نەزۆكی ئەو دیوەزمەی تەواوی كچان و تازە بووكەكان لێ دەترسن
سێ شەممە, 16 نیسان 2019 06:14


"كاتێ پزیشك پێیگووتم ناتوانی منداڵ بێت هەستم كرد دەمرم"


" هاوسەرم ژنی دووهەمی هێنا و منی ئیحمال كرد"


"دونیا هەندە خۆش نییە تا بەهۆی ئێمەوە مرۆڤێكی دیكەش زیاد بكرێت"

 

 


"خەتای پیاو بێت ژن تەحموول دەكات بە پێچەوانەش ژنی بەسەر دێنن"

 


"بە مێردەكەم گووت یا بۆ تۆ و لەگەڵ تۆ دەبم یا بۆ گڵ"


ئا/ مینا تەها: سۆران


زاری كرمانجی- سۆران:  "پزیشكەكان پێیان گووتم ناتوانی منداڵت ببێت، ئەمەش بووە هۆی سەرەتای هەستكردن بە رووخانی كەسایەتیم و دەستپێكردنی قسەی نەخۆش و توانج، هەڵوێستی كەسانی دەوروو بەریش زیاتر لە رووی دەروونییەوە تێكی شكاندم، تا جارێك حەبم خوارد و پەنام بۆ خۆكوشتن برد، جارێكیش بۆ ماوەی 4 مانگ تۆرام و نەگەڕامەوە لای هاوسەرم، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی ژیانم هەمووی ببێتە ناخۆشی‌و خەم و خەفەت‌و دواتر جیا بووینەوە".
گلەو گازندەی سۆزانی تەمەن 27 ساڵان لە هەبوونی گرفتێكی تەندروستی نەبووە كە لە جەستەی دا هەیەو بۆتە هۆكاری ئەوەی نەتوانێ منداڵی هەبێت، بەڵكو ئەو لە دەستێوەردانی كەسانی دیكە و قسە و قسەلۆك و هەروەها توانجی خەڵك، بۆ ناو ژیانی خێزانی، بە هۆكار زانی بۆ لێكترازانی خێزانەكەی و تێكچوونی باری دەروونی".
ئەو ئاماژەی بە رۆژی هاوسەرگیریدا، كە وەك نەریتێك منداڵێكیان خستۆتە باوەش، ئەو گووتی" رۆژی ئاهەنگی گواستنەوەم كە بۆ جاری یەكەم هاتمە ماڵی هاوسەرەكەم، منداڵێكیان هێنا و خستیانە باوەشم، دواتر زانیم كە مەبەستیان ئەوە بوو زوو منداڵم ببێت، منیش هەمان حەزم هەبوو، بەڵام چی بكەم كە خوا نەیدا".
سۆزان، بە دڵێكی پڕ لە خەم و هەستێكی پڕ لە ئازار، باسی گرفتەكانی خۆی كرد و گووتی" هاوسەرم كوڕی گەورەی ماڵ بوو دوای كۆچكردنی باوكیان ئەركی بەخێوكردن و دابینكردنی خەرجی ماڵی گرتبووە ئەستۆی خۆی، ئەمەش بووە هۆكاری ئەمەی منیش وەك بووكی یەكەمی ماڵ لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەرەكەم بژیم".
ئەو جگە لەوەی كێشەی منداڵ نەبوونی هەبوو، لە هەمانكاتیشدا لەگەڵ ئەندامانی خێزانی هاوسەری كێشەی بۆ دروست دەبوو، كە زیاترین هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە لە ماڵی خۆیان نەبووە و لە گەڵ ئەندامانی خێزانی هاوسەری لە یەك خانوو دەژیان، وەك خۆی گووتی" خەسووم و خوشكەكانی هاوسەرم هەڵسوكەوتیان زۆر لەگەڵم خراپ بوو، وەك كەسێكی بێگانە سەیریان دەكردم، سەڕەڕای ئەمەش زۆر جار دەستێوەردانی ژیانی تایبەتیم و شتە نهێنییەكانی من و هاوسەرەكەمیان دەكرد و بێزاریان دەكردم، دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هاوسەرگیریمان، پشكنینم كرد و زانیم كە گرفتێكی تەندروستیم هەیە‌و ناتوانم منداڵم ببێت، هەستێكی زۆر ناخۆشم هەبوو، كە ناتوانم وەك هەر ئافرەتێك منداڵم هەبێت، شەوان خەوم نەبوو هەروەها ئارەزووی خواردنم نەمابوو، هەستم دەكرد هەموو خەڵك باسی من دەكا‌و بێهودەم، حەزم لە تەنهایی بوو تا ئەو رادەیە لەگەڵ بنەماڵەكەی خۆشم پێكەوە دانیشتن و قسەم نەمابوو، چونكە حەزم لە تەنهایی دەكرد، ئەمەش وایكرد رۆژ لە دوای رۆژ پەیوەندیم خرابتر ببێت لەگەڵ هاوسەرم، لەسەر داواكاری خۆم جیا بووینەوە".
