لە ئیدارەی سۆران داوا لە سەرمایەدار و خێرخوازان دەكرێت قوتابخانە دروست بكەن

لە ئیدارەی سۆران داوا لە سەرمایەدار و خێرخوازان دەكرێت قوتابخانە دروست بكەن

"دروستكردنی قوتابخانەیەك هیچی كەمتر نییە لە دروستكردنی مزگەوتێك"


محەممەد مەحموود - ئیدارەی سۆران:

بەپێی بەدواداچوونی هەفتەنامەی زاری كرمانجی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی باڵەخانەی قوتابخانە و باخچەی منداڵان لە سنووری ئیدارەی سۆران پەروەردەكانی ئەو سنوورە پێویستیان بە دروستكردنی 100 باڵەخانە هەیە،  بۆ دەساڵیش دەبێت لەلایەن حكوومەتەوە باڵەخانەی تازە لەم سنوورە دروست نەكراوە، سەرمایەدار و خوا پێداوانی ئەم سنوورەش نەهاتوونەتە پێشەوە بۆ دروستكردنی قوتابخانە.
لەم راپۆرتەدا مامۆستایانی ئیدارەی سۆران بۆچوونی خۆیان خستەڕوو لەسەر ئەوەی تاچەند گرنگە سەرمایەداران و خوا پێداوان قوتابخانە دروست بكەن؟ مامۆستا حەسەن هاشم، گووتی:" قوتابخانە لانكەی پێگەیشتن و پێگەیاندنی سەرجەم چین و توێژە جۆربەجۆرەكانی نێو كۆمەڵگەیە، بۆ خزمەتكردن و بەڕێوەبردنی وڵات و كاروباری هاووڵاتییان، ساڵانە دەبینین لەسەرجەم شاروشارۆچكەكان بەدەیان مزگەوت دروست دەكرێت، كە زۆرێكیان پێویست نین و تەنیا بۆ ناوبانگی دونیا و بۆ ڕازاندنەوەیە و كەچی هیچ عیبادەتێكی تێدا ئەنجام نادرێت، بەڵام دەبینین ڕێژەیەكی زۆری گوندەكان قوتابخانەیان نییە، یاخود قوتابخانەیان هەیە لە خانووی پلاستیكی یان لە خانووی قوڕ و خۆڵ دروست كراون، زۆربەیان مەترسی رووخانیان لەسەرە، هەروەها ڕێژەیەكی زۆری قوتابخانەی شارەكان كۆنن و كەڵكی وانەخوێندنیان نەماوە و بەشێكیان لەبەر كۆنیان مەترسی رووخانیان لەسەرە".
ئەو مامۆستایە، دەشڵێت" بەپێویستی دەزانم روو لە سەرمایەدارەكان و خواپێداوەكان بكەم كە قۆڵی لێ هەڵماڵن و دەست بكەن بە دروستكردنی قوتابخانە و نۆژەنكردنەوەیان، چونكە بەراستی لە قوتابخانە خەڵكی فێرێ خوێندن و خوێندەواری و نوێژ و عیبادەت دەكرێت، دەتوانین بڵێین دروستكردنی قوتابخانە هیچی وای كەمتر نییە لە دروستكردن مزگەوت، كە پاداشتێكی نەبڕاوەی هەیە و كوڕ و كچ و منداڵی ئەم نیشتمانەی تیادا پەروەردە دەكرێت و فێردەكرێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا حەسەن هاشم، روویكردە وەزارەتی پەروەردە و گووتی" لە شارە گەورەكان سەرمایەدارەكان و بەرپرسەكان تەنیا روو لە سەنتەری شار دەكەن و لەنێو شارە گەورەكان قوتابخانە دروست دەكەن، داواكارین لە وەزارەتی پەروەردە ئەو كەس و بەرپرس و سەرمایەدار و رێكخراوە نێودەوڵەتیانەی نیازی دروستكردنی قوتابخانەیان هەیە بیانهێنن بۆ دەرەوەی شارەكان و لە گوندەكان قوتابخانەیان پێ دروست بكەن، چونكە ساڵانە دەبینین نمرە بەرزەكان لە گوندەكانەوە بەدەست دێن.
مامۆستا ئارام ئیسماعیل، بەشداربووێكی تر بوو بۆمان دواو و دیاركرد"  لە هەموو وڵاتێك سەرمایەدار و دەوڵەمەند پاڵپشت و پشتیوانی گەورەن بۆ پێشخستنی وڵات لە هەموو رووێكەوە، لە رووی ئاینییەوەش خێر و پاداشتێكی گەورە بەر ئەو كەسانە دەكەوێت كە پڕۆژەی گەورە بۆ خزمەتی گشتی بنیاد دەنێن، بە نموونە وەك نەخۆشخانە، قوتابخانە، پرد و ڕێگاوبان، ... هتد.
بۆیە زۆر گرنگە لە وڵاتی ئێمەش كە هەزاران دەوڵەمەند و خودا پێداوی هەیە، ئەو بیركردنەوەیە بێتە ئاراوە و سەرمایەدارەكان هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و لەم قۆناغەدا هاوكاری حكومەت بكەن لە بنیاتنان و دروست كردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان".
