Share on facebook
رێڤینگ هرۆری : مووچەی پێشمەرگە بەپێی خزمەت و باوەڕنامە دابەش دەكرێت
دووشەممە, 15 نیسان 2019 17:03


چاوپێكەوتن –ڕائیب شێروانی
رێڤینگ هرۆری، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، جیاوازییەكی زۆر لە نێوان مووچەی پێشمەرگەدا هەیە و كار بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو جیاوازییە نەهێڵن، لەگەڵ ئەوەی دەمانەوێت دووبارە دەست بە پلەبەرزكردنەوە بكرێت و كاریش بۆ ئەوە دەكەین كە رۆژێك بۆ پێشمەرگە دیاری بكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" لیژنەی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، تا ئێستا ئەولەویەتی كاری ئێمە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و ڕاسپاردنی سەرۆكی حكوومەتە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام بێگومان لیژنەكانی ناو پەرلەمان كۆبوونەوە و گفتوگۆ دەكەن و ئامادەكاری دەكەن بۆ پاش پێكهێنانی حكوومەت دەست بە پەسەندكردنی هەندێك پرۆژە دەكرێت، ئێمەش پرۆژەی خۆمان هەیە، لە چوار ساڵی داهاتوودا چاكسازی دەكرێت، ئەگەر ئەو پرۆژەیە جێبەجێ كرا، جیاوازی مووچە لەناو هێزەكانی پێشمەرگە و خانەنشینان و پلەی بەرزی ئەویش لەناو پرۆژەكە چارەسەر دەكرێن.
هرۆری، گوتی:" ئێَمە وەكو لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە بەرمانە ئەو پرۆژانە بخەینە كار، جا لەم وەرزەدا بێت، یان وەرزی داهاتووی پەرلەمان بێت، چونكە پێشمەرگە توێژێكی كەمدەرامەتە و مووچەكەیان لە هەموو مووچەكانی دیكە كە دەدرێن كەمترە، پێشمەرگە زۆر مەغدوورە، جیاوازیی زۆر لە نێوان مووچەی پێشمەرگەدا هەیە لە یەكەیەكەوە بۆ یەكەیەكی دیكە، هێزەكانی ناوخۆش هەر بەو شێوەیە، بەرزكردنەوەی پلەكانی پێشمەرگەش هەر بەو شێوەیە لە ساڵی 2014 تا ئێستا بەرز نەكراونەتەوە، هەروەها زۆر پێشمەرگە هەنە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان پێشمەرگە بوونە و تا ئێستا پلەكانیان بەرز نەكراوەتەوە، لەناو هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایشدا لەبەر ئەوەی كە بڕوانامەیان نەبووە، مووچەیەكی كەمیان پێ دەدرێت، ئەوە هەموو پێویستی بەوە هەیە كە چاكسازی بكرێت، یان ئەو جیاوازییەی كە لە نێوان مووچەی ئەواندا هەیە نەمێنێت، هەروەها بۆ خانەنشینانیش دەبێت شتێك بكرێت كە بە دڵی ئەوان بێت، بۆیە زۆر پڕۆژەی باشمان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش پێیە، ئەگەر ببنە یاسا لە بەرژەوەندیی ئەواندا دەبن، بۆیە دەبێت هەرچی زووە باروگوزەرانی پێشمەرگە خۆش بكرێت و مووچەی پێشمەرگە بە پێی خزمەت و باوەڕنامە دابەش بكرێت و ئەو جیاوازییەی كە هەیە نەمێنێت، بۆیە هیوادارین لە زووترین كاتدا حكوومەت پێك بێت، بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو لیژنەكانی پەرلەمان بتوانین كاری خۆمان بكەین.
رێڤینگ هرۆری، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" پێشمەرگە پێویستی بە رۆژێك هەیە، كە تایبەت بێت بە ئەوان و شانازی بەو رۆژەوە بكەن.
ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەشكرد:" بڕیاربوو رۆژی چوار شەممە پرۆژەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا، هیوادارین هەرچی زووە بگەنە رێككەوتن، بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا پەرلەمان كۆببێتەوە و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە و پەسەند بكرێت، دوای ئەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، پاش ئەوە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كاندیدی فراكسیۆنی گەورە ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت.
لە كۆتاییدا رێڤینگ هرۆری، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" دروشمی فراكسیۆنی پارتی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن كوردستانێكی بەهێز بوو، بۆیە هەموو هەوڵەكانی ئێمە ئەوەیە كە كوردستان رۆژ بۆ رۆژ بەهێزتر بێت و ئەو پرۆژە یاسانەی كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندان پەسەند بكەین، بۆیە بەشێوەیەكی جددی لەسەر هەموو ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانە ڕادەوەستین كە لە خزمەتی هاووڵاتیاندان".