Share on facebook
دكتۆر پەروێز ڕەحیم "پارتی وەك هێزی یەكەمی كوردستان، لەڕووی سیاسی و یاساییەوە بەرپرسیارییەتی گەورەی لەئەستۆدایە
یەک شەممە, 31 ئازار 2019 17:19

" ئەگەر كوردستان نەبیتە خاوەن هێزێكی سەربازی و ئاسایشی یەكگرتوو بەردەوام لەبەردەم هەڕشەی ناوخۆیی و مەترسی دەرەكیدایە"

دیدار-محەمەد هەسنانی: د.پەروێز ڕەحیم قادر، مامۆستا لەبەشی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سەلاحەدین، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، تیشك دەخاتە سەر دۆخی سیاسی هەنووكەیی و سیستەمی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی داهاتوو پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی و چەند پرسێكی دیكەی گرینگ.

*خوێندنەوەی بەرێزتان بۆ رێكەوتنی پارتی و لایەنەكانی تر كوردستان چییە، ئایە ئەم رێكەوتنامانە دەتوانن چارەسەری دوخی هەنووكەی هەرێمی كوردستان بكات؟

- پارتی وەك هێزی یەكەمی كوردستان، لەڕووی سیاسی و یاساییەوە بەرپرسیارییەتی گەورەی لەئەستۆدایە. ڕووداو و ئەزموونی سیاسی و پەرلەمانی و ئابووریی و ئاسایشی، لانی كەم چوار ساڵی ڕابردوو وایكردووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، بە هەستیاری و وریاییەوە مامەلِە لەگەڵ هیزە سیاسییەكانی دیكە بكات. لەلایەكی تریشەوە ئەو ڕاستییە دەركەوتووە كە پارتی و هیزە سیاسییەكان تەنها پێكەوە دەتوان كوردستان بپارێزێن و سەقامگیری و ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكەن و ڕووبەرووی كێشە و گرفتە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ببنەوە، هەروەها لە هەمبەر بەغدا بەهێز بن. بێجگە  لەمەش مافی هەر هێزێكی سیاسییە كە ئەركی دروستكردنی كابینەی حكومەتی لە ئەستۆیە لە لایەنە بەشداربووەكانی دڵنیا بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەكانی خۆی و حكوومەت جێبەجی بكات و سەركەوتوو بێت لە بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردن، كە لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بە دەنگدەرانی داوە. بۆ نموونە رێككەوتنی پارتی و یەكیتی نشتیمانی كوردستان و هەروەها پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان، ئەگەر هەردوو لایەن بەپێی خاڵەكانی رێككەوتنەكە كار بكەن و هەروەها پابەندبن بەجێبەجێكردنی ئەوە بەدڵنیاییەوە بە هۆی پێگەی جەماوەری و ژمارەی كورسییە پەرلەمانییەكەیان و هەروەها مێژوویان لە كاركردن پێكەوە و تەنانەت ناكۆكیش، دەتوانێت بارودۆخێكی جێگیر و سەقامگیری سیاسی و ئابووری و تەنانەت ئاسایشی بێنیتە ئاراوە. بۆیە ئەم رێككەوتننانە بەپێی واقعی سیاسی كوردستان بەشێكە لە پرۆسەی سیاسی و لەپاڵ دابەشكردنی دەرفەتەت و پۆستە سیاسییەكان هەڵگرتن و دابەشكردنی بەرپرسیاریەتییە.

*پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە بناغەی سیستەمی بەرێوەبردن و بەدامەزراویكردنی دامودەزگاكانی هەرێمدا بكرێت؟

