رەوشی ناوچە كوردستانییەكان رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت

رەوشی ناوچە كوردستانییەكان رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت

فەرماندەكانی پێشمەرگە هۆكاری هێرشەكانی داعش بۆ كەمتەرخەمی حكوومەتی عێراق دەگەڕێنەوە

تایبەت بە زاری كرمانجی 
دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، سەری هەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەكی جددی بۆ سەر خەڵكی ئەو ناوچانە، بەردەوام كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، هێزە عێراقییەكانیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە.
داعش سوودی لەو ناوچە چۆڵانە بینیوە كە كەوتوونەتە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكانەوە، زانیارییە سەربازییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن، تا دێت چەكدارە جێماوەكانی داعش خۆیان رێكدەخەنەوە، بۆ ئەوەی لە تێكچوونی زیاتری دۆخی سیاسی و سەربازیی عێراق دەستی خۆیان زیاتر بوەشێنن.
سیروان بارزانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر و مەخموور، دەڵێ" زیادبوونی هێرشەكانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان، بۆ ئەو بۆشاییەی لەو ناوچانە لە نێوان سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقییەكان هەیە دەگەرێتەوە، كە هۆكاری سەرەكییە بۆ زیادبوونی هێرشەكانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە".
لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەیی فەرماندەیی هەڵگورد، بەزاری كرمانجی گووت: "سەرەكی ترین هۆكاری دەرفەت وەرگرتنی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشە تیرۆرستییەكانی دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بۆشایی ئەمنی لە كەركووك و شنگال و هەندێك ناوچەی دیكە سەری هەڵدا".
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد، ئەوەشی خستەڕوو" ئەگەر هەماهەنگییەك هەبێت و رێگە بە هێزەكانی پێشمەرگە بدرێت، هەروەك  2017 كە لە سنووری شنگال تاكو مەخموور، لە هەموو شوێنەكان تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند و باشترین ئەمنیەت و ئاسایشیان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دابین كرد، ئێستاش هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەهەمان شێوە ئەم توانایەی هەیە پارێزگاری لەم ناوچانە بكات، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی ناوەندی و لایەنی ئەمنی ئەو وڵاتە رێگربوونە لەوەی كە هێزی پێشمەرگە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە ئەم ناوچانە و ئەمنیەت و ئاسایشی ئەم شوێنانە بپارێزێت".
عەمید زرار سەدیق پیرەسوەیی، بەرپرسی هێزی سۆرانی پێشمەرگەی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە جموجۆڵی داعش، سوپا و حكوومەتی عێراق خەتابارە، چونكە تا ئەو كاتەی هەماهەنگی نەبێت لەگەڵ پێشمەرگە و ئەو بۆشاییەی هەیە پڕ نەكرێنەوە ناتوانرێت ئەو هێرش و كردەوە تیرۆرستیانەی داعش كۆنتڕۆڵ بكرێن، هۆكارەكەشی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هێزە عێراقییەكان لەناو خۆیان یەك دەنگ و هەماهەنگ نین، بەمەش رێكەوتن لەگەڵ ئەم هێزانە زەحمەتە، ئەگەرنا پێشمەرگە ئامادەیە سەرجەم ئەم سنوورانە بپارێزێت و بەخوێن بەرگری لە نیشتمانەكەی بكات".
ئەو فەرماندەیە، گووتیشی" بەر لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە لە شنگال تا كەركووك و دەورووبەری ئەو سنوورانەی دەپاراست و خەڵكی ئەم ناوچانە سەرو ماڵیان پارێزراو بوو، ئێستاش هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەیە هەموو ئەم سنوورانە بپارێزێت، هیوادارین حكوومەتی ناوەندیش چیتر كەمتەرخەم نەبێت و هەماهەنگ بێت بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە ئەمنییەی كە هەیە پڕبكرێنەوە و بەرگری لە هاووڵاتییان بكرێت و هێرشی داعش و نەیاران تێكبشكێندرێت".
ئەم فەرماندەیەی پێشمەرگە، پێشیوایە "هەر چەند داعش لەبەرامبەر پێشمەرگە ئەوەندە بەهێز نییە، بەڵام ئەم كەمتەرخەمییانەی حكوومەتی عێراق هۆكار بوونە كە تا ئێستا داعش بەدەرفەتی بزانێت، لەم ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە چالاكی بكەن و هێرش بكەنە سەر پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی سڤیل".
مقەدەم جاسم جەبار، فەرماندەی پێشمەرگە، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد" جموجۆڵی چەكدارانی داعش رۆژبەرۆژ زیاتر دەبێت، تەنزیمەكانی خۆیان رێكخستۆتەوە، لە مەخموور تا دەگاتە سنووری داقوق، چەندین كەتیبەیان بە ناوی جیاجیا دروست كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی خۆی لە سووریا هێناوەتە ناوچەكە، بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە و لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بپارێزن تا ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێت، چونكە ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە رۆژبەرۆژ ژمارەی چەكدارانی داعش لەو ناوچانە زیاتر دەبێت و كردەوە تیرۆرستییەكانیش زیاتر دەبن". 

زۆرترین بینراو