ئارام ئیسماعیل، ئاشكراشی كرد" حكوومەت دەتوانێت لە بڕی وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكان، دروست كردنی قوتابخانەیان بخاتە ئەستۆی ئەو كۆمپانیا گەورانەی كە لە كوردستان هەن، وێڕای هەموو ئەمانەش پێویستە لە رێگەی مامۆستایانی ئایینی ئەو ڕۆشنبیری و تێگەیشتنە لای هاووڵاتییان بڵاو بكرێتەوە كە دروست كردنی قوتابخانەش هیچی لە دروست كردنی مزگەوت كەمتر نییە، گەر هەموو ئەو هەوڵانە بخرێنە گەڕ، دڵنیام هەڵمەتێكی نیشتمانی گەورە دەست پێ دەكرێت بۆ دروست كردنی قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەكان.
مامۆستا عەبدوالڕەحمن نەجیم ، لەبەر ڕۆشنایی هەست كردن بەبەرپرسیارەتی بەرامبەر نیشتمان و نەتەوە و مرۆڤایەتی بەئامانجی خزمەت كردنی گشتی زۆر گرنگ و پێویستە كەسانی دەوڵەمەند و خاوەن پارە لەبەر گرنگی و ڕۆڵی قوتابخانەو بەهای پڕۆسەی پەروەردەوە و فێركردن لە پێگەیاندنی تاكێكی پڕ زانست و رۆشنبیری و بەرهەمدار لە خزمەتكردن بەئاراستەی باش و بەسوود لە داهاتوو، بیر لەوە بكەنەوە بەشێك لەو سەروەت و سامانەی لەم نیشتمانە دەستیان كەوتووە وەك وەفایێك لە بنیات نان و دروست كردنی قوتابخانە ببەخشن و خەرجی بكەن ٠ چونكوم نیشتمان و هاونیشتمانان ئەوە دەهێنن مرۆڤی دەوڵەمەند وەك ئەركێكی ویژدانی شتێكی كەمی سەروەتەكەی لەوها كارێكی زۆر پێویست و پیرۆز بكاتە دیاری.
مامۆستا ئەحمەد حوسێن، ناپلیۆن پۆناپەرت لە ووتەیەكی بەناوبانگی دەڵێت"ئەوەی قوتابخانەیەك دەكاتەوە، بەندیخانەیەك دادەخات" دروست كردنی قوتابخانە و سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، لەلایەن سەرمایەداران ئەركێكی ئاینی و رەوشتی و نیشتمانپەروەرییە، چونكە زۆرێك لەسەرمایەداران سوودمەند بوونە لە داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی ئەم نیشتمانە، ئەوانەی رۆژێك لە رۆژان قوتابخانەیان دروست كردووە  جێگای شانازی میللەت و وڵاتەكەیانن و خۆشیان زۆر ئاسوودەن هەژمار دەكرێت لە رووی ئاینییەوە كە پاداشتێكی نەبڕاوەیان هەیە لەلایەن پەروەرێنەوە.
بۆ قسەكردن لە سەر لایەنی ئایینی و خێر و پاداشتی دروستكردنی قوتابخانە لە روانگەی ئایینی ئیسلامەوە، د. پشتیوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران بۆ زاری كرمانجی دەڵێ" تێگەیشتن و تێڕوانینی خەڵكی سەرمایەدار و خێرخواز بۆ هەندێك بواری تایبەتی خێرخوازی وەك دروستكردنی (مزگەوت) و فەرامۆشكردنی هەندێك بواری تر كە ئەوانیش هەر خێرخوازین، بۆ نموونە دروستكردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی وەك (قوتابخانە، نەخۆشخانە، ڕێگاوبان و پڕۆژەی ئاو و دروستكردنی خانوو بۆ هەژاران و .... هتد)  تێڕوانین و تێگەیشتنەكە پێویستی بە پێداچوونەوە و تێگەیشتنێكی دروستە، بۆ كارە خێرخوازییەكان، چونكە لە دروستكردنی هەر پڕۆژەیەكی خێری جگە لە رەهەندی ئایینی رەهەندی مرۆیی و كۆمەڵایەتیی و پڕ كردنەوەی پێویستەكانی هاووڵاتییانیشی هەیە". 
لە كۆتایی قسەكانی دا، د. پشتیوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران ئاشكراشی كرد" گومانمان لە فەزل و گەورەی و پیرۆزی مزگەوت نییە لە ئیسلامدا، بەتایبەت ئەگەر لە ئاواییەك یان گەڕەكێكی نوێ مزگەوت نەبوو كاری لەپێشینە دروستكردنی مزگەوتە، بەڵام ئەگەر مزگەوتی هەبوو ئەوە پێویستە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی تر دروست بكرێت وەكو قوتابخانە و نەخۆشخانە .... هتد، نەك دوو مزگەوت و سێ مزگەوت بەبێ قوتابخانە و نەخۆشخانە، چونكە دروستكردنی قوتابخانە یان بنكەیەكی تەندروستی ئەویش هەر خێری نەبڕاوەیە، بۆیە ئایین پرۆژەیەكە بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسانكردنی ژیانی مرۆڤ لە دونیا و قیامەت، نەك بەتەنها پرۆژەیەكی قیامەتی بێت".

زۆرترین بینراو