كەمی گەراج گرفتی بۆ شۆفێران و هاووڵاتییانی سۆران دروست كردووە

كەمی گەراج گرفتی بۆ شۆفێران و هاووڵاتییانی سۆران دروست كردووە

راپۆرت-محەمەد رزگار

بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری زاری كرمانجی، كەمی گەڕاج و نەبوونی شوێنێكی شیاو لە قەزای سۆران بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێل، گرفتی زۆری بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دروست كردووە و داواكارن لە لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵی جددی بدرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە.
هۆگر سلێمان شۆفێری تەكسی لە سۆران بەزاری كرمانجی گووت "نەبوونی گەڕاج و شوێنێكی گونجاو بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل، گرفتی زۆری بۆ ئێمەی شۆفێرانی تەكسی دروست كردووە، لەكاتی گەیاندنی سەرنشینەكانمان تووشی جەنجاڵی زۆر دەبینەوە، بەهۆی وەستانی ئۆتۆمبێلەكان لە شەقامەكانی سەنتەری شاردا، جگە لەوەش ئەو كۆڵان و گەڕەكانەی كەوتونەتە نزیك سەنتەری بازاڕی سۆران بوونەتە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و بێزاركردنی دانیشتووانەكەی، هەروەها زۆرجار بەم هۆیەوە شۆفێران دووچاری سزاو پێبژاردنی هاتووچۆ دەبنەوە.
زەیتون حەمەدەمین، نیشتەجێی یەكێك لە گەڕەكەكانی نزیك سەنتەری بازاڕی سۆرانە، بۆ زاری كرمانجی گووتی"بەهۆی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەكان لەبەردەم دەرگای ماڵەكانمان و دروستبوونی جەنجاڵی رۆژانە تووشی چەندین گرفت دەبینەوە، تەنانەت زۆرجار ناتوانین ئۆتۆمبێلی ماڵەوەشمان بێنینە دەرەوە، بەو هۆیەوە زۆربەی جار دەمەقاڵی و كێشە لەنێوان دانیشتوانانی گەڕەكەكەمان و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكان دروست دەبێت، چونكە هەندێك لە خاوەن ماڵەكان بەهۆی بێزاربوونیان زیان بە ئۆتۆمبێلەكان دەگەیەنن و شووشەی ئۆتۆمبێلەكان دەشكێنن یاخود تایەكانیان دەتەقێنن، هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار خەمێك لەم بابەتە بخۆن و هەوڵی چارەسەركردنی بدەن".
سەرباز جەمال، خاوەنی فرۆشگای جلوبەرگ، دەڵێت "كەمی گەڕاج  لە سەنتەری قەزای سۆران بووەتە هۆكاری چەندین كێشە و ئاریشە، زۆرجار هەوڵمداوە شوێنێك مانگانە لە یەكێك لە گەراجەكان بە كرێ بگرم بۆ ئۆتۆمبێلەكەم، بەڵام نەمتوانیووە بەهۆی نەبوونی شوێنی نزیك هەرچەندە هەندێك گەراج هەن، بەڵام شوێنەكانیان زۆر دوور و نەگونجاوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك جار هاتوومەتە سەر كارەكەم بەهۆی وەستاندنی ئۆتۆمبێل لەبەردەم دووكانەكەم نەمتوانیووە بە ئاسانی بگەم، كاتێك گلەیی لەو شۆفێرانە دەكەم هۆكارەكەی بۆ نەبوونی گەڕاج دەگەڕێنەوە".
گووتیشی "جاری وا هەبووە كارێكم هاتۆتە پێش ئۆتۆمبێلەكەم لابووە، بەڵام ناچار بوومە بە تەكسی بچم بۆ شوێنی مەبەست، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلێك لە پشتی ئۆتۆمبێلەكەم راگیراوە ڕێگای دەرچوونم ئەستەم بووە، هەروەها زۆربەی كات ناچارم بە شەوان و كاتی درەنگ بێم بۆ دووكانەكەم بۆ هێنانە خوارەوەی پێداویستیەكانی دووكانەكەم، هەر چەندە شەوان كاتی ئیش كردنم نیبە، بەڵام بەهۆی جەنجاڵی ئۆتۆمبێلەكان و راگرتنیان لە بەردەم دوكانەكەم لە رۆژدا ناتوانم پێداویستییەكانم بێنمە خوارەوە، بۆ چارەسەری ئەم گرفتە چەندین جار داواكاریمان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كردووە، گەراج و شوێنی گونجاو دروست بكرێت، كەچی تائێستا لە چاوەڕوانی ماوینەتەوە".
كاوە نەجیم، سەرۆكی شارەوانی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند:" كەمی گەراج لە قەزای سۆران یەكێكە لەو گرفتە سەرەكیانە و شارەوانی سۆران كاری لەسەر دەكات، هەر چەندە بەشێك لە یاریگای سەنتەری شار كراوە بە گەراج و هەندێك لە خەڵكیش گەراجی تایبەتیان دروستكردووە لە سەنتەری شار و فلكەی پێشمەرگە، بەڵام ئەم گەراجانە كەمن و لە ئاست ئەو رێژە زۆرەی ئۆتۆمبێلدا نین كە لە سۆران هەن . 
سەرۆكی شارەوانی سۆران دەڵێت "  گەراجی یاریگا كاتییە و لەسەر موڵكی وەزارەتی وەرزش و لاوان دروستكراوە، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا نەمێنێت، بۆیە شارەوانی سۆران هەوڵیداوە بە چەند ڕێكارێك ئەم كێشەیە چارەسەر بكات ڕێكارەكانیش بریتین لە دروستكردنی گەراجێك لە سەر دوو سایدی پشت قەسابان، كە لەساڵی2010 ئەنجوومەنی شارەوانی سۆران بڕیاری دروستكردنی داوە .
گووتیشی" تا ئێستا هیچ وەبەرهێنەرێك نەهاتووە پڕۆژەكە وەربگرێت و بیخاتە واری جێبەجێكردنەوە، هەر باڵەخانەیەكیش دروست بكرێت لە دوو نهۆم زیاتربێت شارەوانی سۆران ناچاری دەكات نهۆمی ژێرەوەی تەرخان بكات بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێلەكان".

زۆرترین بینراو