مەرگی خەونەكان

ئیسماعیل ئیبراهیم

ئەم هەفتەیە ئیدارەی سۆران دیسان پشكی شێری لە قوربانی بەركەوت، قەدەری دانیشتووانی ئەم سنوورە وایە، لە هەر رووداو یا دۆخێكی نائاسایی پشكی شێری بەردەكەوێت، گیان لەدەستدانی باران نووری و دوو گەنجی دیكە لە رێگەی چوون بۆ هەندەران هەموومانی تاساند، لە ناخەوەی برینداری كردین، هەر یەك ئازیزان بۆ گەیشتن بە خەوەكانیان چیرۆكێكی جیایان هەیە، بەڵام بۆ؟.
ئایا كوردستان بە هەموو كێشەكانییەوە ئەو دۆزەخەیە بۆ خەونی گەیشتن بە بەهشتی ئەورووپا ملی رێگەی هات و نەهات بگرینەبەر و مەترسییەكانی ئەو رێگەیە بە هەند وەرنەگرین.
كام وڵاتی ئەوروپا كێشەی ئابووری و بێكاری نییە؟ 
كام وڵاتی جیهان هەیە گرنتی دەستەبەر كردنی ژیانێكی خۆش بۆ كۆچبەران بدات؟
لە كام وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخی ئابووری و ئاسایشی وەك هەرێمی كوردستانە؟
وەك دەبینین شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەدەست بێ كارییەوە دەناڵێن، لەسەر بابەتی مەزهەبی دەكوژرێن، هەژاری تا ئەوە پەرەی مەترسییەوە شۆر بۆتەوە.
دۆخی ئابووری، تەندروستی، كۆمەڵایەتی و سیاسی ئێرانی دراوسێ ئەوەندە ناڵەبارە خەریكە لە داروخان نزیك دەبێتەوە. بە سەدان هەزار بەندكراوی سیاسی هەیە و رۆژانە خەڵك لە سێدارە دەدرێت، سەدان گۆڤار و رۆژنامە و رادیۆ لە ماوەی یەك ساڵ داخران.
دەست خستنی نان و ژەمێكی شایستە بۆ هاووڵاتییانی توركیا بۆتە خەونێك، بە شێوەیەك  ئابووری ئەم وەڵاتە دارووخاوە كە بەدرێژایی مێژوویی خۆیەوە هەرەسی بەم شێوەیە بەخۆیە نەبینیوە.
چەندین ملیۆن هاووڵاتی بیكار و برسی لەو وەڵاتە هەن. مەزنترین وڵاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە زۆرترین گرتووی سیاسی هەیە.
دۆخی سوریا، یەمەن، لیبیا، نەك لە هەرێمی كوردستان باشتر نییە بەڵكو ئەوان خەون بەوە دەبینن دۆخی وڵاتەكەیان وەك هەرێمی كوردستانی لێ بێت.
لە كاتێكدا سەدان هەزار كەسی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوانەی ناوم هێنان بە هۆی بیرو رای جیاوازی سیاسی و ئازادی رۆژنامەوانی و دەربڕینەوە لە زیندانەكانن و سەدانیشیان بە تۆمەتی جیا و بۆ دروستكراو لە سیدارە دراون، لە كام شوێنی هەرێمی كوردستان یەك كەس لەسەر ئازادی رادەربڕین لە سێدارە دراوە، كام راگەیاندنكاری پرۆفشناڵ كە بنەماكانی یاسای كاری رۆژنامەگەری لە كوردستان رەچاو كردبێت لەلایەن دەستەڵاتی كوردستانەوە رووبەرووی گرتووخانە بووبێتەوە، مەگەر كاری خۆی بۆ مەرامی سیاسی و دوور لە ئەتیك و پیشەی رۆژنامەوانی بەكار هێنابێت و زیانی لە ئاسایشی نەتەوەی و كیانی سیاسی هەرێم دابێت.
 كە واتە بۆ دەبێ وڵات بە جێ بهێڵم؟
بەدوای كام بەهەشتی خۆشتر لە كوردستان بگەرێم؟
نەخێر دەمێنمەوە و شكۆی خۆم خێزانەكەم دەپارێزم و نایانخەمە مەترسییەوە.
نایانكەمە قوربانی ئەو رۆئیایەی ناهێتە دی و لەو دیو سنوورەكانەوە نایانكەمەوە پاروویەكی چەور بۆ قرشەكانی ئیجە، و بازرگانانی مرۆڤ و هێزەكانی وڵاتانی بیانی.
 لێرە دەمێنمەوە و ئەوەی بۆی دەچمە ئەورووپا هەوڵ دەدەم لێرە دابینی بكەم، چاكی دەكەم، بینادی دەنێمەوە، دەی بووژێنمەوە، پێشی دەخەم، لەبەر ئەوەی كوردم و تەنها لە كوردستان شكۆم پارێزراوە.
 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو