بە ناڕاستەوخۆ هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدرێت

بە ناڕاستەوخۆ هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدرێت

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە

موڕشید برادۆستی – هەولێر: 

لە دیدارێكی هەفتەنامەی زاری كرمانجی دا، د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێر لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی، ئاشكرای دەكات" بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدرێت،  ئەمەش لە رووی نێودەوڵەتی و نێوخۆییەوە كاریگەری نەرێنی بۆ هەرێم دەبێت،  ئاماژە بەوەشدەدات، گۆڕینی یاسا و هەمواركردنەوەی لە سوودی  هیچ حزبێك نییە و ئەو یاسایەی پەیڕەو دەكرێ گونجاوە بۆ حزبەكانی كوردستان. 
لە دەستپێكی قسەكانیدا، د. ئارام برادۆستی، بۆ زاری كرمانجی گووتی" بە گوێرەی یاسایی ژمارە 1ی ساڵی 1992 كە تا ئێستا حەوت جار  هەمواری بەسەرداهاتووە و گۆڕانكاری تێدا كراوە، لە رابردوو تا ئێستاش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، یاساكەش بۆ هەرێمی كوردستان باش و گونجاوە، بە گوێرەی دواین هەمواری یاساكە، شێوازی هەڵبژاردن وەكو لیست لە هەرێمی كوردستان، نیمچە كراوەیە و دەنگدەران دەنگ بە لیست یان بە لیست و  كاندید دەدەن، بەڵام نابێ تەنها بە كاندید بدرێ، چونكە لەو حاڵەتەدا دەنگ ئەژمار ناكرێ، وەكو هەڵبژاردنی عێراق نییە، سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەمووی یەك بازنەیە و  گۆڕانكاری بە سەردا نەهاتووە، بە پێی یاسایەكی تایبەت بە ژمارە 4 ی ساڵی 2014 لەلایەن كۆمیسۆن بەڕێوەدەبردرێت، لە 2017 ریفڕاندۆمی بەڕێوەبرد و لە ساڵی 2018 یش هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانی بەشێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوەبردووە. 
د . ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێر لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی، دەڵێت" داواكاری هەیە یاسایی هەڵبژاردنی كوردستان هەموار بكرێتەوە، كوردستان بكرێتە چوار بازنە و پارێزگا بكرێتە پێوەر، بەڵام هێشتا نەبۆتە یاسا و پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەپێشدا لەسەری رێك بكەون و دواتر لە پەرلەمان هەمواری یاساكە بكرێتەوە، بەڵام كەمتر لە ساڵێك ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بە تێڕوانینی من بەهۆی كەمی ماوە ناتوانرێ دەستكاری یاساكە بكرێت و هەموار بكرێتەوە.
لە بارەی ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، د.ئارام برادۆستی رایگەیاند" ئامادەكاریەكی ئەو تۆ نەكراوە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، چونكە كێشیەكمان هەیە، ئەنجوومەنی كۆمیساران لە كۆمیسۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ماوەی یاساییان دوو ساڵە بەسەرچووە و پێنج ساڵی خۆیان تەواو كردووە، ئەنجوومەنەكەش بە رێكەوتن دیاری كراون و پشكی لایەنە سیاسییەكانی تێدایە،  پێویستە ماوەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە تا دەست بە ئامادەكاری هەڵبژاردن بكەن. 
بە گووتەی برادۆستی، دوو هۆكار كراونەتە بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، لەوانە بەسەرچوونی ماوەی كۆمیسارانی هەرێم، هەروەها یاسایی هەڵبژاردن و داواكاری بۆ هەموار كردنەوەی و زیاد كردنی بازنە و گۆڕینی لیستی نیمچە كراوە بۆ لیستی داخراو، دووپات لەوە دەكاتەوە"  داواش كراوە یاساكە هەموار بكرێتەوە لە جیاتی كۆمیسیار بۆ دادوەر هاوشێوەی عێراق دابندرێن ئەمەش بیرۆكەیەكی باشە، ئەمانە هەمووی داواكاری پێشنیاز كراون، یەكێك لە داواكارییەكانی هەندێك لایەنی سیاسی كوردستان، كەمكردنەوەی كورسی پێكهاتەكان لە هەمانكاتدا دروست كردنی تۆمارێكی دەنگدەرانی تایبەتە بۆ پێكهاتەكان، ئەمەش ناگونجێ لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و دەبێتە هۆی دروستكردنی جۆرێك لە تەمیز، پێویستە ئاسایی بێت كوردێك دەنگ بداتە توركمانێك، هەروەها توركمانێك دەنگ بداتە مەسیحییەك و بەپێچەوانەوە، بەڵام ئەگەر بێت و تۆمارێكی تایبەت بۆ پێكهاتەكان دابندرێت ئەوا دەرفەتیان پێ نادرێت، ئەمەش دەبێتە دژی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان. 
ئاشكراشی دەكات، ئەگەر بێت و هەڵبژاردن دوابخرێت و ئەنجام نەدرێ لە كاتی خۆیدا، لە ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتی و هەرێمی كاریگەری نەرێنی دەبێت، چونكە بەپێی یاسا دەبێ چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەگەڵ ئەوەدا نیە هەڵبژاردن دوابخرێت، چونكە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا بەڵگەیەكی سەڵمێنراوە سەقامگیری سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیە یا ئەم وڵاتە پیشان دەدات، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت بێگومان بۆشای یاسایی لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، هەرچەندە هیچ لایەنێك بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان نەكردووە، بەڵام داوا كردنی هەمواری یاسای كۆمیسۆن و یاسای  هەڵبژاردن و داواكاری دیكە، بەبۆچوونی من داواكاری هەندێك لایەنە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێر لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی، روونی دەكاتەوە" بەپێی یاسایی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، كە یەك بازنەیە پیادە دەكرێ، پارتە سیاسییەكان و لیستەكان كە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردن هیچ دەنگێكیان نافەوتێ، بەڵام ئەگەر بێت و فرە بازنە بێت رەنگە كاریگەری نەرێنی لەسەر حزبە سیاسییەكان دروست بكات، هەر حزبێكی سیاسی بەپێی بەرژەوەندی خۆی پڕۆژە یاسایی هەموار كردنی یاسایان ئامادەكردووە، هەموار كردنی یاسایی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی هیچ حزبێكی سیاسی كوردستاندا نییە
د . ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێر لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی، گووتیشی" ئەوەی گرنگە هەڵبژاردن لە كاتی خۆی ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت، بەپێچەوانەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، چونكە تا ئێستا نموونەیەكی جوانی پیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە لە رووی بەشداریكردنی سیاسی لە بەڕێوەبردنی وڵات، بۆیە دەبێت خۆمان بگونجێنین و هەموو لایەكمان هاوكار بین بۆ جوان كردنی ناوبانگی كوردستان و بەڕێوەبردنی وڵات". 

زۆرترین بینراو