Share on facebook
پارتی بەرنامەی باشی پێیە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان
دووشەممە, 08 نیسان 2019 11:04


دیدار –ڕائیب شێروانی
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" رێككەوتنی پارتی لەگەڵ لایەنەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە، پارتی بەرنامەی باشی هەیە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت خێراتر دەكات، چونكە پاش دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەرێم لە ماوەیەكی نزیكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەست بەكار دەبێت. گوتیشی، پەیوەندی هەرێم لەگەڵ جیهان لە ئاستێكی زۆر باشدایە و لە داهاتووشدا زۆر باشتر دەبێت، چونكە  ئەوەی كە ئێستا دیارە هاتنی سەركردە و وەفدەكانی جیهان بۆ هەولێر هەموو ئەوانە بەڵگەن كە ئەوان پشتگیری لە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم دەكەن كە لە ئایندەدا دروست دەبێت.
ئەندامی سەركردایەی و بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاركرد:" بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی حكوومەت و دەستبەكاربوونی مەسروور بارزانی وەكو سەرۆكوەزیرانی كابینەی نوێ، هەرێمی كوردستان پێ دەنێتە قۆناغێكی زۆر تازە، ئەمن و ئاسایش زیاتر دەبێت، تەبایی لە نێوان هێزە سیاسییەكان زیاتر دەبێت، رەوشی مووچە باش بووە، پرۆژە و كاری خزمەتگوزاری دەست پێ دەكاتەوە، ئەگەر هیچ شتێكی لابەلا نەهێتە پێشەوە چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی زۆر زێڕین دەبێت لە هەرێمی كوردستان.
ئیسماعیل، گوتیشی:" رێككەوتنی پارتی لەگەڵ لایەنەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە، چونكە ئەگەر ئیستقراری سیاسی هەبێت، بە تەئكید ئیستقراری كۆمەڵایەتی و ئابووری لێ دەكەوێتەوە، هەموو ئەوانەش لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە، پارتییش بەرنامەی باشی هەیە، بەتایبەتی ئەو بەرنامانەی كە لە بانگەشەی هەڵبژاردن وەكو بەرنامەی پارتی بۆ هەڵبژاردن بوو، چ ئەو بەرنامانەی كە لە ئایندە و لە كاتی حوكمڕانی و دەستبەكاربوونی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كە دادەنێ هەمووی لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندایە، چەند حزبەكان تەبا بن ئەوەندە دەتوانن بەرنامەكان بخەنە خزمەتی خەڵك.
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەی و بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكراشی كرد:" پەیوەندی سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسوول كێشەكانی چارەسەر كرد، ماوەیەكی زۆر بوو، دوا هەوڵیش بوو چی دیكە دەرفەت نەمابوو كە زیاتر چاوەڕێ بكەین، بە تەئكید ئێمە ئارەزوومان بوو كە برادەرانی یەكێتی بێن هەم لە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، هەم لەو پرۆسانەی كە لە دوای ئەویش دێن بەشدار بن.
دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند:" ئەوەی كە تا ئێستا هەیە نیەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق نیەتێكی باشە و دەیەوێت كێشەكان چارە بكات، بەتایبەتی پاش سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەموو كاری باشن، هیوادارین لە داهاتوودا هەر وا بێت، گرنگ ئەوەیە كە لەسەر بابەتی نەوت رێككەوتن بكرێت، بۆ ئەوەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت.
بەرپرسی لقی 16ی پارتی باسیشی لە وەكرد، كە هەندێك یاسا هەن كاتی دەوێت، خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی دەوێت، هەر ئەوەندە كاتی دەوێت ئەگەرنا هیچ بەربەستێكی دیكە نەماوە لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەت، هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت خێراتر دەكات، چونكە پاش دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەرێم لە ماوەیەكی نزیكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەست بەكار دەبێت.
بڵند ئیسماعیل، گوتیشی:" پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هەرێمی كوردستان توشی دابڕانێك بوو لەسەر ئاستی دنیا، بەڵام بە ماوەیەكی زۆر كورت ئەو حەرەكەی لەلایەن سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و مەسروور بارزانی و ئەو دیبلۆماسیەتەی كە پارتی دەستی پێ كرد، جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان كەوتەوە سەر پێ و ئێستا پەیوەندی هەرێم لەگەڵ جیهان لە ئاستێكی زۆر باشدایە و لە داهاتووشدا زۆر باشتر دەبێت، چونكە  ئەوەی كە ئێستا دیارە هاتنی سەركردە و وەفدەكانی جیهان بۆ هەولێر ئەوانە هەموو بەڵگەن كە ئەوان پشتگیری لە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم دەكەن كە لە ئایندەدا دروست دەبێت.
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەی و بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان روونیكردەوە:" بابەتەكە كەركووك نیە، ناوچە كوردستانییەكان هەموو پێكەوە كە پێشتر بە ماددەی 140 ناوی دەهات، دەبێت رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت، ئەوەش كارێكی ئاسان نابێت، رێككەوتنی دەوێت، جا چ رێككەوتنێكی نوێ بكرێت، چ ئەو رێككەوتنەی كە پێشتر هەبوو، كە لە یاسادا هاتبوو بەناوی ماددەی 140 لەسەر ئەو بنەمایە كێشەی ئەو ناوچانە چارە بكرێت".