Share on facebook
لە ئەگەر گۆڕانكارییەكان ئێران بەرەو كوێ؟
چوار شەممە, 17 نیسان 2019 06:19


"وەڵاتێكی 80 ملیۆنی بەم دۆخە ئابوورییە بەرێوە ناچێ"


" ئێرانی داهاتوو ئەگەر مافی كورد نەدات دابەش دەبێت"


" ئێران لە شەڕ لەگەڵ ئەمریكا دەدۆڕێ و دەرووخێ"


" بە ئاشكرا یا نهێنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئامادە دەكرێت"


"ئەم جارە لە ئێران سەری كورد بێ كڵاو نامێنێتەوە"


تایبەت بە زاری كرمانجی: د. رۆژان ئاشتاب، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە دایكبووی شاری مەهابادە، وەك چالاكی سیاسی و كۆمەلایەتی و رۆژنامەنووس لە بواری مافەكانی مرۆڤ و شارومەندی شوێن پەنجەی دیار بووە، ئێستا لە كەنەدا نیشتەجێیە و بەرپرسی كۆمیتەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە لە كەنەدا، لە سەر ئەگەری گۆڕانكارییەكان لە ئێران و ئامادەگی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بۆ هەر گۆڕانكارییەك و داهاتووی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، گفتوگۆیەكمان لەگەڵ ساز كرد.

دیمانە/ رێبین رواندزی


* بە گشتی دۆخی هاووڵاتییانی ئێران لە ئێستا چۆنە؟
- سەڕەڕای ئەوەی ئێران وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە سەرچاوی سەرزەوی  ژیر زەوی  و وڵاتێكی نیوە پیشەسازی و گەشت وكاڵییە، بەڵام لەبەر سیاسەتی هەڵەی ئابووری و پلاندانانی ژیان و معیشەتی خەڵك بەگشتی لە ئاستێكی زۆر نەزم دایە، خۆمینی لە سەرەتای شۆرش گووتی ئابووری بۆ حیوانە جا تۆ چە چاوەروانییەكت هەیە لەم رژێمە. لە حاڵێكدا ئابووری بناغەی هەر كۆمەڵگایەكە. لەلایەكی دیكەشەوە دزێ و گەندەڵی و خزم خزمینە لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی پشتی ئابووری وڵاتی شكاندووە و ئێستا ئیران لە رێزی یەكەمەكانە بۆ گەندەڵی لەهەموو بارێكەوە، ئەمانە هۆكاری سەرەكی هەژاری‌و بێكارین لە ئیران، رۆژهەڵاتی كوردستان دۆخەكە زۆر لەمە خراپترە و خەڵكی كوردستان لە بیكاری و هەژاری و گرانییەكی لە رادەبەدەر دەژین.


* گەمارۆكانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە چڕتر دەبنەوە، كارگەرییەكانی چی دەبێت؟
- بێ گۆمان گەماڕۆكانی ئەمریكا لە سەر ئیران بە رادەیەك كاریگەری هەبوو كە لە چاوەروانی كەسدا نەبوو، چونكە ئابووری ئیران و داهاتی وڵات لە سەر داهاتی نەوتە و نەهیشتنی فرۆش نەوت و یا كەم فرۆشتنی هەموو چۆمگەكانی ئابووری وڵاتی تێكشكاندووە، ئێران پێش هاتنە دەری ئەمریكا لە رێكەوتنی (بەرجام) رۆژانە نزیك بە شش ملیۆن بەرمیلی نەوتی خاوی دەفرۆشت، ئێستا میلیۆنێك و 200 هەزار دەفڕۆشت، ئەگەر ئەمریكا لێگەری لەمەو بەدوا ئەوندەش بفرۆشێت. هەر ئەوش بۆتە هۆكار نەرخی دراوی ئیران بە شێوازێكی بێ وێنە دابەزی، كە لە مێژووی ئیراندا شتی لەم چەشنە رووی نەداوە. دیارە ترامپ و دەوڵەتی ئەمەریكا هەڕەشە لە ئیران دەكەن گەمارۆكان زیاتر بكەن‌و رێگا نەدەن نەوت بفرۆشێ و دۆلار بگەرێتەوە بۆ ئیران، ئەمەش باری ئابووری لە ئیران خراپتر دەكات، وای لێدێ رژێم نەتوانی پارە‌و مووچەی خەڵكی پێ دابین بكرێ، نەشتوانێ تێچووی هێزی نیزامی خەرج بكات و توانای كڕینی چەكی نەمێنێت، ئێستا خەڵك ناتوانن پێداویستی ژیانی رۆژانەی خۆیان دابین بكەن، بەتایبەت نرخی خواردن هەندە بەرزە زۆربەی خەڵك بۆیان ناكردرێ.


