سترێس دۆستە یان دوژمن ؟

د. خاڵس قادر ئەحمەد

 

 پزیشكی شارەزا لە نەخۆشییەكانی هەناو و دڵا

لەوانەیە ئەو ناونیشانە جێگای سەرسوڕمان بێت بۆ زۆربەمان، چونكە هەر زانیومانە سترێس دوژمنە و هۆكارە بۆ چەندین نەخۆشی درێژخایەن و كوشندە وەك فشاری خوێن، جەڵتەی دڵ و مێشك و چەندی تر، بەم توێژینەوە زانستییەكانی بواری زانستی دەماری و دەرونزانی رەفتاری  شتێكی ترمان پێدەڵێن، كە دەرئەنجامەكان پێچەوانەی بۆچوون و راستیە زانستییەكانی پێشووترە.
توێژینەوەكان دەریانخستووە سترێس تەنها بۆ ئەو كەسانە كاریگەری خراپ جێدێڵێت كە باوەڕیان وایە سترێس خراپە بو تەندروستیان، هەروها بو ئەوانەش كە لەكاتی سترێسدا دوور دەكەونەوە لە خۆشەویستانیان و هاوكاری خەڵكانی تر ناكەن واتە رۆحی چاكەكاری و خێرخوازیان نییە، لەكاتی سترێس وزەیەكی زۆر لە جەستەی كەسەكە كۆ دەبێتەوە، دەكرێت كەسەكە هێوری بكاتەوە و كپی بكات یاخود دەكرێت بیكات بەسەرچاوەی وزە بو جێبەجێكردنی كارەكانی.
چۆن دەڕوانینە سترێس و بیركردنەوەمان چۆنە دەربارەی سترێس، ئەوە دەریدەخات كە سترێس دۆستە یان دوژمن، هەروها چۆن رەفتار دەكەین لەكاتی سترێس بووندا  كاریگەری زۆرە لە دیاریكردنی ئاڕاستەی سترێسەكە ( دوست یان دوژمن ) بۆ نمونە ئەو خەڵكانەی بەردەوام لە ژێر سترێسن بەڵام كەسانی هاوكار و چاكەكارن و بەردەوام هاوكاری خەڵك دەكەن ئەو كەسانە پارێزراو دەبن لە كاریگەرە خراپەكانی سترێس لەسەر تەندروستیان،  هەروها باوەڕی كەسەكە سەبارەت بە سترێس خاڵێكی هەرە گرنگە لەو بوارە ئەگەر باوەڕت وا بێت سترێس نەخۆشت دەكات ئەوا راست دەكەیت و سترێس نەخۆشت دەكات و پێچەوانەكەشی راستە، لە لایەكی تر سترێس هۆكارێكە بو كۆمەڵایەتی بوونی كەسەكان وەك چۆن لەكاتی ناخۆشی حەزدەكەین خەڵك  و خۆشەویستانمان لە نزیكمان بن،  یاخود كاتێك كەسێكی نزیكمان تووشی كێشەیەك دەبێت زیاتر لە جاران بایەخی پێدەدەین و لەنزیكی دەبین، هۆكارەكەی بو دەردانی هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسینە كە ناسراوە بە هۆرمۆنی خۆشەویستی و پەیوەندی كە لە حاڵەتی سترێسدا بە بڕی زۆر دەردەدرێت و وا لە كەسەكە دەكات حەز بە نزیك بوون بكات لە كەسانی خۆشەویست و نزیك لێی، هاوكات  هەردوو دیاردەی پلاسیبۆ و نۆسیبۆ كە دوو دیاردەی زاندراو و سەلمێندراوی زانستی پزیشكین دەكرێت وەك بنەما بو راستی بۆچوونەكانی سەرەوە ئەژماربكرێن، هەروها دیاردەی گۆڕینی وزەی سۆزی لە نێگەتیڤ بۆ پۆزەتیڤ كە ناسراوە بە ترانسمیوتەیشن دەكرێت بو ئەو مەبەستە بە بەڵگە بهێندرێتەوە.

زۆرترین بینراو