دەرون هەستیارترین پێكهاتەی مرۆڤە كە كاریگەری بەسەر ژیان و رەفتار و كەسێتی مرۆڤەوە هەیە، گرفت و هۆكاری خێزانی یا تەندروستی،  ئابووری و...  هتد  دەبنە هۆی شلەژانی دەروونی، گرفتەكانی بەردەم ژیان كاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی تەندروستبوونی دەروونی هاوسەران. ناتەندروستی دەروونی لە وڵاتانی پێشكەوتوو رێژەكەی بەرچاوترە تا ئەو رادەیە روویداوە یەكێك لە هاوسەران هەڵساوە بە سووتاندنی ماڵ، یا فریدانی هاوسەر یا منداڵ، لە پەنجەرە‌و بەرزای.
نیهایەت، ئافرەتێكی دیكەیە كە دوای هاوسەرگیری و تێپەڕبوونی زیاتر لە 12 ساڵ بەسەر هاوسەرگیریان، نەبووتە دایك، ئەو گووتی" منداڵ جوانترین دیارییە كە دوای هاوسەرگیری چاوەرێی دەكرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر هاتوو گرفتێك دروست بێت و یەكێك لە هاوسەران بە هۆی كێشەی تەندروستییەوە منداڵی نەبێت لە نێویان گرفت دروست دەبێت، تەنانەت دەورووبەریش رەخنەی زۆرت ئاراستە دەكەن بە هۆی منداڵ نەبوونتەوە".
هەموو ئافرەتێك دوای بوونی بەهاوسەر بیر لەوە دەكاتەوە پڕۆسەكە بە خستنەوەی منداڵ درێژە پێ بدات، بەڵام هەندێ جار ئەو پڕۆسە سەر ناگرێت، وەك نیهات گووتی" هاوسەرم دوای دڵنیابوون لە گرفتمان بۆ منداڵ نەبوون، بیری لە هاوسەرگیری دووهەم كردەوە، ئێستا خاوەنی چوار منداڵە، منیش حەزم دەكرد ئەو منداڵانە هی من بان و وەك دیارییەك پێشكەشی هاوسەرم و بنەماڵەكەیان بكەم و پلانی هاوسەرگیرمان تا كۆتا ببەم، بەڵام بەدەستی من نەبوو چی بكەم".
تێروانینی كۆمەڵگە بۆ ئەو ئافرەتانەی منداڵایان نابێت، تێڕوانینێكی كارگە ئاسایە، ئەمەش كاریگەری لەسەر زۆرێك لە پیاوان دروستكردووە، كە ئەگەر نەبوویتە خاوەن منداڵ ئەوە پێویستە ژنی دووهەم بهێنی، واتە خۆشەویستی نێوانیان دەبەستنەوە بە بوون یا نەبوونی منداڵ، جگە لەمانەش قسەی خزمان و نزیكانی هەر دوولا كاریگەری لەسەر ژیان و بڕیاردان لە دوارۆژیان دەبێت.
نهایەت، كە هاوسەرەكەی زۆر خۆش دەوێت و تا پێكگەیشتن زۆریان چاوەرێ یەكتری كرد و كۆمەڵێك خەونیان هەبوو، ئێستا بە هۆی نەبوونی منداڵەوە هەموو رابردوویان بووە بە سفر، ئەو بە هەناسە تۆندییەوە ناڕەزایی خۆی دەڕبڕی بۆ ئەمجۆرە بیركردنەوەی كۆمەڵگاو گووتی" منداڵ نەبوون خەمێكی زۆر گەورەیە كە تووشی ژنان دەبێتەوە، ئەو ژنەی منداڵی نەبێت بەردەوام لەلایەن كۆمەڵگاوە دەشكێتەوە، بەم شێوەیە بیر دەكرێتەوە كە هۆكار و گرفتە تەندروستییەكە خۆدی ئەو ئافرەتە لێ بەرپرسیارە و هەروەها خۆی هەڵیبژاردووە لەكاتێكدا هەموو ئافرەتێك حەز دەكات منداڵی خۆی لە ئامێز بگرێت".
