Share on facebook
كاروان جەلال بەگ: دیدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەراورد بە تەواوی ناوچەكە لە ئاست هەرێم جیایە
دووشەممە, 15 نیسان 2019 17:53

"یەكێتی ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە پرۆسەی سیاسی هەرێم دەكات"

تایبەت بە زاری كرمانجی: كاروان جەلال شارەزا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی نەتەوەیدا بە پێویستی دەزانێ "هەرێمی كوردستان هاوشێوەی وڵاتانی دونیا كار لەسەر دروستكردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بكرێت". پێشی وایە" سەرۆكایەتیكردنی كابینەی نوێ لەلایەن بەرێز مسرور بارزانی وەك كەسێكی شارەزا لە بواری ئاسایش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشكەوتنی زیاتری سێكتەری ئەمنی و گرنگیدان بە یەكخستنی تەواوی هێزە  سەربازییەكانی هەرێم.

دیمانە: زێرەڤان جەوهەر

* تێروانی تۆ چییە لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان؟

- ئاشكرایە ئارامی و سەقامیگیری لە هەر شوێنێك بوونی هەبێت كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی سێكتەرەكانی تر دەبێت, هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق و لە دەڤەرێكی تەژی لە كێشمەكێشی سیاسی و مەزهەبی و ئاینی و شوێنی تسفیە حسابی هێزە گەورەكان توانیویەتی لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیری دڵنیایی تەواو بۆ هاووڵاتییان و شاندە دیبلۆماسییەكان و خاوەن كارەكان دروست بكات, ئەمەش وایكردوە دیدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەمبەر هەرێمی كوردستان جیا بێت بە بەراورد لە تەواوی ناوچەكە.  بەشداری كردنی  هەرێمی كوردستان لە بەشێكی زۆر كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە بواری ئاسایش ئاماژەیە بۆ سەركەوتنی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان".

* سەرهەڵدانی چەندین گرووپ‌و رێكخراو، لە تیرۆستییەوە بگرە تا دەگاتە گرووپی مەزهەبی و ئیتنی، تا چەند مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەرێم دروست دەكات؟

- بێگومان هەرێمی كوردستان كەوتۆتە چەقی ناوچەیەكی مەترسیدار و هەم گرنگیش دەتوانین بڵێین ئەم ناوچەیە كانیاوی سەرهەڵدانی بەشێكی زۆری رێكخراو و گروپە توندڕەوەكانە لە دیارترینیانیش داعشە. بەڵام ئەمە سەرەرای زیان بۆ هەرێمی كوردستان سوود و قازنجی زۆری پێگەیاندووە وەك باسمكرد سەركەوتووی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی ئاسایش وایكردوە, بەشێكی زۆر لە سەرمایەدار و كۆمپانیا گەورەكانی دونیا بەهۆی دڵنیایان لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەرمایەكانیان لێرە وەگەڕ بخەن. ئەمە دوو سوودی مەزنی هەیە  یەكەم: كاروانی پێشكەوتن‌و بە جیهانیبوونی هەرێمی كوردستان ئاسانتر و پێش دەخات.  دووەم: متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست دێنێت، لەبەر ئەوەی ئاشكرایە لە سەردەمی جیهانگیری ئابووری و بەرژەوەندی پێش سیاسەت كەوتووە".

* پێویستی هەرێمی كوردستان چ هنگاوێك بهاوێژێت لەم بارەیەوە؟

- سەرەڕای سەركەوتنی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئاسایشەوە، پێویستە كار بكرێت بۆ یەكخستنی ئاسایش لە تەواوی هەرێم لەبەرئەوەی ئێمە پراكتیزەی سیستەمێكی دیموكراسی دەكەین، بوونی دوو ئاسایش مەترسی لەسەر ئەم پرۆسەیە دروست دەكات, لە ئەنجامی دواین هەڵبژاردنیشدا بینیمان سەرەرای لاسەنگی هێز و جیاوازی زۆر لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەگەری بەشداری نەكردن لە كابینەی نوێ هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ لەسەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەكات . پێویستە لە رێگەی ناوەندەكانی خوێندن و سەكۆ و مینەبەرە ئاینیەكان و كەناڵە میدیایەكان فۆكس بخرێتە سەر گرنگی هەبوونی ئارامی و ئاسایش بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە, باس لە جیاوازی دۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان بكرێت بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی تری عێراق و دراوسێكانی .

* تاچەند گرنگە لە هەرێمی كوردستان كار لەسەر دروستكردنی  ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بكرێت ؟

- بێگومان بوونی وەها دەزگایەك پێویستییەكی گرنگە لەكاتێكدا ئێمە بەشێكی زۆری ئاسایشی نەتەوەییمان پارێزراو نییە، ئەمەش بە هۆی ناتەبایی پارتە سیاسیەكان و بەكارهێنانی پرسە نیشتیمانیەكان وەكو كارتی فشار، بۆیە دەكرێ جیاوازیەكان وەلا بنرێن كۆدەنگی یەكی سیاسی دروست بكرێت تەواوی دەنگ و ڕەنگە جیاوازیەكانی تێدا ئەندام بن ئەمە كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاشتەواوی نیشتیمانی.

* تاچەند گرنگە كابینەی نوێ حكومەتدا  كار لەسەر رێكخستنی لایەنی سەربازی هەرێمی كوردستان بكرێت؟

- پێم وایە سەرۆكایەتی كردنی كابینەی نوێ لەلایەن بەرێز مسرۆر بارزانی وەكو كەسێكی شارەزا لە بواری ئاسایش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشكەوتنی زیاتر سێكتەری ئاسایش و گرنگیدان بە یەكخستنی تەواوی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان. وەك ئاماژەم پێدا بوونی زیاتر لە هێزێكی ئەمنی و سەربازی دەبێتە هۆی جێبەجێ نەكردنی یاسا و كێشە بۆ پرۆسەی سیاسی دروست دەكات. بۆیە زۆر گرنگە كاری یەكەمی كابینەی نوێ یەكخستنی كرداری هێزە ئەمنی و سەربازیەكان بێت.

* پێشنیازی چی دەكەن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پێناو فەراهمكردنی كەشێكی ئارام بۆ خەڵكی كوردستان؟

- دروستكردنی پردی پەیوەندی و بوونی هەماهەنگی ڕاستەوخۆی بەردەوام لە نێوان دەزگا ئەمنیەكان و خەڵك پێویستییەكی گرنگە, جگە لەوەش  كردنەوەی ۆرك شۆپ و خول لەلایەن كەسانی شارەزای بوار ئەمن و ئاسایشەوە, بەڵاوكردنەوەی نامیلكەی تایبەت, تاكو تاك هەست بەوە بكات دەزگا ئەمنیەكان پارێزەری سەر و ماڵیانەدەكەن  و زانیاری پێویستیان هەبێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەر ڕووداوێكی نەخازراو. پێویستیشە مامەڵەی نەرم و نیان لەگەڵ كەسانی بیانی بكرێت لەكاتی هاتنیان بۆ كورددستان بۆئەوەی ڕوویەكی جوانی هەرێمی كوردستان پیشانی جیهانی دەرەوە بدرێت, چونكە بەخەوە لەماوەی رابردوو هندێك لایەن پێچەوانەی ئەم بیركردنەوەیە كاری كردوە" .