Share on facebook
دەوڵەتی یاسا داواى سەپاندنى سزاى ئابووری لەسەر توركیا دەكا
پێنج شەممە, 13 ئەیلول 2012 07:12

ZKW: ئەمڕۆ پێنجشەم سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا داوای لە حكوومەتی عێراقی كرد سزای ئابووری لەسەر توركیا و كۆمپانیاكانی بسەپێنێ بەهۆی هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە هەمبەر پرسی دانەوەدەستی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق.

عەلی شەلا گوتی، ئەردۆگان بەرپرسێكی بیانییە و مافی نییە تانە لە دادگەی عێراق بدا و بەم شێوەیە قسەی لەسەر بكا، ئەگەر توركیا پێشوازی لە تاریق هاشمی دەكا، بۆ چی پێشتر پێشوازی لە عەبدوڵا ئۆجەلان سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان نەدەكرد خۆ ئەو سەركردەیەكی رزگاریخوازە نەك تیرۆریستێكی بكوژ.

پتر گوتی، ئەو پرسە پێوەندیی نێوان هەردوو وڵات تێك دەدا و دەبێ ئامادەكاریی بۆ سەپاندنی سزای ئابووری لەسەر توركیا و كۆمپانیاكانی كە بۆ بنیاتنانی عێراق هاتوون، بەڵام تا ئێستە هیچ شتێكیان بەرهەم نەهێناوە.

پتر گوتی، نێزیكبوونەوە لە توركەكان باوی نەماوە و پێویستە روو لە ژاپۆن و وڵاتانی ئەوروپایی بكەین، چونكە ئەوان خۆیان نقوومی پرسی تایەفی دەكەن و خەون بەدەوڵەتی عوسمانییەوە دەبینن، رۆژنامەی "ئیتیحاد"ی ئیماراتی گواستییەوە.

- لە (ئاكانیوز) وەرگیراوە.