Share on facebook
ئەمەریكا: گەمارۆكان هەناردەى نەوتى ئێرانى كەم كردووە
پێنج شەممە, 13 ئەیلول 2012 07:02

ZKW: جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا رای گەیاند، گەمارۆ ناودەوڵەتییەكان دژی ئێران بووەتە هۆی كەمكردنەوەی بەرچاوی رێژەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا.
دەیڤید كۆهێن لە نیویۆرك گوتی "گەمارۆكان بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی هەناردەی نەوتی ئێران لە ماوەی یەك ساڵی رابردوو لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەوە لە رۆژدا بۆ یەك ملیۆن بەرمیل كەم بكا"، تۆڕی دەنگوباسی (رۆیتەرز) ئەم هەواڵەی گواستەوە.

زیاتر رای گەیاند "وەها كەمكردنەوەیەك لە هەناردەكردنی نەوتدا بووەتە هۆی ئەوەی حكوومەتی ئێران مانگانە بڕی 5 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی لەدەست بدا".

كۆهێن زیاتر گوتی "ئەو گەمارۆیانە هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی بانكە ئێرانییەكان لە گەیشتن بە سیستمی ناودەوڵەتیی دارایی تووشی گرفت ببنەوە".

ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپایی لە بەرنامەی ناوكەییی ئێران بەگومانن و تا ئێستە چەندان گەمارۆ دژی ئەو وڵاتە دەركراوە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە بە پاش دەداتەوە و بەردەوام دووپات لە ئاشتیخوازیی بەرنامەی ناوكەییی خۆی دەكاتەوە.

یەكەتیی ئەوروپا و ئەمەریكا تا ئێستە چەندان گەمارۆیان دژی ئێران جێبەجێ كردووە لەوانە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی نەوت لەو وڵاتە و بەم دوایییە یەكەتیی ئەوروپا بڕیاری دا رەشنووسی گەمارۆیەكی نوێ دژی ئێران ئامادە بكا.
لەلایەكی ترەوە نرخی تومەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكایی لە چەند رۆژی رابردوو نزمترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا تۆمار كرد و نرخی یەك دۆلار گەیشتە دوو هەزار و 640 تومەن.
- لە (ئاكانیوز) وەرگیراوە.