ئاوات و ئامانجی گەنجان بۆ ساڵی نوێ

ئاوات و ئامانجی گەنجان بۆ ساڵی نوێ

 

كچ و كوڕانی ئیدارەی سۆران دەخوازن 2022 ساڵی گەنجان بێ

مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی : 


وەك كولتوورێكی جیهانی لەگەڵ نوێبوونەوەی ساڵ، زۆربەی وڵاتان بە كەرنەڤاڵێكی گەورە و قەشەنگ پێشوازی لە ساڵی نوێی زاینی دەكەن و گەنجانیش بە چالاكی جیاواز داخوازی ساڵێكی شایستە و ئارام بۆ خۆیان دەخوازن و كۆمەڵێك بەرنامە و ئامانجی ساڵی نوێیان ئاشكرا دەكەن و كار بۆ بەدیهێنانی دەكەن.
كۆمەڵێك لە گەنجانی ئیدارەی سۆرانیش لە رێگەی زاری كرمانجی یەوە ئاوات و ئامانجەكانی خۆیان بۆ ساڵی نوێی 2022 دەخەنەڕوو و داواكاریشن لە حكومەتی كوردستان كاری جددی بكاتن بۆ ئاشتكردنەوەی گەنجان بە نیشتمان و ئەم ساڵە بكاتە ساڵی گەنجان.
بنار ئەمیر لە رێگەی چەند پرسیارێكەوە پێمان دەڵێ‌ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە كردن بە ژیان و بەرنامەی رابردوو، رێگەی سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكان نزیك دەكات و دەڵێ‌"بەر لەوەی بیر بكەینەوە بۆ ساڵی نوێی٢٠٢٢، پێویستە هەڵسەنگاندنێك بۆ ساڵی رابردووی خۆمان بكەین، پلان و ئامانجەكانمان چی بوون؟ ئەو كۆسپ و تەگەرانە چی بوون لەم ساڵەدا توشمان بوون؟ چۆن توانیمان بەسەریان زاڵ ببین؟ ئەو كات دەتوانین لەژێر رۆشنای ئەم دەستكەوتانە بڕوانینە ساڵی داهاتوو، هەر شتێكیش لەم ساڵەدا بەدەستمان نەهێنابێت، نابێت ساردمان بكاتەوەو بگەڕێین بەدوای بیانوو كە خەون و خولیاكانمان بەدی نەهاتووە، بەڵكو دەبێ بیانووەكان بكەین بە دەرفەتێك بۆ دووبارە هەڵسانەوەمان و ئەو ئامانجانەی كە ساڵانی پێشتر پلانمان بۆ دانابوون، لەساڵی نوێدا بەرهەمی هەوڵ و ماندووبونەكانمان دەبینین". بنار ساڵی ٢٠٢١ بە ساڵێكی پڕ لە زەحمەت و قەیران و ناڕەحەتی گەنجان ناو دەبات و دەڵێ‌"نەهامەتییەكانی 2021 وایكرد كۆمەڵێك گەنج وڵات جێبهێڵن، ئەمە خەسارەتێكی گەورە بوو بەر نیشتمان كەوت، با ئێمە ببینە نمونەیەك بۆ هەموو ئەو گەنجانە و بەدوای باشتریندا بگەڕێین و هەوڵ بۆ بەرەو پێشبردنی تواناكانمان و خستنەگەڕی بەهرەكانمان بدەین"، ئەوەش دەڵێ‌"گرینگە بێ هیوا نەبین و هەمیشە دەرگایەكی كراوەو رۆشن لە بەردەم دیدی خۆماندا ببینین، بە تێپەڕینی ساڵەكان، تەنها گۆڕانی ژمارەیەك و بەفیڕۆچوونی تەمەن نەبێت، بەڵكو هەوڵ بدەین باشترین دەستكەوت لە ساڵەكانی تەمەنمان بەدەست بهێنین".
