لە سۆران كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە جووڵەی تێكەوتووە

لە سۆران كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە جووڵەی تێكەوتووە

محەمەد هەسنانی-سۆران:

بەپێی بەدواداچوونی زاری كرمانجی، بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە لە ئیدارەی سۆران، كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە جووڵەی تێكەوتووە.
وەك هاووڵاتییانی قەزای سۆران لە راپۆرتێكی زاری كرمانجی ئاماژە بەوە دەكەن، ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت لە رووی دروستكردنی رێگاوبان و قیڕكردن و كۆنكرێت كردنی شەقامەكان دروستكردنی ئاوەڕۆ و گەیاندنی تۆڕی ئاوی خواردنەوە و كارەبا، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زەوی و خانووبەرە.
میقداد مەجید، خاوەنی نووسینگەی فیردۆس بۆ زەوی و خانووبەرە لە ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:" جووڵەی زەوی و خانووبەرە پەیوەستە بە بووژانەوەی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان، لەگەڵ ئەوەش ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت لەرووی چاككردنی رێگاوبان و شەقامەكان، هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی خواست لەسەر كڕین و مامەڵەكردنی خانوو و زەوی دروست بێت و نرخەكەیان بەرزبێتەوە".
ئەو خاوەن نووسینگەیە، گووتیشی: "ئەنجامدانی پڕۆژەی رێگای دووسایدی دێڵزیان-سۆران هەروەها سەرجەم ئەو شوێن و گەڕەكانەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان تێدا ئەنجام دەدرێت، كاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زەوی و خانووبەرە و خواستی كڕین لەلایەن هاووڵاتییان روو لە زیادبوونە".
ناسیح خالید، ئابووریناس، بە زاری كرمانجی گوت:"جووڵەی ئابووری لە هەموو كەرتەكانەوە راستەوخۆ كاریگەری دەكاتە سەر بووژانەوەی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار و جمووجۆڵی بازاڕ بە گشتی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر كاروپڕۆژەی خزمەتگوزاری هەن راستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی خەڵك و دەبنە هۆكارێك هاووڵاتییان متمانە و خواستی زیاتریان لەسەر كڕینی زەوی و خانووبەرە بۆ دروست بێت، بەتایبەتیش دابین كردنی خزمەتگوزارییەكان، تەنانەت زۆرجار بینیومانە شوێنێك وەك چۆڵەوانی یان دەشتایەك بووە، كاتێك بینیویانە پڕۆژەی رێگاوبان و خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەم جۆرە شوێنانە دابین دەكرێت، راستەوخۆ خەڵك روو لەم شوێنانە دەكەن و پەنا دەبەنە بەر دروستكردنی خانووبەرە".
ئەو ئابووریناسە، دەشڵێ:" لە هەندێك گەڕەك بەهۆی ئاوەڕۆ و كەند و بۆن و پیسایی، هاووڵاتییان بۆ نیشتەجێ بوونیان كەمتر روو لەو شوێنانە دەكەن، بەڵام كاتێك بینیویانە حكوومەت سەرقاڵی دروستكردنی ئاوەڕۆ و قیڕكردن و كۆنكرێتكردنی شەقامەكانە، راستەوخۆ نرخی خانووبەرە لەم شوێنانە بەرزبۆتەوە".
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای سۆران بەوەكالەت بە زاری كرمانجی راگەیاند:" ئەمساڵ لەژێر چاودێری هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەتایبەت لە رووی رێگاوبان جێبەجێكراون، هەروەها كاركردنیش لە هەندێك لە پڕۆژەكان بەردەوامی هەیە، ئەوەش وادەكات خەڵكی ئومێد و متمانەی زیاتری بۆ دروست بێت و نرخی زەوی و خانووبەرە بەرزبێتەوە".

زۆرترین بینراو