- گۆڕانكاری لە هەر بوار و كەرتێك دا بە پرۆسە و هەنگاو بە هەنگاو دەكرێت. هیچ گۆڕانكارییەی كتوپڕ و لەناكاو و خێرا سەركەوتوو نەبووە و نابێت. لەهەمانكاتدا پێویستی بە پلان و بەرنامەیەكی نووسراوی تۆكمەی ستراتیژیی هەیە كە لانیكەم بۆ چەند قۆناغێكی كورت مەودا و مام ناوەندی و درێژمەودا دارێژرابێت. لەلایەكی دیكەشەوە ئەم پلانە ستراتیژییە پێویستە هەمەلایەن و گشتگیر بێت، بەو واتایە كە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتدارییەتی بگرێتەوە، بەڵام لەهەر قۆناغیكدا بەشێك یاخود كەرتێك بەهەماهەنگی و بەپێی پلانەكە بكرێتە ئامانجی گۆڕانكارییەكان. لە هەمووشیان گرنگتر دوو پرسە: یەكەمیان بوونی ئیرادەیەكی جدی لەلایەن هەموو هیزە سیاسییەكان و دووەمیان: بەشداری كەسانی پسپۆر و شارەزای ئەكادیمی لە زانكۆ و سەرچاوە مرۆییەكانی كوردستان بۆ دەستنیشانكردنی هەلە و كێشەكان و دەستنیشانكردنی ئەولەوییەتەكان و پاشان داڕشتنی ستر اتیژییەكە و چاودێری چۆنییەتی جێبەجێكردنی و پیدانی راوێژ بە دروستكەرانی بڕیار لە حزب و حكومەت لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا.

* پێویستە حكوومەتی نوێ چ نەخشە رێگایەك دابنێت بۆ حوكمڕانییەكی بەهێز لە هەرێمی كوردستان؟

-  لەراستیدا وڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بەوڵامی پرسیاری پێشووترەوە هەیە و دەتوانێت تەواوكەری بێت. بەڵام بەگشتی پاراستنی هەرێمی كوردستان لەرووی سەربازیی و ئاسایشییەوە و پاشان چاكسازی لەهەموو بوارەكانی ڕاهێنان و پڕچەك كردن لەم بوارەداو لەلایەكی ترەوە دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتی و بنچینەییەكان، هەروەها پتەو و تۆكمەكردنی بناخە و ژێرخانی پەروەردە و خویندنی باڵا و تەندروستییەكی گشتی مۆدێرن و پێشكەوتوو لەپاڵ هەوڵدان بۆ رەخساندنی كەش و هەوایەكی ئابووری و دارایی گونجاو بۆ وەبەرهینانی دەرەكی و ناوخۆیی و كەمكردنەوەی بێكاری و هەژاری و جیاوازی و جیاكاری چینایەتی لەڕێگەی ڕووبەرووبوونەوە و كەمكردنەوە گەندەڵی و چەسپاندنی سەروەری یاسا و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ یاسا و دەزگای دادوەری و دامەزراوەكانی حكومەت دەتوانێت گرنگتر ین خاڵەكان بن. بێجگە لەكەش كاركردن بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی حكومەت و تەنانەت هاووڵاتیان و پشت نەبەستن تەنها بە داهاتی فرۆشتنی سەرچاوەی سروشتی دەتوانێت خاڵێكی جەوهەری لە بونیاتنانی كوردستانێكی بەهێز بێت. بێگومان ئەمەش بەبێ بوونی ئارامی و سەرقامگیری سیاسی و ئاسایشی و تەنانەت سەربازی و هەروەها بوونی پەیوەندییەكی پتەوی نیوان هێزە سیاسییەكان سەرەڕای جیاوازییەكانیان و لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ بەغدا و هێزە هەرێمی و سەروو هەرێمییەكان دەستەبەر نابێت. بۆیە دەتوانین بڵێین:

یەكەم: گرنگیپێدان بە كەسانی پسپۆر و ئەكادیمی بەڵام دڵسۆزی ناوخۆیی بۆ خودی ئەم مەبەستە.

دووەم: داڕشتنی ستراتیژییەكی هەمەلایەنە و گشتگیر، بەڵام نووسراو و دیراسەتكراو بۆ ئەوەی روون بكرێتەوە كە بەبەراورد لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەكانی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەكیدا چی ستراتیژییەك بگیرێتەبەر و چی دەرفەت و توانایەك هەیە و بەم پێیە ئەولەوییەتەكان چین و پاشان دەستنیشانكردنی بنەما و خاڵەكانی كوردستانی بەهێز.

سێێەم: بوونی ئیرادەیەكی جدی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری و بەردەوامبوون لە بونیاتنانی كوردستانێكی بەپلەی یەكەم لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان، پاشان پشتیوانی بەهێز لەلایەن هێزە سیاسییەكانی ترەوە.

چوارەم: ڕاگەیاندنی بەشە سەرەكییەكانی ئەم پلانە بۆ ڕای گشتی و ئاگاداركردنەوەیان لە بەرەو پێشەڤەچوونی بەرنامەكە.