رەسول حەمەد بە نیگەرانییەوە باس لە نەهامەتییەكانی ساڵی رابردوو دەكات و دەڵێ‌"لەگەڵ هاتنی هەر ساڵێكی نوێدا گیرۆدەی كۆمەڵێك دەردو نەهامەتی بووین، كە بەشێكیان لە دەرەوەی ویستی خۆمان بوون، وەك دەركەوتنی داعش و ڤایرۆسی كۆڕۆنا كە هەردوكیان چرنوكیان لە رووحی مرۆڤایەتی گیركرد و دوو كەڵێنی گەوریان دروست كرد لە جەستەیی جیهان و بەو هۆیەوە پانتایی هیواو ئاواتی مرۆڤەكانی بەر تەسك كردەوە لە چوارچێوەی مانەوەی خودی و هیوایی دەربازبوون و زاڵبوون بەسەر ئەو دوو دێوەزمێیە"، 
رەسول ئەوەش دەڵێ‌"ئێمە بە نێو چەندین قەیڕاندا رەتبووین، هەر لە بێكاری و گرانی بازار و وشكەساڵی و بێ موچەی، كە ئەمەش دەرئەنجامی خراپی لێكەوتەوەو چەندان گرفتی تر ئەستوری هیواو ئامانجەكانی تاكی ئێمەیان وەك پەڕی مێش تەنك كرد"،
رەسول ئاراستەی قسەكانی لە دەسەڵاتدارانی كوردستان دەكات و دەڵێ‌"پێویستە دەسەڵاتدارانی كوردستان، بیرێك لە نائومێدی و سەرگەردانی خەڵك بكەنەوەو ئەم تەموتومانەی چوار دەووری هیواو ئومێدی كۆمەڵگەی گرتووە رۆنی كەنەوە تا ساڵی نوێ مژدەی شادی پێ بێت و هەگبەكەی پڕ بێت لە ئومێد و كۆتا بزمار بدات لە تاپوتی نەهامەتی و دووبارە داری هیوا چرۆ بگرێت و بەرەكەی پڕ لە خەندەو شادی بێ بۆ كۆمەڵگە".
مینا عەبدولڵا وەك شێوەكارێك هیوا و ئاواتی ئەوەیە لەساڵی نوێدا ئاست و توانای خۆی زیاتر پێشبخات و نەهامەتی و ئازار و كولتووری نەتەوەكەی لە رێگەی تابلۆكانی نیشان بدات و دەڵێ‌"هەوڵدەدەم وەك شێوەكارێك كارەكانی خۆم پێش بخەم و باشترین دیمەن وێنا بكەم و ببم بەو هونەرمەندەی تابلۆ لەسەر رەسەنایەتی و نەهامەتی و ئازار و ئازایەتی و كولتووری كورد و دیمەنە دڵرفێنەكانی كوردستان دروست بكەم و ئاشنای بكەم بە هەر تاكێكی ئەم گەردونە، هەروەها هیوادارم ساڵی نوێ بۆ كوردستان ببێتە ساڵی ئارامی و خۆشگوزەرانی و دووربوون لە جەنگ و ماڵوێرانی".
رۆژدیار سلێمان هیوا بۆ ئەوە دەخوازێ 2022 ساڵێك بێ دوور لە جەنگ و كوشتنی مرۆڤ و، ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر جیهاندا بكێشێ، بۆیە دەڵێ‌"لەبەر ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە شوێنگەی یەكلایكردنەوەی ململانەی هێزە دەسەڵاتدارە رۆژئاواییەكان بووە، ئیدی جەنگ بەڕۆكی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكەی گرتۆتەوە و هاووڵاتیان لە نێو بارودۆخێكی دژواردا ژیان دەكەن و بەرنامە و ئامانجی ژیانیان لێ تێكچووە، ئێمەی گەنجیش كە لە نیشتمانێك دەژین، بەدەرنەبووین لەو نەهامەتیانە و بایی ئەوەندە ئازار و ناخۆشیمان بینیووە بە دەست جەنگ و خراپی بارودۆخی ئابووری لەساڵانی رابردوو كە تەواوی ئامانح و خەونەكانی ژێر گڵ خستین، بۆیە هیواخوازم ساڵی نوێی بۆ ئێمەی گەنجان، گەڕانەوەی هیوا و ئومێد و خۆشگوزەرانی و هاتنەدی ئارمانجەكان بێ و بەهەموو مانایەك ساڵی گەنج بێ و حكومەتی كوردستان بایەخێ زیاتر بە گەنجان بدات و كارێكی وابكات تاكو ئاشتیان بكاتەوە لەگەڵ نیشتمان و سوود لە هێز و توانا و دڵسۆزییان وەربگرێت".
