زمانی نووسینی خۆت چاك بكە

 

د. فاخر عالی خانئاودەلی 

ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕووبەڕووی كەسێكی بێگانە و نەتەوە جیاواز بووبێتەوە، دەزانێت زمان زانین چەندە گرنگە، ئەوكاتەی كە پێداویستی و داخوازییەكی ڕۆژانەمان لە دامودەزگایەكی پەیوەست بە دەرەوەی وڵات دەبێت، هێندەی دیكە تامەزرۆیی زمان زانینت لەلا زیاتر دەبێت. لەم كاتانەدا هەستێكی تایبەتی لەلا دروست دەبێت و هەوڵی فێربوونی زمان دەدات، بۆ تێگەیاندن و پەیام ناردنێكی تایبەت بە داخوازییەكانی هەموو ڕێگەیەك دەگرێتەبەر، ئەگەر هۆكارێكی نزیكی لەبەردەستدا بێت ڕاستەوخۆ پەنای بۆ دەبات و بە ئاسانی پەیامەكەی خۆی دەگەیەنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر هیچ ئامرازێكیشی لەبەردەستدا نەبێت ئەوا دەستەوەستان دەوەستی و هیچی بۆ ناكرێت.
دوای ئەو هەوڵ و شەونخونییەی كۆمەڵێك گەنجی بە توانا و دڵسۆز بە پڕۆژەی نیشتمانی، خزمەتگوزارییەكی سەردەمی و هەنووكەییان بۆ ئاخێوەرانی زمانی كوردی فەراهەمكرد، لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەدا زمانی كوردی چووە نێو مەكینەی گەڕانی گوگڵ و هاوشانی زمانە زیندووەكانی جیهان، لە ئاستی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشكێش دەكات. ئەم كارە مەزنە بە تەنها  دەستخۆشییەك پاداشت ناكرێت، دەبێت لە ئاستێكی باڵادا پاڵپشتی بكرێت، بۆ گەشەپێدان و ڕاستاندنی زیاتری وشەسازی و ڕستەسازی، دەبێت تیمێكی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت و بە ڕژدییەوە كاری لەسەر بكرێت، هەروەها بۆ ڕێزلێنان و هاندانی زیاتری ئەم كۆمەڵە گەنجەی بەبێ ماندووبوون، لێبڕاوانە كاریان لە سەرخستنی ئەم پڕۆژە مەزنە كردووە، خەڵاتێكی شایستەیان پێبدرێت و ڕێزیان لێ بگیرێت. 
خەڵاتی مەعنەوی هاوڵاتیان لەو پێشوازی و دەستخۆشییانەدا بوو كە ئاراستەیان كرا، بە بایەخەوە نرخاندنیان بۆ كرد و دڵخۆشی خۆیان لە بەرامبەر ئەم كارە نایابەدا دەربڕی.
لە كۆتاییدا وەك تێبینی و سەرنجڕاكێشانی بەكارهێنەرانی ئەم خزمەتگوزارییە، دەبێت ئەوە بزانن كە وەرگێڕانی گوگڵ و هاوشێوەكانی، وەرگێڕانی ئەلیكترۆنییە و كاری دەستی و فكری ڕاستەوخۆی مرۆڤ نین، لەبەر ئەوە بێ كەموكوڕی نیە و هەڵەی تێدەكەوێت، ئەگەر دەقە وەرگێڕدراوەكان بە ڕاست و دروستی نووسرابن ئەوە كەمترین هەڵەی وەرگێڕانی دەبێت، ئەمەش بۆ هەموو زمانەكان ڕاستەو تایبەت نیە بە زمانێكی دیاریكراو، واتە ئەگەر كەسێك بابەتێكی زمانی ئینگلیزی بۆ سەر زمانی كوردی وەربگێڕێت و هەڵەی زۆری تێدابێت، مەرج نیە هەموو هەڵەكان هی وەرگێڕە كوردییەكە بێت، لەوانەیە كێشە لە دەقە سەرەكییەكەدا هەبێت. بۆیە ئەوانەی كە نووسینی كوردی بۆ زمانەكانی دیكە وەردەگێڕن، دەبێت نووسینەكانیان بە زمانێكی پاراو نووسرابێت و دووربێت لە ئاڵۆزی و هەڵەی زمانی، ئەگەر نووسینێكی ڕاست و دروستی نەدرێتێ، وەرگێڕانێكی پڕ لە هەڵە وەردەگریت، لەبەر ئەوە پێش ئەوەی وەرگێڕانێكی دڵخوازی خۆت ئەنجام بدەی، زمانی نووسینی خۆت چاك بكە.

زۆرترین بینراو