مەڵێن پۆستمان لا گرنگ نییە

ئیسماعیل ئیبراهیم

بابەتی كاندید كردنی هۆشیار زێباری لە لایەن پارتییەوە  كێچی خستۆتە كەوڵی سەركردایەتی یەكێتی. ئەوان باش دەزانن ئەمجارە سەركەوتنی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری تا راددەیەكی زۆر یەكلایی بۆتەوە، بەڵام لەبەر رای شەقام و بەرز كردنەوەی ورەی ئەندام و لایەنگیرانیان كۆمەڵێك هەنگاو دەنێنن، بە تایبەتی دوای ئەوەی بەهۆی بابەتی ژەهر خوارد كردنی ئەندامانی سەركردایەتی و دەر كردنی لاهوور جەنگی پێگەی جەماوەری یەكێتی كەوتە لێژییەكی زۆر و لە نێو خودی یەكێتی زۆر لە ئەندام و كادیرانیان بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنیان نەكرد.
بۆیە یەكێتی ناچارە بۆ راستكردنەوەی باری لاربوویەوە كۆمەڵێك هەنگاو بهاوێژێت، باشترین بژاردەش بۆ ئەو كارە دژایەتی كردنی پارتییە، چۆن هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ بەهێز كردنی پێگەیان لە نێو شەقامی عەرەبی دژایەتی كورد دەكەن، هەر چەندە داواكەشی راست و مافێكی رەوای نەتەوەیی بێت، بەڵام شەقام بە لارێدا دەبەن، لە هەرێمی كوردستانیش هەر لایەنێك بیەوێت دەنگی شەقام بەلای خۆی رابكێشێت، پەلاماری پارتی دەدات، یا وا خۆیان وێنا دەكەن كە رووبەڕووی پارتی دەبنەوە.
هەر چەندە رابردوو سەلماندنی ئەم وەرەقەیە سووتاوە و ئەوانەی دژایەتی پارتییان كرد، وردە وردە هەڵوەرین، بەڵام یەكێتی ناتوانێت خۆی نوێ بكاتەوە، وانەشی لە رابردوو وەرنەگرتووە، بۆیە بە هەمان هەناسەی ساڵانی رابردوو مامەڵە دەكات، كە ئەمە سەرەتای هەڵوەرینی دیكەیە بۆ یەكێتی.
یەكێتییەكان دەڵێن "پۆست لای ئێمە موهیم نییە، ئەوەندەی شەڕی ئیرادە موهیمە و دەشی كەین"، فەرموو بیكەین كێ دەستی گرتوون، بەڵام درۆ مەكەن، پۆست لای ئێوە لە هەموو شتێك گرنگترە، ئێوە ئامادە نەبوون پۆستی پارێزگای سلێمانی رادەستی گۆڕان بكەین، خەریك بوو هەناسەتان بوەستێت هەتا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمتان بۆ داتاشرا، زۆربەی هەرە زۆری پۆستەكانی سلێمانیتان قۆرغ كردووە لە كاتێك مافی لایەنەكانی دیكەیە، ئێوە لەسەر پۆست خەریكی  كودتا بوون بەسەر یەكتری و ژەهرتان دەخواردی یەكتری دا، لەسەر پۆستەكانی ناو یەكێتی خەریك بوو دەستان بچێتە خوێنی یەكتری، لە ئێستاوە هەڕەشەی هەڵپەساردنی بەشدار بوونتان لە كابینەی حكومەتی هەرێم دەكەن وەك گووشارێك، لە پێناو پۆستی سەرۆك كۆمار،  
ئێوە لە پێناو پۆست نەك نێو ماڵی خۆتان دەخەنە مەترسی نێوماڵی كورد لە باشوور دەخەنە مەترسی، بۆیە مەڵێن یەكێتی پۆستی لا گرنگ نییە.

زۆرترین بینراو