ئاڵا عەبدولقادر پێی وایە بەر لە هەر گۆڕانكاریك لە ژیاندا، پێویستە مرۆڤ گۆڕان لە خودی خۆی بكات و دەڵێ‌"بۆ ئەوەی ساڵێكی ژیانت خۆشتر بكەی و بیگۆڕیت، دەبێ لە گۆڕینی خۆتەوە دەست پێبكەیت، من دەمەوێت ئەمڕۆم لە دوێنێ باشتر بێت و بەهەمان شێوە ساڵی نوێ لە ساڵانی رابردوو باشتربێت، لەگەڵ ئەوەش هەوڵدەدەم بۆ خزمەتكردنی خۆم و پیشەو شارەكەم، زانست و بەهرەو تواناكانم پەرە پێبدەم و نەترسم لە هەڵەكردن و شتانێكی نوێ تاقی بكەمەوە، هیوای ساڵێكی تەژی لە خۆشی و كامەڕانی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بە ئاوات دەخوازم".
ئارام محەممەد پرۆژەی نووسینی پەرتووكێكی هەیە لە ساڵی نوێدا"لە ئێستاو كار لەسەر نووسینی پەرتووكێك دەكەم بۆ بەرەوپێشبردنی ئاست و توانا و كەسایەتی گەنج و هاتنەدەرەوەی لەو هەست و بڕوا پووچ و بێ توانایانەی ژیانی داپۆشیووە و بەرەو رەشبینی بردوون، لەبەرامبەردا خۆیان چەكدار بكەن بە بیری پاك و بناغەیەكی توانادار و بە هێز بۆ خۆیان بوونیات بنێن، لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازم ساڵی 2022 ساڵی پڕ لە چالاكی و ئەنجامدانی سمیناری تایبەت بە گەنجان و تواناو هێز و ئیرادەی ئەوان دەربكەوێت و ببنە بەشێكی گرینگ لە پایەكانی ئەم كۆمەڵگەیە و لەبەرگی تەمبەڵی و بیروباوەڕی بێ دەستكەوت بێنە دەرەوە".
محەممەد حسێن دەڵێ‌"لەگەڵ هەر ساڵ نوێبوونەوەیەك مرۆڤ كۆمەڵێك ئاوات و ئامانج و بەرنامەی نوێ دەخاتە نێو لیستی رۆژەكانی ژیانی و كار بۆ هێنانەدییان دەكات و دەخوازێ‌ ئەم ساڵی جیاوازتر و پڕ بەرهەمتر بێ لەساڵی رابردوو، كەڵێنی خەم و ناخۆشییەكانی رابردووی، بە خۆشی و كامەڕانی پڕ بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەك قوتابییەكی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان كار لەسەر بەرەوپێشبردنی ئاست و توانای خۆم دەكەم، بۆ ئەوەی بتوانم ئایندەیەك بۆ خۆم دروست بكەم، كە لەداهاتوودا خزمەتی خاك و نیشتمان و نەتەوەكەم بكەم".
هۆگر دڵشاد ی چالاكوان خوازیارە 2022 ساڵی كۆتایی هاتنی كۆچی گەنجان و ناخۆشی و دەردەسەرییەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بێ و دەڵێ‌"هیوادارم ساڵی 2022 ببێتە ساڵێكی پر لە بەختەوەری و كامەڕانی بۆ كورد، ساڵی گەڕانەوەی هیوا و ئومێد بێ بۆ گەنجان و كۆتایی بەو كۆچە چارەنووس سازە بهێندرێ كە گیانی دەییانی كردە قوڕبانی، ساڵی ئاشتی مرۆڤایەتی و پێكەوە ژیان و كۆتایی هاتنی كۆرۆنا و خۆشەویستی و ئارامی بێ".
