پارتی ئەركی لە لایەنەكانی دی قوورسترە

ئیسماعیل ئیبراهیم

مێژووی دوور و نزیكی نەتەوەیی كورد لە باشووری كوردستان بۆ هەموو تاكێكی هۆشیار روونی دەكاتەوە ئەركی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو لایەنەكانی دیكە قوورستر بووە و قوورستریشە، ئەمەش پەیوەندی بە پێگەی جەماوەری و سیاسی و حوكمڕانی پارتییەوە هەیە، چونكە جگە لەوەی پارتی هەڵقووڵاوی ناخی جەماوەرە لە هەمانكاتیش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستەكانی لە ئاست هەموو ئەو رووداوانەی بەسەر كوردستانەوە هاتوون و چاوەڕێ كراویشە رووبەڕووی ببێتەوە، جا رووداوەكانی ئەرێنی یا نەرێنی بن، دواتر پشكی شێری دەستكەوت و شكستەكان بەر پارتی دەكەوێت، بۆیە دۆخی هەنووكەیی كوردستان لە ئاستی ناوخۆ، عێراق، ناوچەكە و جیهانیش وادەخوازێت پارتی وەك هەمیشە دەستبەرداری مافە شەرعییەكانی خۆی بێت، هەر چەندە بە پێی هەموو لێكدانەوەیەكی دیموكراسی و سیاسی و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پارتی خاوەنی راستەقینەی ئەو دەستكەوتانەیە كە هەیەتی، بەڵام وەك زۆر جاریی دیكە بە هۆی دەستوەردانەكانی هەرێمی لە رێگەی چەند لایەنێكی دیكەوە پێویستە پارتی مەترسییەكان بڕەوێنێتەوەو دەستبەرداری هەندێك لە مافەكانی بێت.
هەرێمی كوردستان ئەگەر لەسەر ئاستی جیهانی ژمارەیەكی حیساب بۆ كراوە لە سایەی سیاسەتی پارتی و سەرۆك بارزانی بووە، چ لە رووی وزەی جیهانییەوە، چ لە رووی بازرگانی و سیاسیشەوە، هەروەها لە رووی درووستكردنی پەیوەندییەكی بەهێزی نێودەوڵەتی، سەردانەكانی ئەم دواییەی سەرۆكی حكومەت بۆ وڵاتانی عەرەبی و فەرەنسا و توركیا و كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس دەرخەری ئەو راستییەن.
 بۆیە پاراستنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بەر لە هەر لایەنێكی دیكە و هەر بوارێكی دیكە، ئەركی لە پێشینەی پارتی و سەرۆك بارزانییە و پێویستە لە رێگەی دیبلۆماسی و دامەزراوە پەیوەندارەكانییەوە هەنگاوی بنەڕەتی بهاوێژێت بۆ كۆتایی هێنان بە كۆمەڵێك بابەتی هەڵپەسێردراو یا ئەو كەشەی هەمووجار لە كاتی ئاڵۆز بوونی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان دێنە پێشەوە.
هەموو كات پارتی لە دۆخە مەترسیدار و ئاڵۆزەكانەوە بە تەنها بەجێ هێڵدراوە، زۆرێك لە لایەنەكان كاتێ بەشداری حكومەتیش بووبن چەند مانگێك بەر لە هەڵبژاردنەكان لە حكومەت كشاونەتەوە تەنها بۆ بە لاڕێدا بردنی شەقام، پێجە سێبەرەكانیان خستۆتە خزمەت پیلانگێڕی دژی حكومەت و دەستكەوتەكانی، بەشێكشیان بە رۆژ بۆ وەرگرتنی پۆست لە حكومەت بوونە و لە كۆبوونەوەكان دەست لەسەر سنگ بوونە و زۆربەی هەرە زۆری بڕیارەكان بە ئاگاداری و رەزامەندی ئەوانیشەوە بووە، كاتێ شەویش داهات دەبنە ئۆپۆزسیۆنی بێ پرەنسیب و تا بۆیان بلوێت دژایەتی حكومەت و دامەزراوەكان دەكەن و زۆر جاریش ئاویانكردۆتە ئاشی ناحەزانی كوردەوە و دۆخی كوردستانیان ئاڵۆز كردووە، شەقامیان خستۆتە دڵەڕاوكێ و لە پێناو دەستكەوتی زیاتر بۆ حزب و زۆرجاریش بۆ كەسێك، كوردستانیان رووبەڕووی مەترسی جددی كردۆتەوە، لە كاتێكدا بەخۆشیان دەزانن ئەو دەستكەوتانە مافی ئەوان نییە.
ئەوەی ماوەتەوە دەست پێشخەری پارتی و رزگار كردنی هەرێمە لەو دۆخەی بۆی دروستكراوە، كە ئەجندانی دەرەكی لە پشتە، دەشێ بڕیارەكانی دادگای سەربەخۆی فیدراڵی عێراق و موشەكباران كردنی هەولێر لە لایەن ئێرانەوە بە نموونەی زۆر زەق بهێنینەوە.
بۆیە ئەركی پارتی ئێستا و هەمووكات لە لایەنەكانی دیكە قوورستر بووە، پێویستە هەموو هەوڵێك بدات تا كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان لە تەڵەی بنكۆڵ كردن و نەهێشتنی رزگار بكات، دڵنیاشم هەر وادەكات. 

 

زۆرترین بینراو