بەشی زۆری قوتابییەكانمان هی دەرەوەی مێرگەسۆرن

بەشی زۆری قوتابییەكانمان هی دەرەوەی مێرگەسۆرن

محەممەد مەحموود- مێرگەسۆر: 

بۆ یەكەمجارە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر پەیمانگەیەكی حكوومی دەكرێتەوە. راگری پەیمانگەكەش دەڵێت: بۆ ئەمساڵ هەر دوو بەشی كارگێڕی كار و تەكنیكی وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی كراونەتەوە و قوتابییان لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان داواكاریان پێشكەش كردووە و وەرگیراون، بۆ ساڵی داهاتووش چەندین بەشی نوێ دەكرێنەوە. 
د. تاڵب محەممەد شەریف، ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، بە پەیامێك دەستی بەم گفتوگۆیە كردوو و گووتی" پر بە دڵ پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی  2021-2022 لە قوتابییان دەكەم، سەرەنجام دوای ماوەیەكی زۆر لە چاوەڕوانی، ئەم دەڤەرە رەنگین و گرنگ و خاوەن مێژووە، بووە خاوەنی ناوەندێكی ئەكادیمی و بەمجۆرە دڵی هەموو هۆگرانی زانست و رۆشنبیری خۆش بوو".
پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دیارییەكی بچووكە، بەڵام شایستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ دەڤەرێك، كە لایەنی كەم لە سەد ساڵی رابردووی مێژووی كوردستاندا، شوێن و پێگەیەكی مەزن و كاریگەری هەبووە و هەمیشە نموونەیەكی بەرزی قوربانیدان و خەباتگێڕی بووە".
راگری پەیمانگەی مێرگەسۆر دەشڵێت" لەگەڵ ئەوەی پەیمانگاكەمان نوێیە و ئەمساڵ یەكەمین كۆمەڵەی قوتابییانی خۆی وەردەگرێ، بەڵام بەرچاومان روونە و بە روانینێكی نوێ و سەردەمیانە هاتووەتە كایەوە و سەیری پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن دەكات، باوەڕمان بە توانای تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان هەیە و پێمان وایە ئەوان دەتوانن بدرەوشێنەوە و ببنە خاوەن داهێنان".
د.تاڵب، گووتیشی" لە پێناو پەرەپێدانی تواناكانیان، سەرنج دەخەینە سەر كواڵێتی فێربوون و رەخساندنی دەرفەت بۆ پێگەیاندنی تاكی ئەكادیمی، لەم رێڕەوەشدا، هەموو سەرنجمان دەخەینە سەر قوتابییان و لە سەنتەری فێربووندا دایاندەنێین و ئەوپەڕی توانای ئەكادیمی خۆمانیان بۆ تەرخان دەكەین، تا بتوانین وەك ناوەندێكی رۆشنبیری و ئەكادیمی، تاكێك بەرهەم بێنین، كە نەك تەنیا لە رووی تیۆرییەوە، بەڵكو لە رووی كرداریشەوە لە ناو كۆمەڵگەدا سەركەوتوو بێت و بە ئاسانی بتوانێ بە نیشاندانی توانای داهێنانی خۆی، كەلێن و بۆشاییەكان پڕبكاتەوە،  كێشەكان چارەسەر بكات و، ئاسۆی نوێ بەدیبێنێ".
د. تاڵب محەممەد شەریف، راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی باسی كردنەوەی پەیمانگەكەیان دەكات و گووتی" پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر لە 17/10/ 2019 فەرمانی دامەزراندنی وەزاری بۆ دەرچوو كە پەیمانگەیەكی حكوومییە، بەڵام لەبەر بارودۆخی كۆرۆنا دواكەوت، بۆیە لە ساڵی خوێندنی 2021-2022  ئەم پەیمانگە دەستی كرد بە وەرگرتنی قوتابی بۆ یەكەمجارە قوتابی لە دەزگایەكی خوێندنی باڵا سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لە قەزای مێرگەسۆر وەردەگیرێت و ئەمساڵ بە پلانێكی گونجاو دەستمان پێكردووە پلانەكەمان خۆی لە دووبەش دەبینێتەوە، رێژەی قوتابی بۆ هەر بەشێك پێك دێت لە 20 قوتابی، هەروەها ئێمە سیستەمی بۆلۆنیاش جێ‌ بەجێ‌ دەكەین ".
راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دەشڵێت" بۆ ئەمساڵ هەر دوو بەشی كارگێڕی كار و بەشی تەكنیكی وەرگێرانی زمانی ئینگلیزی كراونەتەوە، بۆ ئەمساڵ بە زانكۆلاین و كێبڕكێ 42 قوتابی وەرگیراون، ئێواران و پاڕاڵێلی نییە، قوتابی لە هەولێر، شەقڵاوە، چۆمان و رواندز، داواكارییان پێشكەش كردووە و وەرگیراون بەشی زۆری قوتابییەكانمان هی دەرەوەی مێرگەسۆرن". 
د. تاڵب، ئاشكراشی كرد" پلانەكانی ئێمە پلانی زۆر ستراتیژین، پلانی كورت خایەن هەیە، پلانی مامناوەند و درێژ خایەن، لەسەر پلانی كورتخایەن كارمان كردووە و سەركەوتنمان بەدەست هێناوە، بۆ پلانی مام ناوەند ئەو شوێنەمان بە كاتی وەرگرتووە، كە بۆ پەیمانگە زۆر باشە، بەڵام پێویستمان بەوە هەیە بیناكەمان فرانتر بێت و بەشی دیكە بكەینەوە، بۆیە ساڵی داهاتوو لە پلاندایە بەشی پەرستیاری و كشتوكاڵ بكەینەوە، بۆ پلانی درێژ خایەنیش 7 بەشمان دیاریكردووە كەمپی خۆمان هەبێت كێشە و گرفتمان نابێت".
راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، زیاتر دەڵێ:" بینای پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر بینای وەرزش و لاوانە و دەكەوێتە گوندی شێخ سیدا، نزیكە لە سەنتەری قەزای مێرگەسۆر، بینایەكە تا رادەیەك گونجاوە، لیژنەی خوێندنی باڵا سەردانی بینایەكەی كردووە و بەشێكی نۆژەن كراوەتەوە".
لە كۆتاییدا د. تاڵب محەممەد، راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، گووتی" بەشی ناوخۆییمان هەیەو دابینكراوە بۆ قوتابییان بۆ كۆڕان و كچان بە تەواوی پێداویستییەكانەوە خانووی زۆرباشمان بۆ گرتوون و ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ ئەم قۆناغە، لە ئێستادا لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی چەندین پێداویستی بۆ بەشەناوخۆیی پەیمانگەكەمان دابینكران كە بریتی بوون لە سۆپا، مووكێت، قەرەوێڵەی نووستن بەتەواوی پێداویستییەكانەوە، كێشەی ئێمە نەبوونی ستافە وەكو پێویست، بە فەرمی داوای گواستنەوەی راژەمان كردووە بۆ پەیمانگەكەمان، ئەوە یەكێكە لە كێشەكان، ئەوەمان بۆ بكرێت كێشەمان نامێنێت".

زۆرترین بینراو