بۆچی جل وبەرگی شاخەوانی فرە رەنگە 

بۆچی جل وبەرگی شاخەوانی فرە رەنگە 

نادر رووستی 

لە کاتی گەشت و  شاخەوانی و شاخڕەویدا، گرنگە بەلانی کەم بەشی سەرەوەی جلوبەرگ رەنگێکی دیار و کراوە بێت، یان کۆڵەپشت رەنگێکی دیار بێت، هەروەها گرنگە جلوبەرگ هاوشێوەی رەنگی وەرزەکە نەبێت، تا دەکرێ با پێچەوانەی وەرزەکە بێت، واتە لە کاتی بەفر سپی مەپۆشن، لە بەهار سەوز مەپۆشن، لە پایز خاکی و رەنگی گەڵای پایز مەپۆشن، بەڵکو رەنگی پێچاوانەی وەرزەکە بپۆشن. 
هۆکارەکەش بریتیە لە:
١ـ تاوەکو لەناو سروشت و چیا و دۆڵەکان بە جوانی رەنگت دیار بێت، ئەمەش سوودبەخشە بەتایبەت لە کاتی ونبوون، یان کەوتنەخوارەوە و هەر رووداوێکی دیکە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بدۆزرێتەوە.

 ٢ـ مەترسی سەربازی، لە کاتی نزیکبوونەوە لە شوێنێکی سەربازی، تاکو بزانرێ شاخەوانن و رووبەڕووی تەقەکردن و پەلاماردان نەبنەوە.

٣ـ سنوور بەزاندن. لە ئەگەری هەڵەکردن و دەربازبوون لە سنووری رێگەپێنەدراو و شوێنی رێگە پێنەدراو، بزانرێ کە شاخەوانن و رووبەرووی مەترسی نەبنەوە.

٤ـ بزانرێ میوانن، کە دەچنە سنووری هەر گوندێک بناسرێن  شاخەوانن و بۆ وەرزش و گەشت هاتوون.

٥ـ لە مەترسی فڕۆکە و هەر مەترسیەکی دیکەی سەربازی بەدوور بن.

٦ـ جل وبەرگی رەنگاڵە، ئارامی بەدەروون و  چاو دەدات و گڕو و تین  بەگروپ و بەشدار بووان دەبەخشێت، بێگومان چێژبینین یەکێکە لە ئامانجەکانی گەشت و شاخەوانی.

٧ـ  دیمەنی جوان، رەنگاڵە لە وێنە و لەبەرچاو بەجوانی دەردەکەوێت، واتە دیکۆمێنتەکان باشتر و جوانتر دەبن.

٨ـ تایبەتمەندی، پۆشینی جلوبەرگی رەنگاڵە یەکێکە لە تایبەتمەندی گروپی شاخەوانی و شاخەوانەکان و لە هەموو شوێنێ پێی دەناسرێتەوە.

زۆرترین بینراو