لە نەخۆشخانەی گشتی بلێ رۆژانە 300 نەخۆش چارەسەر وەردەگرن 

لە نەخۆشخانەی گشتی بلێ رۆژانە 300 نەخۆش چارەسەر وەردەگرن 

هەفتانە 25 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێن


رەمەزان زەكەریا – بلێ : 

نەخۆشخانەی گشتی بلێ ماوەی چەندین ساڵە بەرووی هاووڵاتییاندا كراوەتەوە لە ماوەیەكی كەمدا توانیوە زۆرترین خزمەتی تەندروستی پێشكەشی هاووڵاتییانی ناوچەكە و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكات، كە بەهۆی زۆری بەشەكان و بوونی پزیشكی پسپۆر رۆژانە سەرووی 300 نەخۆش سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەكەن.
د. هەوار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی بلێ، بە زاری كرمانجی راگەیاند، لە هەر چوار وەرزەكانی ساڵ بەبێ جیاوازی و بە بەردەوامی هاووڵاتییانی نەخۆش بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی گشتی بلێ دەكەن لە دەڤەری بارزان، تەنانەت لەم وەرزەدا كە زۆربەی رێگاكان بەفرن بەردەوام نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەمان دەكەن، لە وەرزی زستان دا نەخۆشییە وەرزییەكان زیاتر ژمارەیان بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی لە بەشی فریاكەوتن لەم وەرزەدا رێژەی نەخۆش زیاترن كە زۆربەیان پەتای وەرزییە و جۆری نەخۆشییەكە سووكە.
د. هەوار، گوتیشی:" بەشی راوێژكارییەكان كە بەیانیان دەوام دەكەن و نەخۆش دەبینن، بەڵام بەگشتی لە 24 كاتژمێردا 300 نەخۆش بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی گشتی بلێ دەكەن، ئەو رێژە نەخۆشەی بەردەوام چارەسەر وەردەگرن لە نەخۆشخانەی گشتی بلێ هاووڵاتییانی سنووری دەڤەری بارزان و پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك، ئیدارە سەربەخۆكان، قەزا و ناحیەكانی تری كوردستانن، بەهۆی ئەوەی بارزان هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای دهۆك رۆژانە و بەبەردەوامی رێژەیەكی یەكجار زۆر نەخۆش سەردانمان دەكەن لەگەڵ تەواوی گوند، قەزا، ناحیە هاوسنوورەكانی بلێ و بارزان بەهۆی ئەوەی بلێ چەقی ناوەراستی دەڤەری بارزانە بۆیە ژمارەی سەردانیكەران بەردەوام لە زیادبووندایە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی بلێ، ئەوەشی خستەڕوو:" نەخۆشخانەی گشتی بلێ یەكێكە لە پێشكەوتووترین نەخۆشخانە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بە شاهێدی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی، رێژەیەكی زۆر پزیشكی پسپۆر و باشمان هەیە رێژەیەكی هەرە زۆر لە پسپۆری تایبەتمەند زۆرترین پزیشكی پسپۆرمان هەیە و بەردەوام رۆژانە پێشوازی لە نەخۆش دەكەن، لە هەمان كات دا رێژەیەكی زۆری نەشتەرگەری ئەنجامدەرێت بۆ ئەوانەی پێویستییان بە نەشتەرگەری هەیە ئێستا لە نەخۆشخانەی گشتی بلێ سێ هۆڵی نەشتەرگەری ئامادەكراو هەیە لەگەڵ بوونی هۆڵێكی  منداڵبوون یەكێكە لە پێشكەوتووترین هۆڵ لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر كە زۆرترین پسپۆری تایبەت لەو بەشانە هەن، لەگەڵ ستافێكی جیاواز و كارگێڕییەكی سەركەوتوو، لەگەڵ بوونی چەندین تاقیگەی پێشكەوتوو لەناو نەخۆشخانە بەردەوام نەشتەرگەری دەكرێن كە هەفتانە ژمارەیان  دەگاتە 25 نەشتەگەری جۆراوجۆر جگە لەو نەشتەگەریانەی لە ئیمێر جێنسی دەكرێن. 
د. هەوار، ئاماژەی بەوەشكرد:" لە نەخۆشخانەی گشتی بلێ بەشی نەخۆشییە گوازرا‌وەكان پی سی ئار كراوەتەوە بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەگەڵ ڤایرۆسی گۆڕاو كە ناسراوە بە ئۆمیكرۆن لەگەڵ ئەوانەی دوو ژەم ڤاكسین وەردەگرن ڤاكسین كارت بۆیان دروست دەكەین هەر  لەگەڵ تیمێكی تایبەت بە لێدانی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا لەناو نەخۆشخانەی گشتی بلێ، زۆرترین بەشمان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو هاووڵاتییانەی سەردانمان دەكەن بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
ناوبراو لە بارەی رێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو ناسراو بە ئۆمیكرۆن، دیاركرد:" ئێستا سەرەتای دەستپێكی شەپۆڵی چوارەمی ڤایرۆسی كۆرۆنایە پێویستە هاووڵاتییان زیاتر پابەندبن بە بەستنی ماسك و رێنماییەكانی خۆپارێزی بەتایبەتی لەم وەرزەدا، پێشبینی دەكرێت رۆژانی داهاتوو رێژەی تووشبووان بە كۆرۆنای گۆڕاو زیاتر بێت، لە رۆژانی رابردوو لە نەخۆشخانەی گشتی بلێ ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو بە ئۆمیكرۆن سێ حاڵەتمان دەستنیشانكردووە لە تەمەن و خێزانی جیاوازن و تەندروستیان باشە، بەلم بەڵام بە گشتی لە نەخۆشە گوازراوەكان پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن بەتایبەتی دووركەوتنە لە شوێنە داخرا و قەرەبالغەكان و بەستنی ماسك، رێژەی دانانی ڤاكسین لەو ئاستە نییە كە چاوەڕێمان دەكرد هیشتا لە ئاستێكی خرابدایە دەمانەوێت هاووڵاتییان بە گەرم وگۆڕتر سەردانی نەخۆشخانەی بلێ بكەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا كە ستافێكی شارەزا و پسپۆر ئامادەن ڤاكسین بدەن لەو كەسانەی سەردانمان دەكەن، رێژەیەكی زۆر باش ڤاكسینمان هەیە دەمانەوێت بەرێگای دەزگای زاری كرمانجی هاووڵاتییان ئاگادار بكەینەوە كە زیاتر پابەندبن بە وەرگرتنی ڤاكسین، بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆر ڤاكسین ئامادەیە، جێگای داخە كە تا ئێستا پێشوازی باش لە وەرگرتنی ڤاكسین ناكرێت". 

زۆرترین بینراو