Share on facebook
پێشمەرگەیەك نیوەی جەستەی خۆی پێشكەش بە پاراستنی كوردستان كردوە
سێ شەممە, 16 نیسان 2019 14:27

شێروان قاسم :

شانازی دەكەم بۆ خاك و خەلكی كوردستان  هەردوو لاقم لەدەستداوە

موڕشید برادۆستی – سیدەكان : لە دیمانەیەكی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا، شێروان قاسم پێشمەرگەی هێزی دژەتیرۆری كوردستان و كەم ئەندامی سەنگەر باس لە  ساتە وەختی بریندار بوونی دەكات لە شەڕی داعش و دەڵێت" شەڕف مەندم بۆ پاراستنی كوردستان هەردوو لاقەكانم لە دەستداوە .

شێروان لە دەستپێكی قسەكانیدا بە زاری كرمانجی گووت" هەر لە منداڵیەوە ئارەزووی زۆرم هەبوو ببم بە پێشمەرگە تا بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان بكەم، ئەمەش پەیوەندی بە خانەوادەی ئێمەوە هەیە كە دڵسۆز و نیشتیمان پەروەرن، خۆشبەختانە ئەو شەڕەفەم پێبەخشرا لە ساڵی 2012 بۆ یەكەمجار چەكی پێشمەرگایەتیم لە شان كرد و بووم بە پێشمەرگە لە سەر میلاكی هێزی دژە تیرۆر.

لە بەردەوامی قسەكانیدا دەڵێت " ساڵی 2014 كاتێك تیرۆرستانی داعش هێرشیان كردە سەر عێراق و چەند شوێنێكیان كۆنتڕۆل كرد دواتر نیازی هێرش كردنە سەر كوردستانیشان هەبوو، بۆیە ئێمە وەكو دژە تیرۆر لە دەستپێكی شەڕی داعش رۆڵی سەرەكیمان لە پاراستنی كوردستان و لەنێو بردنی داعش هەبوو .

ئەو پێشمەرگەیە، ئاماژەشی بەوەدا " لە رێكەوتی 20 – 10 – 2016 لە لە میحوەری تلسقۆف كاتێك هێرشمان كردە سەر تیرۆرستانی داعش و داعشمان لەوێ زۆر بە باشی تێكشاند، هەر ئەو رۆژە چوار حاڵەتی خۆكوژی و تیرۆری داعشمان تەقاندنەوە چونكە گوندەكانی كانی شیرین و ساحەلتوبادل و ئەو ناوچانە لەدەستی داعش بوون بۆیە خۆشبەختانە ئۆپەڕاسیۆنەكەمان بەباشی بەڕێوەچوو و ناوچەكەمان لە داعش پاككردەوە،  داعش لەوێ هیچ توانای بەرگری كردنی نەما و لە دووا ساتەكانی شەڕ دوور بە دوور چەند گولە هاونێكیان ئاڕاستە كردین بەداخەوە پێشمەرگەیەكمان ئەوكات شەهید بوو و منیش بەسەختی بریندار بووم و هەردوو قاچەكانم لە دەستدا هەروەها سێ پێشمەرگەی تریش بریندار بوون .

شێروان بە بریندار بوونی خۆی شانازی دەكات و دەڵێت " خۆم بە سەربڵند دەزانم كە لەسەر پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان بریندار بوومە و نیوەی جەستەم بەخشیوە، پاراستنی كوردستان پێشكەش كردنی خوێنی دەوێ، بەدرێژای مێژوو ملەتی كورد خوێن دەرێژێ‌ بۆ گەیشتن بە ئامانج، پەنا بەخوا لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی بە ئاواتەكانمان شاد دەبین تاكە ئاواتی منیش، ینینی " دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیە "، تا لە ژیان ماوم خۆم بە پێشمەرگەی كوردستان و سەرۆك بارزانی دەزانم چونكە بەدەر ماڵی بارزان ئەوانی تر خۆیان بە خەمخۆر و دڵسۆزی پێشمەرگە و كوردستان نازانن و بەرژەوەندی خوازن .

