شەڕی ئیرادە لەگەڵ پارتی مەكەن

گولستان بەهجەت مەولوود

بەهێزی ئیرادە هۆكاری سەرەكی مانەوەی هەر كەس و دامەزراوەو لایەنی سیاسییە، لە پێناو بەهێز بوونی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی، بەڵام ئیرادە بە تەنها بەس نییە، بەڵكو پێویستی بە عەقڵ و دونیا بینینی دوور مەودای ئاوێتە بووی سیاسەتێكی حەكیمانەیە، ئیرادەیەك كە لە ئاست پیلانی قووڵی ناحەزان و داگیركەران خۆڕاگر و خاوەن پڕۆژەی هەمە چەشنە بێت.
هەندێك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی و ژمارەیەك لە نووسەرانی نزیكیان، چەند رۆژێكە باسی ئەوەی دەكەن، گرنگ نییە پۆستێك لە دەست بدەین، بەڵكو گرنتر لە پۆست ئەوەیە شەڕی ئیرادە لەگەڵ پارتی دەكەین، لە كاتێكدا ئەوی ئەوانی لە نێو خودی حزبەكەشیان هێشتۆتەوە پۆست و دەستكەوتی ماددییە، جا شەڕی ئیرادە چۆن لەگەڵ پارتی دەكەی؟.
شەڕی ئیرادە ئەوە كاتە گرنگ بوو، كە پارتی رووبەڕووی هەرچوار وڵاتی داگیركار بوویەوە و هەموو جۆرە پەیوەندییەكیان لەگەڵ هەڵپەسارد و بە هەموو توانایانەوە هەوڵی نەهێشتنیان دا، بەڵام بە هێزتر هاتەوە مەیدان.
شەڕی ئیرادە لە پردێ و مەحموودییە كرا، لە دوای خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر، بەڵام بێ ئیرادەكان خاكیان فرۆشت و خاوەن ئیرادەكان كیانی سیاسی هەرێمیان پاراست.
شەڕی ئیرادە لەگەڵ پارتی ئەو كاتە كرا كە بودجە و مووچەی خەڵك لەسەر داوای هەندێك لە ئەندام سەركردایەتی ئێوە بڕدرا، پارتی بە ئیرادەوە قۆناغە سەختەكەی تێپەڕاند.
شەڕی ئیرادە لەگەڵ هەر كەس و لایەن دەكەن لەگەڵ پارتی مەیكەن، كێبڕكێ بكەن، پڕۆژەكانتان جوانتر بكەن، سیاسەتكردنتان باشتر بكەن، بەڵام بە هەناسەی شەڕ نا، بە هەناسەی ململانێی تەندروست، دەست لە چەواشەكاری هەڵگرن، راستگۆ بن لەگەڵ خۆتان و لایەنگیرانتان و شەقام، بۆ پۆست و دەستكەوتی ماددی دەستبەرداری ئامانجە راستەقینەی گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەكانتان مەبن.
ئەو كات دەتوانن بكەونە ململانێیەكی تەندروست و شەڕیفانە لەگەڵ پارتی، دەنا ئەو هەورازەی ئێوە خۆتان لێ داوە زۆر كەسی دی تاقی كردۆتەوە و سەرنەكەوتن و بەر لە گەیشتن بە نیوەی رێگا هەڵدێران.
 

زۆرترین بینراو