Share on facebook
3 هەزار و 486 كەس لە سنووری قەزاكانی سۆران لە چاوەڕوانی مووچە دان
دووشەممە, 08 نیسان 2019 11:14


ئا: ڕائیب شێروانی
بە بڕیارێكی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، لە 2011دا لە رێگەی‌ وەزارەتی‌ كاروكاروباری‌ كۆمەڵایەتییەوە مووچەی ‌چاودێریی‌ خێزان لە 30 هەزار دینارەوە زیاد كرا بۆ 150 هەزار دینار، لە ساڵی 2015وە خەرجكردنی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی وەستاوە، پێش وەستانی مووچەكە، 3 هەزار و486  كەس بە ناوی مووچەی چاودێریی خێزان مووچەیان لە چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران وەردەگرت. بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران دەڵێ، پێویستە حكوومەت پەلە بكات لە دەركردنی رێنماییەكان و دانانی سیستەمێكی نوێ بۆ سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی خێزان.
توران خدر عیسا، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران بۆ زاری كرمانجی گوتی:" بۆ دەستپێكردنەوەی مووچەی چاودێری خێزان تا ئێستا هیچ شتێكی فەرمی بۆ ئێمە نەهاتووە، بڕیار وایە لە داهاتوودا دووبارە دەست بە خەرجكردنەوەی مووچەی چاودێریی خێزان بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێك بە فەرمی بۆ ئێمە نەهاتووە كە ئایا هەر لەسەر سیستەمی كۆن مووچە دابەشی سەر ئەو كەسانە دەكرێت، یان بەپێی سیستەمی تازە دەبێت، 3 هەزار و 486 كەس كە پێشتر مووچەیان وەرگرتووە، ئێستا مووچەیان راگیراوە و وەرناگرن و چاوەڕوانی دابەشكردنی مووچەكانیان دەكەن.
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران گوتیشی:" ژمارەی كەمئەندامان لەسنوری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان كە هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز لە خۆ دەگرێت دیارە و تا ئێستا هیچ ئەندامێكی دیكە وەرنەگیراوە، هەندێك لە ئەندامان لە لیژنە دەرنەچوون، هەندێكیان سكاڵایان هەبوو، بۆ بەدواداچوون بۆ سكاڵاكانی ئەوان لیژنەیەكی دیكە پێك دێت، دووبارە پێداچوونەوە بە كەمئەندامان دەكرێت كە رەنگە ئەم مانگە ئەو لیژنەیە بهێت و بەدواداچوون بكات و ژمارەی كۆتاییمان دەداتێ، كە ئێستا 4 هەزار و 880 كەس مووچە وەردەگرن، هەروەها مووچەی زیاتر لە 700 كەمئەندامیش بڕاوە، پێمان باشە ئەو كەمئەندامانەش لە داهاتوودا سوودمەند بن لەو مووچەیە.
توران خدر عیسا، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەو كەسانەی توشی نەخۆشی ئۆتیزم بوونە، لە بابەتی مووچە وەكو كەمئەندام مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، لەداهاتوودا لەبەرنامەی ئێمەدایە و داواشمان كردووە كە سەنتەرێك بۆ شیاندن و ڕاهێنانی كەمئەندامان بكرێتەوە، كە سۆران پێویستی بە سەنتەرێكی ئۆتیزم هەیە، بەڵام ئەوەش كاتی پێویستە تا ئەو سەنتەرە بكرێتەوە".