گووتیشی"بە داخەوە ئافرەت لە هەڵگرتنی ئەم خەمە گەورەیە تەنهایە، چونكە پیاو ژنی دووەم دێنێت چونكە لە كۆمەڵگای ئێمە ئافرەت وەكو بەرهەم هێنانی منداڵ سەیر دەكریت و ئەگەر هاتوو بە هەر هۆكارێك منداڵی نەبێت ئەوا هەموو كەس ماف بە پیاو دەدات كە ژنی دووەم بینیت هەروەها ئازادە لەوەی ژنی یەكەم تەڵاق بدات، باشە ئەگەر خەتا لە پیاو بوو ئەو كات ئافرەت چی بكات، بۆ دەبێت بەو شێوەیە سەیری ئافرەت بكرێت كە ئەگەر منداڵی نەبێت وەك داری بێ بەر ببردرێت و بیر لەوە نەكرێت ئەو دارە دەشێ سێبەر و جوانی هەبێت".
ئەو بە دیتنی ژنی دووهەمی هاوسەرەكەی كاتێ لەگەڵ منداڵەكانیان یاری دەكەن تووشی خەم دەبێت، لەبەر ئەوەی وەك خۆی گووتی " هاوسەرەكەم دەتوانێت منیش بكاتە هاوبەشی خۆشییەكانی و وارەفتار بكات كە منیش هاوبەشی ئەوانم، بەڵام ئەو بە تەواوەتی منی لە بیر كردووە و هەر كاتێ هەست بە بۆشایی جەستەیی بكات دێتە لام، ئەویش بە نهێنی هاوسەری دووهەمی، بۆیە ژیانێكی پڕ كێشە و خەمم هەیەو ناچاریشم لە بەردەوامی دان بەم جۆرە لە ژیانە".
پێچەوانەی تێڕوانینەكانی سەرەوە، ژمارەیەك هاوسەر هەن، دوای دڵنیا بوونیشیان بە نەبوونی منداڵ، بەڵام بیر لە تێكدانی شێرازەی خێزانی ناكەنەوەو هۆكاری منداڵ نەبوونی هەركامیان بێت، ئەوی دیكەیان چاوپۆشی لێ دەكات و بەردەوامی دەدەن بە خۆشییەكانی ژیان و هاوسەرگیری و لەسەر بەڵێنەكانی پێش هاوسەرگیری بەردەوام دەبن.
(ر، ا، ج) پیاوێكی تەمەن 48 ساڵەی دانیشتووی شاری سۆرانەن ئەو ماوەی 24 ساڵە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ كچێك پێكهێناوە، تا ئێستا منداڵیان نەبووە، بەڵام وەك خۆی گووتی "من بە مەرجی منداڵ بوون یا نەبوون هاوسەرگیریم نەكردووە، حەزم دەكرد منداڵمان ببێت وەك ئەوەی هاوسەریشم حەز دەكات، بەڵام كە نەبێت دونیا و مرۆڤایەتی لەسەر منداڵ نەبوونی ئێمە پەكی نەكەوتووە و ژیان بەردەوامە و ئێمەش بەردەوام دەبین، منداڵ چرای ماڵە، بەڵام خۆشەویستی هێز بەو چرایە دەبەخشێت، ئێمە خۆشەویستی بەیەك شادی كردین، هێزی خۆشەویستی هەزاران چرای لە ژیان بۆ داگیرساندووین، بۆیە وێڕای حەزی بوونی منداڵ، بەڵام كە نەشمان بووە بیر لەوە ناكەمەوە هاوسەرەكەم وەك ئامێرێك سەیر كەم و تەڵاقی بدەم یا ژنی دیكە بێنم، من وا لە ژیان دەڕوانم".