كاتێك شێروان لەبەرەی جەنگ بە سەختی بریندار بوو، بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی و تیمار كردن رەوانەی یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كرا، بەڵام بڵاو بوونەوەی چەند پارچە ڤیدیۆی شێروان خەلكی سەرسام كرد، ئەویش لەكاتی تیماركردنی برینی لاقەكانی شێروان بەدەنگێكی خۆش و زووڵاڵ گۆرانی بۆ دكتۆرەكەی دەگووت و ئەمەش ورەی پێشمەرگەی هێندەی تر بەرز كردەوە، ناوبراو ئێستا ئەو نهێنیە بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا دەكات و دەڵێت " بینیم لە هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەركەوتنی باشی بەسەر داعش بەدەستهێنا، لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی داعش و دڕەندەترین مرۆڤایەتی كرد و سەركەوتنی مەزنی بەدەست هێنا و داعش لەنێوبرا، چۆن گۆرانی نەڵێم و دڵخۆش نەبم لەوە خۆشتر هەیە كوردستان بە ئازادی بمێنێتەوە و گەلی كورد سەركەوتن بەدەستبهێنێت، كوردستان ئەگەر بە بریندار بوونی من یان بە لەدەستدانی دوولاقی من بپارێزرێت ئامادەمە ئەو جەستەی كە ماومە بیبەخشم بۆ پاراستنی كوردستان .

لای شێروان پێشمەرگایەتی پیرۆزترین كار و پیشەیە، ئەو هەرچەندە بووەتە كەمم ئەندام و هەردوولاقی لەدەستداوە، بەڵام هەمیشە بیری لای هاوڕێ و هاوپیشە پێشمەرگەكانیەتی بۆیە جار جار سەردانیان دەكات و بیرەوەریەكان لەگەڵ یەكتر باس دەكەن، ناوبراو دەشڵێت " لەو زەمەندا مرۆڤ كەم دەژی و تەمەن كەم بۆتەوە، وە مرۆڤ یەكجار دەمرێت ئەویش با بەسەربەزی و شەڕەفەوە بێت .

لەدەست دانی قاچەكانی نەبووەتە رێگر لە بەردەم گوزەرانی ژیانی شێروان وەك خۆی دەڵێت " وەك هەر كەسێكی ئاسایی ژیان گوزەر دەكەم تەواوی ئەو خەلكەی دەمناسن یا ناوبانگی منیان بیستووە رێزی زۆرم دەگرن و منەت باریانم .

شێروان قاسم شێخۆ لە دایك بوونی ساڵی 1994 و دانیشتووی گوندی ماڵەدەری نزیك سەنتەری ناحیەی سیدەكانی سەر بەقەزای سۆرانە، ناوبراو خێزاندارە و خاوەن كچ و كوڕێكە، ساڵی 2012 دەبێتە پێشمەرگە و دەورێكی باشی لە ئەركی سەربازی هەبووە، لە هەریەك لە ئۆپەڕاسیۆن و شەڕەكانی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە هەریەك لە میحوەرەكانی پێشەوەی جەنگ، زوماڕ، شەنگاڵ، سەددە، تلسقۆف و چەند ئۆپەڕاسیۆنێكی دیكەی گرنگ بەشداری كردوە و رۆڵی كارای هەبووە لە یەكێك لە ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە میحوەری تلسقۆف بە سەختی بریندار دەبێت .

بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفال كراوەكانی سۆران دەست زاری كرمانجی كەوتووە، تەنها لە ماوەی شەڕی داعش لە سنووری هەرچوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، رواندز ، چۆمان 134 پێشمەرگە شەهیدبوونە  و نزیكەی 1000 پێشمەرگەی دیكەش بریندار بوونە .