ژنان وەك رەگەز و بوونەوەرێكی بیركەرەوە پێشێڵكراون

گەلان جەبار

لە زۆربەی باسی مێژوویدا ژنان نەناسراون، ژنان هەم وەك رەگەز و هەم وەك بوونەوەرێكی بیركەرەوەش پێشێڵكراوبوون، هۆكاری ئەمەش ئەوە نەبووە كە ژنان داهێنەر و لێهاتوو نین بەڵكو بەهۆی جیاوازیكردن لەنێوان رەگەزەكانەوە بووە ئەم جیاوازیەش هەروەك (كەیت میلت) ژنە فێمینیست و نووسەر ئەڵێ جیاوازییەكان لەنێوان ژن و پیاودا جیاوازی بایۆلۆجی نین بەڵكو دروستكراوی كەلتوورن. و ئەم جیاوازیانەش بووەتە رێگر لە دەركەوتنی ژناندا. ڤێرجینا وۆڵف لە كتێبی ژوورێك بۆ خۆت باس لەمە ئەكا و نووسیویەتی ئیزنم بدەنێ ئەوە بهێنمەوە بەرچاوم شەیكسپیر چووەتە قوتابخانە و لەوێ زمانی لاتینی فێربووە و بەرهەمەكانی ئۆڤید و ڤیرژیل و هۆراسی خوێندۆتەوە پێشەكیەكانی رێزمان و مەنتیق فێربووە و دواتر بووەتە ئەكتەرێكی سەركەوتوو و لەجیهان دا و چاوی بە هەموو كەسێك ئەكەوت هونەرەكەی لە هەموو شوێنێك تاقی كردەوە و تا گەیشتە كۆشكی شاژن, وای دابنێ لەم نێوەندەدا خوشكە خاون توانا و مرخە لە رادەبەدەرەكەی لە ناو ماڵدا مابووەوە ئەویش بە قەرا براكەی شەڕانی و داهێنەر بوو حەزی لە گەڕانی دوونیا ئەكرد، بەڵام ئەویان نە ناردە قوتابخانە بەختێكی نەبوو بۆ فێربوونی رێزمان و مەنتق جا نەخوازە بەرهەمەكانی هوراس و ڤیرژل بخوێنێتەوە جاروبارێك دەستی بۆ كتێبێك ئەبرد دایك و باوكی سەریان هەڵئەدا و پێیان ئەگووت گۆرەویەكان بدوورێتەوە یان ئاگای لە چێشتەكە بێ نەسووتێ, لێرە بۆمان روونە كە چەندێك بۆ ژنان بەربەست هەبوونە تەنانەت لە خودی خێزانیش و بەهۆی كاریگەری كەلتوور و ئاینیش هەروەك ماری دەیلی ژنە فیلۆسۆفەر و فێمینیستی رادیكاڵ لە كتێبی (Beyond God The Father) باسەكەی ئاڕاستەی ژنە ئازادەكانە كە باس لەوە ئەكا كە ئاین بەكارهێنراوە بۆ چەوساندنەوەی ژنان. بەڵام لە پاڵ ئەمانەشدا چەندان ژنی لێهاتوو هەبوونە كە وەستاونەتەوە لەبەرامبەر ئەم بەربەستانەوە هەروەك ئێسل سمیس یەكەم ژنە ئاوازدانەر هەروەها دانەر و داواكاری مافی ژنان بووە لەسەرەتادا شەڕی لەگەڵ باوكی كردووە بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدا كە برەو بە كارە میوزیك یەكەی بدات و هەروەها لەساڵی 1911 مارشی ژنانی نووسیوە و بووەتە سرودێك بۆ چەندان ژنانی بەریتانیا كە لەو كاتەی لە ناوەڕاستی لەندەن كۆبوونەتەوە و بە چەكوش و بەرد پەنجەرەكانی سیاسییەكانییان و بازرگانەكانیان شكاندووە كە دژی مافی دەنگدانی ژنان بوونە. ئەمەش بە هێزی و بوێری ژنان دەر ئەخا و ئەتوانن هەرشتێك بیانەوێ بیكەن و بەبێ ئەوەی چاویان لە رەگەزی بەرامبەر بێت بۆ ئەمەش سۆرجونە تروز چاڵاكوانی مافی ژنان و لابەری یاسای كۆیلایەتی بووە ژنێكی رەش پێستی ئەفریقی بووە و وەك كۆیلە ژیاوە بەڵام لەگەڵ كچە ساواكەی لە كۆیلایەتی دا هەڵهاتووە بۆ سەربەخۆیی وە لەبارەی توانای ژن و خۆی بە نمونە ئەڵێ منیش ژن نیم! پیاو ئەڵێ ژن پێویستی بە یارمەتییە تا هەڵبیگردرێتەوە و بەرزبكرێتەوە لە جۆگەكان بەڵام من پێویستیم بە یارمەتی نەبووە بۆ ئەوەی هەڵمستێنەوە و تێبپەڕم بەسەر گۆمە قوڕینەكاندا كەواتە منیش ژن نیم! سەیرم بكە سەیری بازووم بكە زەوی ئەكێڵم و تۆو ئەچێنم و لە تەوێڵەكان دا كۆیان ئەكەمەوە و هیچ پیاوێك نەیتوانیوە لەسەرووی من بێ منیش ژن نیم! . سۆرجونە ئەوەمان پێ ئەڵێت گەر زیاتر نەبین كەمتر نین . لە زۆرێك لە بوارەكاندا تەنها گوێبیستی ناوی نووسەر، زانا، شۆرشگێڕ و..., پیاو ئەبین كەچی چەندان ژنی لێهاتوومان لە مێژوودا هەبووە و ئەتوانین بیان كەین بە نموونە بۆ ژیانی خۆمان باشە بۆ لەجیاتی ئەوەی لە بابەت و توێژینەوەكانمان دا بەرهەمی نووسەری ژن بەكارنەهێنین و ئەوان نە كەیین بە نموونەی پێشكەووتن و زانین با لە خۆمان بپرسین بۆچی ژنان نا؟ پێویستە ببین بە دەنگێك بۆ ئەم بێدەنگییە و هەوڵبدەین بە پاڵپشتیكردن و هاوكاری یەكتر ئەم كۆمەڵگە پێیتریاكیە بگۆڕین و چی تر هاوبەش نەبین لەم نێرسالاریەدا و پیاوت لە هاوڕەگەزەكەی خۆت پێ باڵاتر بێ. لەكۆتایی دا ئەوە ئەڵێم خۆزگە لەم كۆمەڵگەیەی ئێستای ئێمەدا فێمینیستی راستەقینە و ڤێرجینا وۆڵف و نەوال سەعداوی و سیمۆن دیڤوار و جەین ئۆستینی كوردمان ئەبوون.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو