Share on facebook
"كورد نەتەوەیەكی مێوان دۆستن"
سێ شەممە, 02 نیسان 2019 06:42

ڤیتۆلد رێپێتۆڤیج: رابردووی ئێمە وەك ئێستای نەتەوەی كوردە


"نوێنەری حكومەتی هەرێم لە پۆلەندا وەك پێویست نییە"

تایبەت بە زاری كرمانجی: نوسەرو رۆژنامەنووسی پۆلەندی، هەروەها لێكۆڵەرو پسپۆر لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ڤیتۆلد رێپێتۆڤیج)، چەندین لێكۆڵینەوەو نووسینی لەبارەی كوردەوە بڵاو كردۆتەوە، دوو كتێبیشی نووسیوە لەسەر عێراق و كوردستان، هەروەها چەندین جار سەردانی كوردستانی كردووە لەنزیكەوە لەگەڵ پێشمەرگەكان لەبەرەكانی شەڕدا بووە. لەبارەی كارو بابەتاكانی و هەروەها تێڕوانینەكانی بەرامبەر گەلی كوردستان لەهەڤپەیڤینێكدا وەڵامی پرسیارەكانی هەفتەنامەی زاری كرمانجی دایەوە.


دیمانە/ زیاد عەبدولقادر گەردی


* كارو تایبەتمەندیت لە چ بوارێكە؟
- تایبەتمەندیم لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەمبارەیەوە دوو كتێبم نووسیوە یەكیان لەبارەی كوردستانە بەناوی (ناوم كوردستانە) دووەمیان لەبارەی عێراقە بەناوی (ئەڵاهو ئەكبەر جەنگ و ئاشتی لە عێراق). هەروەها دكتۆرا دەخوێنم لەكۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی- ئەكادیمیای هونەری جەنگ.
* پاڵنەرەكانت چین كەوا گرنگی بە دۆزی گەلی كورد دەدەی؟
- پێش سەرهەڵدانی داعش چەندین جار گەشتی كوردستانم كردووە، بوومەتە هاوڕێی زۆربەی كوردەكان بەتایبەتیش لەخەلیفان و عەشیرەتی سورچی، دواتر دەرفەتی ئەوەم بۆرەخسایەوە وەك رۆژنامونووسێك بڕۆمەوە كوردستان بۆ جەنگی هێزە كوردییەكان، جاری  یەكەمیان لەگەڵ پێشمەرگەكان لەجەلەولا و تلسقۆڤ بوو، بەڵام لە كۆتاییەكانی 2014 چوومە رۆژئاوا، هەروەها ڕاپۆرتم نووسیوە لەبارەی بارودۆخی باكور كاتێ كە سوپای توركی ئابلۆقەی ناوچە كوردیەكانی دەدا لە 2015.
* تێڕوانین و بۆچوونت لەبارەی گەلی كورد چیە؟
- هەمیشە وایدەبینم كوردەكان زۆر هاوڕێیانەو پڕ میواندارین یا میواندۆستن، هەروەها دژی چەوسانەوە خەبات دەكەن و دەجەنگن.
* لێكچوونی نێوان كوردستان و پۆلەندا لەچییەوە دەیبینی؟
- لەسەدەی نۆزدەدا پۆلەندا وەك كوردستان دابەشكرا لەلایەن دراوسێكانییەوە، ئێمەش خەباتمان كردو جەنگاین لەپێناو ئازادی، دوای جەنگی یەكەمی جیهانی سەربەخۆییمان بەدەستهێنا ئەوكاتەش كە پێویستبوو دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ پێكبهێندرێت بەهۆی پەیماننامەی سیڤەر، بۆیە خەباتی نەتەوەی كوردی لەوەی ئێمەی رابردوو دەچێ، هەروەها ئێمەش لەپێناو ئازادیدا كاتێ تێدەكۆشاین زۆر پەرت و دابەش ببوین، ئەوكات گروپ و پارتی جیاواز و بۆچوونی جۆراوجۆر هەبوو لەبارەی ئەوەی چۆن سەربەخۆیی بەدەست بینین كە بەداخەوە دەتوانم هەمان كەمووكوڕی لەنێو لەڕیزەكانی كورد ببینم.
* چۆن دەڕوانیە تاوانی كۆمەڵكوژی كە لەدژی كوردەكان ئەنجام دراوە؟
- كورد دووچاری تاوان بوونە و زۆرترین ستەمی تۆقێنەریش لە دژیان ئەنجامدراوە، وەكو كۆمەڵكوژی دێرسیم و ئەنفال، كە ناكرێ لەبیر بكرێت، هەروەها ئێمەی پۆلەندیەكانیش لەپرۆسەكانی كۆمەڵكوژی ڕێكخراو لەلایەن ئەڵمان و رووسەكان  بەئامانج كراوبووین.
* كارو ئەو بابەتانەی كە لەسەر كوردستان بڵاوت كردۆتەوە چەندە؟
- زۆرێك لە وتار و بابەتم بڵاو كردۆتەوە كە لە ژماردن نایێت، هەروەها میواندارییەكی زۆر كراوم لە بەرنامەی جۆراوجۆری تەلەفزیۆنی‌و رادیۆیی لە بارەی دۆزی كوردو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداریكردن لە كۆنگرەو دیبەیت وئڤێنتەكانی تایبەت بە كورد، هەروەها نووسینی چەندین وتاری زانستی لەسەر پرسی كورد.
* ناوەڕۆكی كتێبەكانت كەباس لەكورد دەكات و پاڵنەریشت بۆ لەچاپدانی ئەم كتێبانە چین؟
- كتێبی یەكەمم لەبارەی سێ بەش لەچوار پارچەكەی كوردستان بوو، باشور، باكور و ڕۆژئاوا، كە دامڕشتووە لەسەر بنەمای ئەزموونی كەسی گەشتەكانم بۆ كوردستان، هەروەها باگڕاوندی فراوانی سیاسی، كەلتووری و مێژوویی تەنانەت هەندێ ئەفسانەی كوردی، هەروەها لەسەربنەمای شەڕ و خەباتی كوردی. كتێبی دووەمم لەبارەی عێراق و ئاڵۆزییەكان و جەنگەكانی  داعشە، كەتێیدا بەشێكی تەواوی لەسەر كوردستانە.
* رۆلی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپۆلەندا چیە لەپەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و پۆلەندا؟
- پێویستە رۆڵێكی گەورەی هەبێ، بەڵام  رۆلەكەی زۆر لاوازە، هیچ چالاكییەكی جددی ئەم نوێنەرە نابینم.
* نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپۆلەندا ‌هیچ یارمەتی و ئاسانكارییەكی پێشكەش كردووی؟
- بەداخەوە، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپۆلەندا نەك هەر یارمەتیم نادات بەڵكو كێشەم بۆ دروست دەكات، كێشەكە ئەوەیە ئەو دەیەوێ ئەوەم بەسەر بسەپێنێ یاخود ئەوەی ئەو دەیەوێ ئەوە بنووسم، ئەمەش ئەو شێوازە نیە كە رۆژنامەنووسەكان لە وڵاتە ئازادەكان بەكاری دەهێنن، ئەمەشم بەڕای گشتی پۆلەندیاكانم رانەگەیاندووە، چونكە بەشێوەیەكی گشتی زیان بەوێنەی كورد دەگەیەنێت لەپۆلەندا. ئومێدەوارم حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە كارێك بكات، زۆر بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەو تەنها لەگەڵ من لەململانێدا نیە بەڵكو لەگەڵ زۆرێك لەكوردەكانی پۆلەندا لەكێشمەكێش و ململانێ دایە.
* تێڕوانینت بۆ داهاتووی كوردستان چیە؟
- ئەمە دەوەستێتە سەر هەر پارچەیەكی كوردستان كەلێی بدوێی، كوردستان تەنها باشوور نیە، بڕوام وایە لەعێراقدا مەسعود بارزانی و عادل عەبدولمەهدی لەپەیوەندییەكی دۆستانەی باشدان، هەروەها بەرهەم سالح روویەكی دیارە لەسیاسەتی دەروەی عێراق ئەمەش كوردە، بۆیە بارودۆخی باشوور بەرەو باشتر دەچێ، هەروەها پێموایە كوردەكان لەسووریا بەرگری دەكەن تا ئەوەی دەیانەوێ بەدەستی دەهێنن، كێشەی گەورە توركیایە بارودۆخی كوردەكان لەم وڵاتەدا زۆر خراپە و پێشبینیەكان خەمۆكاوین.

پڕۆفایل:
ڤیتۆلد رێپێتۆڤیچ (لەدایكبووی 1975)   Witold Repetowicz
رۆژنامەنووس، پارێزەر، لێكۆلەری تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
قوتابی دكتۆرا لە كۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی- ئەكادیمیای هونەری جەنگ
بابەتە شیكاریەكانی لەبارەی ئاسایش و جیۆپۆلۆتیكە
راپۆرتەكانی لەسەر ئەم شوێنانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە پڕە لەململانێ وكێشمەكێشم
راپۆرتەكانی وەكو هاوكار لەگەڵ ئەم دەزگا میدیاییانەیە:
- پەیامنێری ئاژانسی راگەیاندنی پۆلەندیە
- دێفێند 24
- هەفتەنامەی دۆژێچی
- هەفتەنامەی پۆڤشێچنیم
- پۆلسكا زبرۆنیا
- دامەزراوەی پۆلاسكیێگۆ
- پۆزنای شفیات
- كۆنتینێنتاخ
- نووسەری بڵاوكراوە زانستیەكانە لەبارەی پرسی كوردو دیمۆگرافیا
هەروەها بڵاوكردنەوەی دەیان ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی، بەتایبەتیش لەسەر دۆخی ئاوارەی سوریەكان
لە 16ی نۆڤێمبەر تا 22 ی دێسێمبەری 2017 دەستگیركرا لەلایەن دەزگای هەوڵگری سووری
لە 2018 خەڵاتی باشترین رۆژنامەنووسی پێبەخشرا لەلایەن كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی پۆلەندی
بەهۆی لێهاتووەی ئازایەتی لەكارەكانیەوە
لەلایەن باڵوێزخانەی عێراق  لەپۆلەندا ڕێورەسمی ریزلێنانی بۆ ڕێكخرا
لەلایەن ڕێكخراوی رۆژنامەگەری كوردی رۆژئاوا (یەكێتیا راگەهاندنا ئازاد) ڕیزی لێگەراوە لەسەر كتێبی(ناوم كوردستانە) كەساڵی 2016 نووسیبووی
لە 2017ەوە چوونەناوەوەی وڵاتی توركیای لێ قەدەغە كراوە
شاندەكانی كەسەردانی كوردستان دەكەن هەمیشە وەك راگەیاندنكار لەگەڵیان ئامادە دەبێت