Share on facebook
ئەكرەم ساڵح: بوونی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێم پشتیوانییەكی گەورەیە بۆ سەركەوتنی حكوومەت
دووشەممە, 15 نیسان 2019 17:55


دیدار- ڕائیب شێروانی
ئەكرەم ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" هیوامان زۆرە كە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا حكوومەت پێك بێت ئەمەش خواستی پارتی و خەڵكی كوردستانە، كە پارتی دەیەوێت كابینەی نۆیەم كابینەیەكی بەهێز بێت، هەروەها چۆن دروشمی هەڵبژاردنیشی كوردستانێكی بەهێز بووە، كابینەیەكی خزمەتگوزار بێت، بە دڵنیایەوە پارتی گۆڕانكارییەكی زۆر لە پۆستەكانی خۆی لە حكوومەتدا دەكات، خەڵكی شارەزا و پسپۆر و بەتوانا لەو شوێنانە دادەنێ، بۆ ئەوەی بتوانن هەم لە رووی پێشكەوتن و گەشەكردنەوە هەم لەرووی خزمەتگوزارییەوە باشترین خزمەت بە خەڵك و هەرێمی كوردستان بكەن. دەشڵێ، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لە ئاستێكی زۆر باشدایە، هیوامان وایە كۆتایی بەو ناكۆكییانە بهێت كە لە ساڵانی رابردوو زیانی بە هەردوو لا گەیاندووە.
ساڵح، روونیكردەوە:" پێكهێنانی حكوومەت كاتێكی زۆری خایاندن، لە كاتی پێویست دواكەوتووە، دواكەوتنەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان ویستی لایەنە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری لە حكوومەت بكەن، دەرفەتی پێویستی بە لایەنەكاندا بۆ دانوستاندن، بۆ ئەوەی رێككەوتنێكی گشتگیر دروست بێت یان زۆرینە دروست بێت، بۆ ئەوەی حكوومەتێكی بەهێز و سەقامگیر لە هەرێمی كوردستان دروست بێت، پارتی لەگەڵ لایەنی دووەم و سێیەم گەیشتووەتە رێككەوتن، هەنگاوەكانی هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەستی پێ كردووە، بەم زووانە لە رووی یاساییەوە هەنگاوەكان تەواو دەبن، دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەرێم كاندیدی سەرۆكی حكوومەت ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، هیوامان زۆرە كە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا حكوومەت دەست بەكار بێت و ئەمەش خواستی پارتی و خەڵكی كوردستانە، بۆیە پێویستە پەلەی لێ بكرێت، چونكە چاوەڕوانی خەڵك زۆر درێژەی كێشا، پێویستە هەموو لایەنەكان هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن و گرنگی قۆناغەكە بزانن و ئەو رەوشەی ناوچەكەشی پێدا تێپەڕ دەبێت، پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكوومەت، هەندێك پۆست و شتی لاوەكی بەلاوە بنێن، چونكە پێكهێنانی حكوومەت بۆ ئەو قۆناغە زۆر گرنگە و ئەركی ئەو لایەنانەیە كە بەشداری لە حكوومەت دەكەن، بابەتی لاوەكی نەكەنە گرفت لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەت.  
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێ:" پارتی دەیەوێت كابینەی نۆیەم كابینەیەكی بەهێز بێت، هەروەها چۆن دروشمی هەڵبژاردنیشی كوردستانێكی بەهێز بوو، كابینەیەكی خزمەتگوزار بێت، بە دڵنیایەوە پارتی گۆڕانكارییەكی زۆر لە پۆستەكانی خۆی لە حكوومەتدا دەكات، خەڵكی شارەزا و پسپۆر و بە توانا لەو شوێنانە دادەنێ، بۆ ئەوەی بتوانن هەم لە رووی پێشكەوتن و گەشەكردنەوە هەم لەرووی خزمەتگوزارییەوە باشترین خزمەت بە خەڵك و هەرێمی كوردستان بكەن.
ئەكرەم ساڵح، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" پارتی نەرمی نواندووە، بەلای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئایندە و سەقامگیری كوردستان یەكڕیزی و تەبای نێو ماڵی كورد لە ئەولەویەتی كارەكانە، بۆیە پارتی لەو پێناوەدا بۆ ئەوەی كۆدەنگی و یەكڕیزی و سەقامگیری دروست بێت و ئەو بارودۆخەی كە لەناوچەكە دەگوزەرێت كوردستان بەدەر بێت، هەوڵی داوە كە زۆرترین ئەو لایەنانەی خاوەن پێگەی جەماوەرین خاوەنی كورسی پەرلەمانن بەشداری لە حكوومەت بكەن، ئەوەش لەبەر بەرژەوەندی خەڵك و داهاتووی كوردستانە.
ئەكرەم ساڵح،  ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكراشی كرد:" رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی واژۆ كراوە، بەڵام رێككەوتن لەسەر پۆستەكان واژۆ نەكراوە، ئەویش لەو رۆژانە واژۆ دەكرێت، ئەو دوو لایەنەی كە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی كردووە ڕەنگە لەسەر شتی بچووك بۆچوونی جیاوازیان هەبێت، ئەو سێ لایەنەی كە حكوومەت پێك دەهێنن، پێویستە لێك تێگەیشتنێكی هاوبەشیان هەبێت، بۆیە ئاساییە پارتی وەكو براوەی هەڵبژاردن هەوڵی سازان لە نێوان خۆی و لایەنەكان و لایەنەكانی دیكە بدات.
سەبارەت بەوەی بوونی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێم تا چەند پشتیوانییەكی گەورەیە بۆ سەركەوتنی حكوومەت؟ ساڵح رایگەیاند:" بێگومان ئەزموونی چەند ساڵەی حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی لە  سەرۆكایەتی حكوومەت و كەسایەتی لە ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی هاوكارێكی باش و پشتیوانییەكی باش دەبێت بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەشكرد:" هەموو هەوڵ و كۆششەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەیە كە چوار ساڵی داهاتوو چوار ساڵی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و چاكسازی بێت، لە پێناوی دامەزراوەكردنی حكوومەت و ئایندەیەكی گەش بۆ هەرێمی كوردستان، لە هەموو دنیا وایە كە حكوومەت پێك دێت، دەبێت حكوومەت نوێنەرایەتی خەڵك بكات، لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوو گرفتی تێدا بوو كە زۆر لایەن لە دەرەوەی حكوومەت، پەیوەندی لابەلای هەبوو، ئەوەش كێشەی گەورەی بۆ حكوومەتی هەرێم دروست كرد بوو، بۆیە گرنگە هەرێمی كوردستان خاوەنی ستراتیژێكی هاوبەش بێت، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی ئەو ستراتیژە هاوبەشە بكات هیچ لایەنێكی سیاسی لە دەرەوەی حكوومەت پەیوەندی لابەلا دروست نەكات و كاریگەری نەرێنی لەسەر كاروباری حكوومەت و هەرێمی كوردستان نەبێت.
ئەكرەم ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر گوتی:" پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لە ئاستێكی باشدایە، پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، دانوستاندن بەردەوامە، هیوامان وایە لە ساڵی داهاتوودا ئەو كێشانەی كە هەن لە نێوان هەولێر و بەغدا بگەینە چارەسەرێكی هاوبەش و كۆتایی بەو ناكۆكییانە بهێت كە لە ساڵانی رابردوو زیانی بە هەردوو لا گەیاندووە".