*پرسی سوپایەكی نیزامی و نشتیمانی پڕسێكی گرنگ و جێگای بایەخە، چۆن دەڕوانە ئەم بابەتە، خوێندنەوەتان چییە لەو بارەیەوە؟

- بەهۆی پسپۆڕی  وردی زانستی ( ئاسایشی نەتەوەیی) خۆم لەلایەك و ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووی هەرێمی كوردستان دەتوانم بڵێم ئەگەر كوردستان نەبیتو خاوەن هێزێكی سەربازی و ئاسایشی یەكگرتوو ئەوە بەبێ دوودڵی دەڵێم هیچ كام لە پلان و بەرنامەكانی جێبەجێ نابیت و بەردەوام لەبەردەم هەڕشەی ناوخۆیی و مەترسی دەرەكیدایە. رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 باشترین بەڵگەن. بەڵام گرنگترین خال ئەوەیە كە ئەگەر بەشێوەی ڕابردوو و بەپێی پلان و نەخشە رێگە و پێكهاتەی دامەزراوەیی ڕابردوو بە ئاراستەی یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە كار بكەین، ئەوە بێگومان هەوڵەكانمان بەفێرۆ دەچێت و دووبارە لەم بوارەدا شكست دەخۆین و تەنها كات و دەرفەت و توانا مرۆیی و مادییەكانمان بەفێرۆ دەدەین. ئەزموونی ڕابردوو نیشانی دا ئەم مۆێلە لە یەكخستنەوە سەركەوتوو نابێت بۆ پێویستە بەسود وەرگرتن لە ئەزموونی سەركەوتوو  و كەسانی شارەزا مۆدێلی نوی تاقی بكەینەوە. بیجگە لەمەش ئەگەر دوو هێزی سەرەكی كوردستان  (پارتی و یەكێتی) ئیرادەیەكی جدیان نەبێت بۆ ئەم كارە و متمانەیان بە یەكتری نەبێت ئەوە ئەم پرۆسەیە سەركەوتوو نابێت.

* تاچەند ئومێدت بە رێكەوتنی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند هەیە، پێتوایە حكومەتی عێڕاق لەناردنی ئەو برە مووچەی دیاریكراوە بەردەوام بێت؟

- لەراستیدا یاخود لە بنەڕەتدا بەهۆی خوێندنەوەی خۆم و ئەزموونی ڕابردوومان من هیچ كات متمانەی تەواوم بە حكومەتی بەغدا نییە، بەڵام بەپیی گۆڕانكاری كەسەكان و هەروەها گۆڕان لە هاوسەنگی هیز لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كێشە  گرفتەكانی خۆ یان هەڵوێست و رەفتار و سیاسەتیان بۆ ماوەیەكی كاتی لەهەمبەر هەرێمی كوردستان دەگۆرَدرێت. بەڵام تا ئەو كاتەی كە لەلایەك كەسیكی تاڕادەیەك میانڕەوتر لەسەر كارە و لەلایەكی ترەوە هاوسەنگی و بەستێن و دەرفەتێك بۆ دیپلۆماسی و دانووستان و لێكتێگەیشتن، هەروەها چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانمان لە بەغدا هەیە پێوستە سوودی لێوەربگرین. بەبڕوای من هەمیشە گفتوگۆ و دانووستاندن دەتوانێت باشتر بێت لەبارگرژی و توندوتیژی و تەنانەت جەنگ، بۆیە پچڕاندنی پەیوەندییەكان دوایین و نەخوازراوترین بژاردەیە و تەنانەت تەنها دەوڵەتی سەربەخۆ دەتوانیت جێگروەی بەغدا بێت بۆ ئێمە لەئێستا و لەم قۆناغەدا. بۆیە واباشترە هەموو قورسایی و هەوڵمان لە بەغدا چڕبكەینەوە بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردساتن. ئەمەش بەبێ بوونی یەكگرتووی و یەك گوتاری هێزە سیاسییەكانی كوردستان و بەهێزی لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان ناكرێت. جگەلە مانەش پێویستە بۆ دوایین جار ئەوە روونبكریتەوە كە ئایا ئیمە وەك كورد و پاشان هاوڵاتی عێراق بەشدار و هاوبەشیی سەرەكین لە بەڕێوەبردنی عێراق یاخود هاووڵاتی پلە دوو و تەنانەت میوان؟!

