هێشتا پارتیتان نەناسیوە

پشتیوان كەریم

بەهۆی ئەو ململانێیەی بۆ بابەتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كەوتۆتە نێوان پارتی و یەكێتی و هەر دوولا هەوڵ دەدەن لە رێگەی هەڵبژاردنەوە كاندیدی خۆیان سەربەخەن، هەندێك كەس لە دەرەوەی ئەم دوو حزبە وەك دەستكەوت و هەلێك بۆ لێدانی پارتی بابەتەكەیان قۆزتۆتەوەو هێرش دەكەنە سەر پارتی.
هەندێك لەو نووسەرانە كە گوایە ئەزموونی سیاسیشیان هەیە و لە نێو حزبی دیكە رۆڵ و پێگەیان هەبووە، كۆنە رق و كینەی خۆیان لە رێگەی ئەم بابەتە هەڵدەڕێژن، بە تایبەتی هەندێكیان كادیرانی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانن، لە كاتێكدا بەهۆی دونیا بینینی چەوتیان و چەواشەكارییەكانیان، وایان لە بزووتنەوەی گۆڕان كرد، تاكە كورسییەكیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست نەهێنن، ئەوان تا توانیان لە بەغدا و لە هەرێمیش دژایەتی پارتییان كرد و بۆ لاواز كردنی پێگەی پارتی دەستیان لە هیچ شتێك نەپاراست، هەتا چوونە ریزی نەیارانی كوردەوە، هەرچیان پێكرا بۆ دژایەتی پارتی كردیان، هەتا بۆ لێدانی پارتی هەرێمی كوردستانیان خستە مەترسییەوە، بەڵام دواجار وەك مازیكەری كون دەپاشۆڵی مایە پۆچ مانەوە.
ئێستا هاتوون ئامۆژگاری یەكێتی دەكەن، كە گوایە یەكێتییەكان پارتییان نەناسیوە، جارێ ئەگەر ئێوەو هاوشێوەكانتان هەندە كەسێكی ژیر و سیاسی بان بزووتنەوەكەتان بەو دەردە نەدەبرد، ئەگەر خەڵك ئەوەندە متمانەی پێ هەبانە پێگەی حزبەكەتان تا ئەو ئەندازەیە لاواز نەدەبوو، كە كەس متمانەی پێتان نەمێنێت. جارێ واباشترە ئێوە و هاوشێوەكانتان بچین خولێك بكەنەوە بۆ خۆ ناسین تا خۆتان بناسن ئەو جا ئامۆژگاری لایەنەكانی دیكە بكەن.
مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەندە هەوراز و نشێوی دیوە، كە وەك دار بەڕوو بە شنەی بای ناحەزان و نەیارانی نەجووڵێت.
لایەنەكانی كوردستان و عێراق و وڵاتانی هەرێمی و جیهانیش باش پارتییان ناسیوە بۆیە لەسەر هەر پرسێكی یەكلا كەرەوە لە كوردستان و عێراق دەگەڕێنەوە لای سەرۆك بارزانی، ئەو ئێوەن پارتیتان وەك خۆی نەناسیوە، دەنا هەموو جیهان لە هەیبەتی سەرۆكی پارتی و شكۆی تێگەیشتوون.
ئێوە بەو نووسینانەتان ناتانەوێت خزمەتی یەكڕیزی ناو ماڵی كوردی و بە تایبەتی نێوان پارتی و یەكێتی بكەن، دەتانەوێت لەم نێوەندەدا دەستكەوتێكتان بەر كەوێت، كە بە هۆی هۆشیاری خەڵكەوە ئەو خەونەتان بە مردوویی لە دایك دەبێ. (شوكور هۆشیارە مەحوی).

 

 

زۆرترین بینراو