تەنها ئەو پیاوانەی وەك ( ر) بیر دەكەنەوە بوونیان نییە، بەڵكو ئافرەتانێكیش هەن، وەك ئەو پیاوە بیر دەكەنەوە و لەگەڵ نەبوونی منداڵ كە بە هۆی مێردەكانیانەوەیە، بەڵام بەدیار هاوسەرەكەیانەوە دادەنیشن و ژیان دەبەنە سەر، وەك (ن، ب) تەمەن 41 ساڵ، كە ماوەی 20 ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، ئەوانیش منداڵیان نییە، بەڵام هیچ لە ژیانی هاوسەرییان نەگۆڕاوەو یەكتریان خۆشتر دەوێت، وەك خۆی گووتی " دوای ساڵێك لە هاوسەرگیری، كە منداڵمان نەبوو چووم بۆ پشكنین، پزیشك پێ گووتم كێشەت نییە، كۆمەڵێك رێنەمایی بۆ دانام تا منداڵم ببێت منیش هەموو رێنەماییەكانم جێبەجێ كرد، بەڵام سوودی نەبوو، بۆیە پاش ماوەیەك داوام لە هاوسەرم كرد بمبات بۆ پشكنین، تا دڵنیا بێت هۆكار من نیم، ئەو گووتی منداڵ هەبێت خۆشە بەس كە نەبوو مانای ئەوە نییە یەكتر وێل كەین و برۆین، ئەو قسەی هاوسەرم زۆر دڵخۆشی كردم، رۆژێك پێكەوە چووین بۆ پشكنین، دەركەوت كە هۆكاری منداڵ نەبوونمان ئەوە، بەڵام تا ئێستاش نەمهێشتووە هەست بە ساردی بكات، زیاتر لە جاران خۆشم دەوێت، ئەویش هەروها".
ئەو زیاتر گووتی " جارێكیان هاوسەرم پێی گووتم دەزانم منت زۆر خۆش دەوێت، بەڵام ئەگەر حەزت لە منداڵە من ئازادت دەكەم كە لێم جیا ببیەوە و هاوسەرگیری بكەی، تا ئەو رۆژەشی هاوسەرگیری دەكەی هەموو خەرجییەكانت بۆ دابین دەكەم، بە دەست خۆم نەبوو گریان بەرۆكی گرتم، زانیم ئەو قسەی هاوسەرم لە خۆشەویستی منەوەیە، بۆیە پێم گووت ئەو دونیایە هەندە خۆش نییە تا بەهۆی ئێمەوە مرۆڤێكی دیكەشی بۆ زیاد بكرێت، بۆیە یا بۆ تۆ لەگەڵ تۆ دەبم و دەمێنم یا بۆ گڵ".
هەندێك جار خۆشەویستی لە نێوان هاوسەران وادەكات، هەر جۆرێك بێت ویست و خەونی هاوسەرانیان بهێنەدی، ئەمە زیاتر بۆ ئافرەتان روویداوە كە قوربانی لە پێناو هاوسەركانیان داوە، ئاسانكارییان بۆ هاوسەرەكانیان كردووە كە ژنی دووهەم بێنن، تا لە خەمی نەبوونی منداڵ رزگاری بێت، فاتیمە، ئەو ئافرەتەیە، وەك خۆی گووتی " من بە هۆی نەخۆشی رەحمەوە منداڵم نابێت، هاوسەرەكەشم زۆر منی خۆش دەوێت، بەڵام زانیم بە هۆی نەبوونی منداڵەوە خەم دەخوات و رووبەرووی قسەی خەڵك و خزمان دەبێتەوە، بۆیە بیرم كردەوە هانی بدەم بۆ هێنانی ژنی دووهەم، كچێكی ناسیاومان هەبوو، ئەو پێویستی بە سێبەرێك هەبوو كە بیحەوێنێتەوە، چووم بۆ لای و قسەم لەگەڵ كرد، ئەو سەرەتا رازی نەبوو لەبەر من شوو بە هاوسەرەكەم بكات، بەڵام كاتێ تێمگەیاند رازی بوو، دواتر قسەم لەگەڵ هاوسەرم كرد، دوای چەند رۆژێك توانیم قەناعەتی پێ بینم رازی بێت و پێشم گووت كە كچێك دەناسم خۆم دەچمە خوازبێنی، ئەویش دوای وێنەی كرد و وێنەم بۆ هێنا و كەشێكی واشم رەخساند ئەو كچە بێتە ماڵمان و یەكتر ببینن و هەر سێكمان پێكەوە قسەمان كرد و رێككەوتین كە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام بدەین و كاری لەسەر بكەین و دەستمان پێ كرد، دوای یەك مانگ ئەو كچەمان لە هاوسەرم مارە كرد و لەبەردەم دادوەریش رەزامەندیم دا، هاوسەرم لەبەر هەستی من ئاهەنگی بوك گواستنەوەی نەكردە بۆنەیەكی مەزن و زۆر بە ئاسایی بە چەند ئۆتۆمبێلێك بووكمان گواستەوە، 6 ساڵە پێكەوە لە یەك ماڵ دەژین سێ منداڵی هەیە هەر سێیان من ناوم لێناوون، وەك منداڵی خۆم خۆشم دەوێن، بۆیە ئەم جیهانە ئەوەندە قورسە نییە، ئەگەر بمانەوێت مەنتقیانە بیر بكەینەوەو دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بكەین، گرنگ ئەوەیە بەر لەوەی وەك ئامێر و كەرستە سەیری یەكتری بكەین وەك مرۆڤ مامەلە لەگەڵ یەكتر بكەین، ئەمە دەبێتە باشترین پەنجەرە بۆ رزگار بوون لە كێشەكان و بە خۆشی ژیان".
