پردی بەرسیرین مێژوویەكی كۆن و دیمەنێكی سەرنج راكێش

پردی بەرسیرین مێژوویەكی كۆن و دیمەنێكی سەرنج راكێش

محەمەد هەسنانی-رواندز:

لە دەڤەری سۆران بەتایبەتیش لەسنوری قەزای رواندز چەندین شوێنەوار بەرچاو دەكەون، بەشێكی زۆریش لەوانە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینەكانی سۆران و پاشای گەورەی رواندز، یەكێك لەم شوێنەوارانەش بریتییە لە پردی گوندی بەرسیرین، بە دووری زیاتر لە 10 كیلۆمەتر، دەكەوێتە لە رۆژهەڵاتی قەزای رواندوز كە سەردەمێك پایتەختی میرنشینی سۆران بووە".
بەپێی سەرچاوە مێژوویەكان ئەم پردە لەو سەردەمی میرنشینی سۆران، بە دەستی وەستایەكی شارەزای ناوچەكە بەناوی "وەستا برایمی ماویلیان" بنیات نراوە، دەوترێت كاتی خۆی سەر لەشكری میرنشینی سۆران لەو گوندە نیشتەجێ بووە و ناوی (ئالی مێرا) بووە، شوێنەوارناسانیش پێیانوایە ئەگەر بە باشی پارێزگاریی لەو پردە بكرێت رەنگە هەزاران ساڵیش بمێنێتەوە، چونكە بەشێوازێكی سەركەوتووانەو پێكهاتەی پتەو دروستكراوە".
لەبارەی مێژووی دروستكردنی ئەو پردە، بیروڕای جیاواز هەن، بەڵام هەموو بیرووڕاكان كۆكن لەسەر ئەوەی مێژووی دروستكردنی پردەكە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارییەتی میرنشینی سۆران كە محەمەد پاشای گەورەی رواندز حوكمڕانی كردووەو لە سەردەمی میرنشینی سۆران بنیات نراوە، بە رای مێژوونووسان میرنشینی سۆران بەسەردەمی زێڕینی مێژووی كورد ناو دەبەن، سەردەمی میر محەمەد پاشای گەورەیە، فەرمانڕەواییەكەی دەگەڕێتەوە، بۆ ساڵانی (1813 تا 1836) ئەم پردە یەكێك بووە لە پڕۆژەكانی میرنشینی سۆران، دوای زیاتر لە دوو سەدە تائێستا بۆ پەڕینەوەو هاتووچۆ كردن كەلكی لێوەردەگیرێت، هەروەها دیمەنێكی جوان و سەرەنج راكێشی بە ناوچەكە بەخشیووە".
وەك سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، میر محەمەد پاشای گەورەی رواندز، لەكاتی گرتنە دەستی دەسەڵات كۆمەڵێك چاكسازی و پڕۆژەی گرنگی لەماوەی حكومڕانی خۆی جێبجەجێ كردووە، لەوانە چەندین لێژنەی دروستكردووە   بۆ (بازرگانی و ئابووری و كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و كاروباری یاسایی و فتوای دینی و پیشەسازی دروستكردن) بۆ هەر لێژنەیەك چەند كەسێكی دانابووەو خۆشی سەرپەرشتی هەموو لێژنەكان بووە چاودێری ئیشوكارەكانی كردووە، لە چوارچێوەی لێژنەكاندا كۆمەڵێك كاری ئاوەدانكردنەوەی ئەنجامداوە وەك دروستكردنی پرد و قەڵاو قۆنگرەو كارێزەو هتد.. 
 ئەژین جەوهەر، دەرچووی شوێنەواری زانكۆی سەلاحەدین، بە زاری كرمانجی راگەیاند: "شوێنەوار ناسنامەی میللەتانە و ئەركە پارێزگاریان لێبكرێت و رێگری بكرێت لە لە ناوچوونیان، دیارە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش چەندین شوێنەواری گرنگ بوونیان هەیە، بەتایبەتیش لە ناوچەیەكی وەك رواندز، بەپێی ئەوەی چەندین میرنشین بەتایبەتیش دەستەڵاتی میرنشینی سۆران، سەردەمانێك باڵادەست بووەو دەستی كردووە بە بنیادنانی چەندین كۆشك و پردو قوڵەی سەربازی و كارێزەی ئاو گواستنەوەو چەندین كارەپڕۆژەی دیكە لەو سەردەمدا، بەمەش ناو و ناوبانگی زۆر دەركرد بوو، رۆژ لە دوای رۆژ ئەو میرنشینە لە فراوان بوون دابووە، تا ئەو كاتەی میرنیشنەكە بە كۆتایی هاتووە".
دەشڵێت: "دوای چەند سەدەیەك مانەوەی شوێنەوارەكانی ئەو میرنشینە دەرخەری ئەوەن كە چ جۆرە پێشكەوتنێك لەو سەردەمدا هەبووە، ئەركە سەرجەم ئەم شوێنەوارانە پارێزگاریان لێبكرێت و بەشێكیشیان هاوشێوەی خۆیان بە پێكهاتەی سرووشتی نۆژەن بكرێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی شوێنەوارناسان و گەشتیاران زیاتر روو لەو جۆرە شوێنانە بكەن، بۆنموونە دروستكردنی پردی بەرسرین كارێكی وا ئاسان نەبووە، لە باروودخێكی كۆنی ئەو كات، بۆیە ئەم پردەو چەندین شوێنەواری دیكە بوونەتە جێگی سەر سوڕمانی خەڵكی دەڤەرەكەو ئەو كەسانەی بەمەستی گەشت و سەیران روو لە دەڤەرەكە دەكەن. 

 

زۆرترین بینراو