Share on facebook
دەمانەوێت لەگەڵ پارتی پەیوەندییەكان بەهێز بكەینەوە
دووشەممە, 15 نیسان 2019 17:46

 

 

ئا:شێروانی
بزووتنەوەی ئیسلامی لە گفتوگۆكانی بەردەوامە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. رابەری گشتی بزووتنەوە سەردانی بەربژێری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كردووە و پاڵپشتی حزبەكەی پێ راگەیاندووە. گوتەبێژی حزبەكەش دەڵێت، ئەو سەردانە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان بوو لەگەڵ پارتی، ئەگەر پێیان باش بوو بزووتنەوەی ئیسلامی بەشدار بێت لە كابینەی نۆیەم، ئەو كات ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین، دەمانەوێت حكوومەتێكی بەهێز لە كوردستان هەبێت، ئەو حكوومەتە توانای چارەسەركردنی قەیران و كێشەكان هەبێت.
عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" سەردانی ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ لای مەسروور بارزانی، كاندیدی فراكسیۆنی پارتی بۆ حكوومەتی داهاتوو، سەردانێكی ئاسایی بوو، بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان بوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەمان كاتیشدا كە بەڕێزیان بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمە ویستمان لەگەڵیان لە نزیكەوە دابنیشین، سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، ئێمە وەكو حزبێكی سیاسی كە هەست بە بەرپرسیارەتی نەتەوەیی، نیشتمانی و ئایینی دەكەین، ویستمان لەگەڵیان گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە بكەین.
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی دەشڵێ:" تا ئێستا سەرۆكوەزیرانی داهاتووی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەستی بە گفتوگۆ نەكردووە بۆ پێكهێنانی حكوومەت تا ئێستا هەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، كاتێك دەست بە گفتوگۆ كرا بۆ پێكهێنانی حكوومەت و مەسروور بارزانی ڕاسپێردرا ئەو كات ئەگەر پێیان باش بوو بزووتنەوەی ئیسلامی بەشدار بێت لە كابینەی نۆیەم، دوا بڕیار لە دەستی سەركردایەتی حزبدایە و ئەو كات بڕیاری خۆمان دەدەین، ئێمە دەمانەوێت حكوومەتێكی بەهێز لە كوردستان هەبێت، ئەو حكوومەتە توانای چارەسەركردنی قەیران و كێشەكان هەبێت لە هەرێمی كوردستان، لەرووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیدارییەوە لە ڕاستیدا، بۆیە ئەگەر بە فەرمی داوا لە بزووتنەوەی ئیسلامی كرا بەشدار بێت لە حكوومەت، ئەو كات ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین.
عەبدوڵڵا وەرتی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" پێكهێنانی حكوومەت زۆر دواكەوتووە، دەبوایە زۆر زوو تەواو كرابایە و حكوومەت پێكهاتبایە، بەڵام بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم كە دامەزراوەیەكی نیشتمانییە، پەیوەندی بە هیچ كەس و حزب و لایەنێكەوە نیە، دامەزراوەیەكی نیشتمانی، نەتەوەییە، ئێمە هەرێمێكین، پێویست بوو حزبەكان بە زووترین كات رێككەوتنیان كردبایە بۆ كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پێكهێنانی حكوومەت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە فەراغی یاسایی و دەستووری نەژیت و لە هەمان كاتیشدا دەستووری خۆمان هەبێت.
عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاشكراشی كرد:" ماوەیەك بەر لە ئێستا كۆنفڕانسێكی گشتیمان بەست، لە كۆنفڕانسەكەدا زۆر شتی گرنگ تاوتوێ كران، بڕیارماندا لە كاتی خۆیدا كۆنگرە ببەستین، واتە لە ماوەی یاسایی خۆیدا و دوای ساڵێكی دیكە بزووتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی خۆی دەبەستێت".