*پێگەی حكومەتی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی چۆن دەبینی؟

- هەرێمی كوردستان لە ئاستی هەرێمی و سەروو هەرێمی، بەهۆی پێگە جیۆسیاسی و جیۆستراتیژی و تەنانەت جیۆئیكۆنۆمییەكەی پەیوەندییەكانی پتەوتر و باشترن بەبەراورد لەگەڵ بەغدا. بۆیە ئەوەش جێگەی هەڵوەستەلەسەركردنەوە و هۆكاری زۆرن. بەڵام دیپلۆماسی حكوومەتی هەریمی كوردستان لەپاڵ بوونی هێزی پێشمەرگە و جەنگی دژی داعش و هەروەها بوونی دەرفەتی ئابووری بێوێنە لە هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیا و وەربەهێنەرانی بیانی وایكردووە كە تا ئاستی دەوڵەت ئەو پەیوەندییانە بەرز ببێتەوە. بەڵام بەداخەوە ڕووداوەكانی پاش ریفراندۆمی سەربەخۆیی و بەتایبەتی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و تەنانەت سەركەوتنی بەرێز نێچیرڤان بارزانی، لە هەوڵەكانی بۆ شكاندنی ئابڵۆقە و گەمارۆی سیاسی و دیپلۆماسی، نیشانی دا ئەم سیاسەت و چۆنییەتی و بنەمای ئەو پەیوەندیانەی ڕابردوو پێویستە پێداچوونەوەی پێدابكریت و دارێژراوتر و زانستی تر بێت و سوود لە زانستی پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان و كەسانی بە ئەزموون و لۆبی شوێندانەرتر وەربگیرێت و هەموو بوار و جۆرەكانی دیپلۆماسی تاقی بكەینەوە كە ئیمڕۆ لە جیهاندا سوودی لیوەردەگیرێت، بۆ نموونە دیپلۆماسی ئاسایشی و دیپلۆماسی دیجیتال و راگەیاندن و دیپلۆماسی ئابووری و وزە و دیپلۆماسی كەلتووری و دیپلۆماسی ناوەندەكانی هزری و توێژینەوە و ...هتد.

* زۆرجار لە هەرێمی كوردستان باس لە دوو ئیدارەی دەكرێت ئایا قسەی بەڕێزتان بۆ ئەمە چیە؟

- تەنها دەڵیم ئەمە كارەساتی عەقڵی سیاسی كورد بەگشتی و هێزە سیاسییەكانە (ئەو هێزەی بانگشەی بۆ دەكات) بەتایبەتی كە پاش 27 سال فەرمانڕەوایی و ئەزموونكردنی هەموو ئەو ناكۆكی و گرفت و تەنانەت پێكدادانە سەربازییانە بگەڕێینەوە بۆ دواوە و هەموو شتێك بدۆڕێنین!. جگە لەمەش ئەو هێزەی پەنای بۆ دەبات بەبڕوای من خۆكوژی سیاسی دەكات. جگە لەمەش بارودۆخی ناوخۆیی عێراق و هەروەها بەژەوەندی هێزە سەروو هەرێمییەكان رێگە بەوە نادات. بەڵام خودی هەڕەشەكە مەترسدارە و خویندنەوەی زۆر هەلدەگڕیت كە لێرەدا جێگەی نییە.

* بۆچی وڵاتی جیهان هەولێر بە ناوەندێكی گرینگی بڕیاردان دەزانن؟

- هەر وەك ئاماژەم پیدا لەلایەك خودی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستان و لەلایەكی ترەوە پێگەی جیۆسیاسی و جیۆستراتیژی و جیۆئێكۆنۆمیكی هەرێمی كوردستان لەپاڵ جەنگی قارەمانانەی پێشمەرگە لە دژی داعش وایكردووە هەولێر، ببێتە ژمارەیەك لە هاوكێشە هەرێمییەكان و ناوخۆیی عێراقدا. بێجگە لەمانەش، بوونی نائاسایشی و پێكدادان و بارگرژی سیاسی و باروۆدخی خراپی ناوچەكانی تری عێراق، وایكردووە هەریمی كوردستان وەكوو دورگەیەكی ئارام و خاوەن سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق و ناوچەكە سەیر بكرێت. لەم نێوەندەشدا نابێت بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و تەنانەت ئاسایشیی هێزە هەرێمی و سەروو-هەرێمییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان فەرامۆش بكەین.