكردووە لە خزمەتكردنی وارسی شەهید و ئەنفالكراوەكان، لە ماوەی رابردووشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری ئەنفالكراوەكان دابەشكرد، دڵخوشین بەم بریارەی حكوومەت بۆ دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەر ئەو وارسانەی كە تا ئێستا سوودمەند نەبوونە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە.
رێبوار رەمەزان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان، بۆ زاری كرمانجی راگەیاند:" بە بریاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 11 هەزار وارسی كەس و كاری شەهید و ئەنفالكراوان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال لە كورستان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پارچە زەوی، وارسی جینۆسایدكراوان لە كوردستان زۆر كەم ماون كە سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی پارچە زەوی پێش ساڵی 2013  هەرچی ناوی وارسی شەهید و ئەنفال هەبووە داومانەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی، دوای 2013 هەندێك جینۆساید خێزانەكانیان لە دەرەوەی وڵات بوونە، هەندێكیان هاوسەری دووەمی هەبووە بەهۆی كێشەی یاسایی ئێستا موچەی هەندێكیان بەستراوە ئێستاش سوودمەند بوونە لە وەرگرتنی پارچە زەوی".
بەڕێوەبەری شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان، گوتیشی:" لە سنووری بەرێوەبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان رێژەیەكی كەم وارسی ئەنفال هەیە كە ژمارەیان 50 كەسە پێشتر سوودمەند نەبوونە و ئێستا سوودمەند دەبن ئەوانەش لەبەر كێشەی یاسایی و دووژنی زەویان وەر نەگرتووە، لە یاساكەدا هاتووە ئەگەر وارسی شەهید سێ هاوسەری هەبێت سێ پارچە زەوی وەردەگرێت ئەوانەی ئێستا وەردەگرن ئەوانەن، لە سنووری بەرێوەبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان نزیكەی 500 شەهید و وارسی ئەنفالكراوان و جینۆساید لە وەرگرتنی پارچە زەوی سودمەد دەبن كە بە بریاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەشدەكرێن".
رێبوار رەمەزان،  ئەوەشی خستەروو:" ئەمە قوناغی 8 و 9 و 10 ی شەهیدو ئەنفالكراوانی كوردستانە پێشتر لە ساڵی 2011 تا ئێستا بە چەند قوناغێك پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان دابەشكراوە ئەوەی لە ماوەی رابردووش سودمەند نەبووبێت لە وەرگرتنی پارچە زەوی ئەمجارە سوودمەند دەبێت كە ژمارەی ئەوانەی ئەمجارە پارچە زەوی وەر دەگرن زیاتر لە 11 هەزار وارسی شەهید و ئەنفالكراوان و جینۆساید و زیندانی سیاسی و رزگاربۆی شاڵاوی ئەنفالە".

زۆرترین بینراو