هەندێك لە هاوسەریان پێیانوایە، ئەو قسەیە راست نییە كە تەنها منداڵ خۆشی بە ژیان دەبەخشێت، بەڵكو هەزارانی جوانی دیكە هەن كە لە بۆشایی نەبوونی منداڵ جوانی بە ژیان دەبەخشن، هەروەك موسا عەزیز عالی، توێژەی كۆمەڵایەتی كە لە هەولێر دادەنیشێت، گووتی" راستە گرنگە مرۆڤ دوای پڕۆسەی هاوسەرگیری منداڵی هەبێت، بەڵام كە منداڵ نەبوو، مانای وانییە ئیتر جوانییەكانی ژیان كۆتایی پێ بێت، نەخێر هەزاران جوانی و خۆشی هەن كە بۆشایی نەبوونی جوانی منداڵ پڕ دەكەنەوە، بۆیە پێویستە ئەو هاوسەرانەی یەكتریان خۆش دەوێت و منداڵایان نابێت بیر لە بەدەست خستنی ئەو جوانیانە بكەنەوە، بۆ نموونە سەفەر كردن، بەشداری بۆنەكان، گوێ گرتن لە مۆسیقا، ئیحمال كردنی قسەی دەرەوەی خۆیان، واتە بیانوو بۆ دابینكردنی ژیانێكی خۆش و ئاسوودە گەڵێك زۆرنن هەروەك چۆن دۆزینەوەی بیانوو بۆ تێكدانی ژیانی خۆش زۆرەن بۆیە پەیوەندی بەخوودی كەسەكانەوە هەیە، كە بەدوای دەریچەی خۆشی دەگەرێن یا پێچەوانە".
د. میدیا سەباح عەمەر، پسپۆر لە نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵ بوون لەو بارەوە گووتی " ئەگەر هاتوو دوای تێپەڕ بوونی ساڵێك پێكەوە ژیانی ژن و مێرد دووگیانی روو نەدات، دەبێتە هۆی نیگەرانی هاوسەران، هۆكارەكانی جەستەیی زۆرن كە رێگرن لە روودانی دووگیانی ئافرەتان، هۆكارەكان بریتین لە تێكچوونی هۆرمۆن و گرفتی هێلكەدان، تەمەنی دایك، منداڵ لەبارچوونی یەك لە دوای یەك، گرێی سەر منداڵدان، گۆڕانكارییەكانی منداڵدان و بچووكی منداڵدان، سكپڕی دەرەوەی منداڵدان یا هۆكارەكان لە پیاواندا، هەندێك جاریش هۆكارەكانی دەروونی هەن كە گرفت دروست دەكەن بۆ دووگیان بوون، چونكە نالەباری دەرونی دەبێتە هۆی زۆر بوونی هۆرمۆنی پرۆلاكتین و هۆرمۆنی l h  كە رێژەی زۆر بوونی ئەم هۆرمۆنە كار لە لاواز بوونی هێلكەدان دەكات، هەروەها دەبێتە هۆی گرژبوونی لولەی هێلكەدان و نەپێتاندنی هێلكە، هەروەها گرفتی دەروونی لە خانماندا، دەبێتە هۆی كەم خواردن و خواردنەوە و كەمی ڤیتامین و هەروەها نەبوونی ئارەزووی جووت بوون".
تۆیژەرانی بواری نەزۆكی و منداڵبوون، رایدەگەینن " لە 10 ساڵی رابردوو گرنگترین هۆكاری نەزۆكی ئافرەتان رێژەی قەلەویان بووە و ئەم ریژەیە تا سەتا 22 بەرزی كردوتەوە، هەروەها لە تۆیژینەوەیەكی زانكۆی ولایەتی ئۆهایۆ دەركەوتووە ئەو ژنانەی رووبەرووی فشاری دەروونی دەبنەوە بە شێوەیەكی بەردەوام ئەگەری تێكچوونی سووری مانگانە و تووش بوون بە نەزۆكیان زیاترە".