وا بەردەوام بین دەكەوینە چاڵێكی قووڵەوە

ئیسماعیل ئیبراهیم

كەسی ژیر و بیرمەند هەتا ئەگەر ئاستی رۆشنبیری سنووردار بێت، بە تۆزێك بەكار خستنی مێشكی ئەو پرسیارەی لا گەڵاڵە دەبێت ئاخۆ ئەو رەفتار و هەڵوێستانەی یەكێتی لە ئاستی حكومەتی هەرێم و عێراق دەیكات خزمەتی كێ و كام ئەجندای سیاسی دەكات؟ ئەنجامەكەی چییە و كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ دەبات؟  بەڕاستی كێ و كام وڵات لە پشت ئەم هەوڵانەی یەكێتین بۆ پەكخستنی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم؟ ئایا یەكێتی ئەوەندە خوێندەوار و سیاسی و تێگەیشتووی تێدا نییە قسەیەك لەسەر ئەم بابەتە بكەن؟ ئایا جۆش دانی شەقام لە دژی پارتی و واتێگەیاندنیان كە گوایە پارتی زولم لە زۆنی سەوز نیلی دەكات، خزمەت بە كێ و دەستكەوتی چی بۆ یەكێتی تێدایە؟، ئەگەر لە بەرژەوەندی یەكێتیش بێت رەوایە ئاسایشی نەتەوەیی بخاتە مەترسییەوە، تەنها لەبەر ئەوەی دەستكەوتی ماددی بۆ بێتە دی، حزبێك بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە متمانەی شەقامی لەدەست دابێت، خەڵك چیتر قبولی نەبێت دەستەڵاتدار بێت، ئایا دەبێ بە سیاسەتی هەڵەی خۆی دابچێتەوە و خەوشەكانی خۆی چارەسەر بكات، یا بە عەقڵی مافیایی ببێتە هەڕەشە لەسەر هاووڵاتییان و كیانی سیاسی، ئەزموونی رووداوەكانی دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە گرووپێك لە ناو یەكێتی كردیان و خەنجەریان لە پشتی خەڵكی كەركووك و هەرێمی كوردستاندا، كافییە بۆ ئەوەی تێبگەن زیانگەیاندن بە یەكڕیزی ماڵی كورد لە پێناو سەپاندنی ویستی ناڵۆژیكیانە هەموو هاووڵاتییان بەرەو دۆخێكی مەترسیدار دەبات، وەك ئەوەی لە كەركووك و باقی شارەكانی ناوچە دابڕێندراوەكان دەبینین، رۆژانە دەكوژرێن، دەڕفێندرێن، سووكایەتیان پێ دەكرێت، لە كارەكانیان دەردەكرێن، ئازادییان پێشێل دەكرێن، ئیهانە دەكرێن، كار لەسەر نەهێشتی موركی كوردستانی بوونی كەركووك دەكرێت، ئەمانە چەند نموونەیەكی خەرواری چەوساندنەوەی نەتەوەی كوردە كە لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هاتوونەتە ئاراوە.
ئەو سیاسەتی ئێستا یەكێتی پەیڕەوی دەكات، رادەست كردنی تەواوی هەرێمی كوردستانە بە گرووپەكانی سەربە حەشدی شەعبی تا بێنە كوردستان و ئەوەی لە ناوچە دابڕێندراوەكان ئەنجامی دەدەن لە باقی شارەكانی دیكەش بیكەن .
ئەمە لە كاتێكدایە كورد زیاتر لە هەموو ساتێك پێویستی بە یەكڕیزییە و پارتیش تاسەر موخ كار بۆ تەبایی و پێكەوەیی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، چونكە لە مەترسی دوور مەودای ئەم دۆخەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت تێگەیشتووە، ناشكرێت یەكێتی بە بیری مافیایی سیاسی هەڵسووكەوت بكات و بڵێت ئەگەر بۆ من نەبێت، ناهێڵم بۆ هیچ كەسی دیكەش بێت و تێكی دەدەم.
لە لایەك یەكێتی ئەم دۆخەی دروست كردووە، لە لایەك پەكەكە بیانوو دەداتە دەست توركیا، حكومەتی عێراقی بەهەموو توانایەوە كار بۆ لاوازی كوردستان دەكات، ئەمانە و دەیان نموونەی دیكە، هۆكارن كە وردە وردە بنكۆڵی پایەكانی ئەم دەستكەوتانەی باشووری كوردستان بكەن، كە دواجار نەتەوەی كورد زیانێكی مەزن دەكات و بۆ داگیركەرانیش جیاوازی لە نێوان هیچ حزبێكی سیاسی نییە و بە دوژمنی خۆیانی دەزانن. 
بۆیە هەر چەندە درەنگیشە، بەڵام زیان لە نیوەی بگەڕێتەوە هەر بە دەستكەوت هەژمار دەكرێت، هیچ پۆست و دەستكەوتێكی ماددی بەقەد هێشتنەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی و بە بەهێزی گرنگ نیە، ئەمەی روودەدات تەنها لە بەرژەوەندی ناحەزانی نەتەوەی كوردە، كە لە هەموو رووێكەوە لە نەتەوەی كورد بەهێزترن.
واتە چاڵێكی قوڵمان لە پێشە، ئەگەر فریای خۆمان نەكەوین و بە شێویەكی لۆژیكی و بیرمەندانە، سیاسەتێكی ژیرانە نەكەین، ویستی داگیركەران بە دەستی خۆمان دەهێنینە دی و جارێكی تر كورد بەدەستی خۆی دەستی دەبڕدرێت.

 

زۆرترین بینراو