گوڵستان رەمەزان پێی وایە ساڵ نوێبوونەوە تەنها لە گۆڕینی ژمارەكان نییە، بەڵكو بونیات نانی خود گرینگە بۆ گەنج، ئەو دەڵێ‌"ساڵی نوێ هێشتا چەند رۆژێكی ماوەو ئایندە روون نییە، بەڵام لەئێستاوە رۆژمێری هیوا لە ژیانت بەگەڕ بخە و ئایندەت بونیات بنێ، ساڵ رەنگە بە دیدی تۆ تەنها گۆڕانی ژمارەیەك بێت، بەڵام ئەوە تۆی دەوڵەمەندی دەكەیت، وەك دەزانین ساڵی 2021 بۆ هەموو خەڵكی كوردستان ساڵێكی پڕاوپڕ لە نەهامەتی و مەرگبارانی ئازیزانمان بوو، بەڵام ئەوەی گرینگە كە ساڵی نوێ چیت لە هەگبە دایە بۆ ژیانت، من خۆم رەشبین نیم كە ساڵی داهاتوو خەونێكی بەدی نەهاتوو بەدەیبهێنم، چونكە ئەگەر خۆت حاكمی رۆژمێرەكەت بیت، چركەكانیش بێ ئەمریت ناكەن، ئەوەی رۆیشت ناگەڕێتەوە، ئێستا هەیە و پلان بۆ ئایندەت دابنێ و  بەدوایدا هاتنی ساڵەكان تەنها رێزكردنی ژمارەیە".
تاڵیب حەسەن ی فۆتۆگرافەر دەخوازێ كاری جیاوازتر بەرهەم بێنی لەرێگەی زوومی كامیرەكەی"ئامانجم ئەوەیە كاری تایبەتتر و جیاوازتر ئەنجام بدەم و سیمای جوانی بەشەكانی فۆتۆگرافی بە بینەر ئاشنا بكەم و سروشت و ژینگە و دابونەریتی وڵاتەكەمان لە رووی فۆتۆگرافیەوە بە جیهانی دەرەوە ئاشنا بكەم و  گەورەیی و جوانی كوردستانیان نیشان بدەم، بۆ ئەوەی بزانن ئێمەش كەسانی خاوەن ئەزمون و لێهاتوومان زۆرە لەهەموو بوارێكەوە"،
ئەوەش دەڵێ‌"ئاواتم ئەوەیە ئەو خەون و ئامانجانەی بۆی تێ دەكۆشم، بە دەستێكی پاكەوە پێی بگەم و لە رێگەی ئەو 15 بەشەی بواری فۆتۆگرافی كاری لەسەر دەكەم، دڵی بینەر خۆش بكەم و بە متمانە و باوەڕبەخۆبوون و دڵسۆزی و خۆشەویستییەوە كارەكانم بكەم لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەكانم".
ئومێد شەیدا خوازیارە ساڵی نوێ بۆ خۆی و تەواوی گەنجانی كوردستان ساڵی هاتنەدی ئامانجەكان بێ"هیوادارم 2022 ساڵێكی پڕ لە ئارامی و هاتنەدی ئاوات و ئامانجەكان بێ بۆ خۆم و تەواوی گەنجانی ئەم نیشتمانە، ساڵی خۆشگوزەرانی و كار و گەڕانەوەی شكۆ بێ بۆ مرۆڤەكان و ساڵی پێكەوەژیان و ئاشتی بێ بۆ جیهان و كوردستان".
دانەر عەلی لە داخی مرۆڤی دووڕوو و بێ وەفاو ناڕاستگۆ دڵخۆش نییە بە نوێبوونەوەی ساڵ، ئەو خۆزگە بەوە دەخوازێ‌ هەروەكو چۆن ساڵەكان نوێ دەبنەوەو گۆڕانیان بەسەردادێت، ئاواش مرۆڤەكان رەوشت و ئاكار و هەڵسوكەوتی خۆیان گۆڕیبوایە، ئەو دەڵێ‌"ساڵانێك پڕ لە هیواو ئومێد بووم و هەمیشە حەزم لە نوێبونەوەی ساڵ بوو، بەڵام هەر لە تەمەنی گەنجیەوە خەم ژیانی داگیركردم و زۆر شتی لێ ساندم، كاتێ دەبینم بێ ویژدان باسی ویژدان دەكات، درۆزن باسی درۆ دەكات و بێ وەفا باسی وەفا و زاڵم باسی زوڵم دەكات، ئیدی هەست دەكەم ئێمە زۆر شتمان ماوە پێویستی بە گۆڕانە، نەك گۆڕینی ژمارەی ساڵەكان".

 

زۆرترین بینراو