* ئێران تا كوێ و كەی بەرگەی ئەم گەمارۆانە دەگرێت ؟


- ئیران دەیەوێ لە رێگای دەوڵەتانی درواسێ وەك توركییە، عێراق، ئەفغانستان، هیند  و چین و بە رێگای قاچاخ كەل‌و پەڵ و پێداویستی بۆ ئیران دابین بكات، دیارە ئەو بازرگانییەش لە رێگای سوپای پاسدارانەوەیە، تا بتوانی خۆی لەم گەمارۆیانە بدزێتەوە، بەڵام وڵاتیكی هەشتا میلۆنی بەم چەشنە بەڕی ناچێ و ئەمە دەبێتە هۆی برسییەتی زۆرتر خەڵك و لەلایەكی دیكەش دەبێتە هۆی بیزاری و ناڕەزایەتی خەڵك لەو حكومەتە گەندەڵ، بەو حاڵە ئەم رژێمە ناتوانی زۆرتر لە ساڵێك دەوام بەرگە بكرێت، ئەوەش ئەگەر لەم ماوەدا نەكەوێتە بەر هێرشی راستەو خۆی ئەمریكا و ئیسرائیل و سعودییە .


* پێت وایە لە ناو خۆی ئێران جولانەوە لە دژی رژێمی ئێران دەست پێ بكات ؟


-هەر لە پاش هاتنە سەركاری رژێم ئاخوندی لە ناوخۆی ئێران جوڵانەوی ئازادیخۆازی و مافی شارومەندی و كۆمەلایەتی لە زۆربەی ناوچەكانی ئێران لە ئارا دابوو، بەتایبەت لەكوردستان خەڵك لەدژی زۆڵم و زۆری ئەم رژێمە هەمێشە ناڕەزایی دەربڕیوە و زۆر كاتیش كەوتوونەتە بەر هێرشی دڕەندانەی هێزە سەركوت كەرەكان بە تایبەت سوپای پاسداران، پشكی زۆری ئەم دۆخە وەبەر خەڵكی زەحمەتكێش‌و كوڵبەرەكانی سەر سنوور  كوردستان كەوتووە. گۆمانم نییە خراپتر بوونی ژیانی خەڵك لە ئێران و كوردستان دەبێتە هۆی شۆڕشێكی سەرانسەری لە دژی رژێم و هەر ئێستا لە زۆربەی شارەكانی ئێران خەڵك بە نهێنی و ئاشكرا هۆتاف لە دژی رێبەری مەزهەبی ئێران و سەروك كۆمار دەدەن و وێنە كانیان دەسووتێنن.

* ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانی تا چەند ئامادەن بۆ گۆڕانكارییەكان نێو ئێران؟


- بەم پرسیارە پەنجەت بۆ شتێكی هەستار برد، ئەویش ئۆپۆزسیۆنی ئیرانە، لە دیدی منەوە تا ئێستا هەم لە ناوخۆ، هەم لە دەرەوە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و یەك لاكەرەوەی نییە، ئەوەش بۆتە هۆی لەسەر كارمانەوی ئەم رژێمە، دیارە خەڵكی ئێران بەهەموو نەتەوەكان‌و ئایینەكانی جیاواز دژی ئەم رژێمەن، بەڵام زۆر بەداخەوە یەكگرتوو نین، هەر كەس و لایەنێك تەنیا سازی خۆی دەژەنێ و گوێ بۆ ئەوانی دیكە راناگرێ، لە روانگەی  منەوە ئۆپۆزسیۆنی دژ بەری ئێران خۆ لە چەند بەشدا و بەرە دەبینیتەوە:
یەكم گەڵانی غەیرە فارس وەك كورد، عەرەب، ئازەری، توركمەن و بڵۆچ، كە زۆربەی هێزە سیاسییەكان لە رێكخراوی فیدراڵی نەتەوەكانی ئیراندا جێیان گرتوو و داوی فیدراڵی و دیموكراسی بۆ ئێران دەكەن.
لەلایەكی دیكەش رێكخراوی موجاهیدینی خەلق و شورای مڵی و مقاوەمت ئێرانە، لە ئیستا بە پشتوانی ئەمریكا‌و وڵاتانی رۆژئاوایی پەرە دەستێنێ، سێهەمین بەرە لایەنگرانی پاشایەتی و سەلتەنەت خوازەكانن. بەرەی چەپی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە دا زۆر لاواز بوونە و حیسابێكی وایان بۆ ناكرێ، بەڵام ئەوەی شایانی باس بێت لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەرەیەك لە كورد‌و چەند حزب‌و رێكخراوی ئێرانی دیموكرات و سكۆلار پێكهاتووە، رەنگە لە داهاتوودا ببێتە هێزی كاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی ئیراندا، ئەمانە لە چوار چێوەی ئیرانێكی دیموكراتدا گەیشتوونە یەك و پێكەوە لە دژی رژێم هاوكاری یەكتر دەكەن و بەرەو  ئاسۆیەكی رووناك هەنگاو هەڵدەگرن بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی كوردش تا رادەیەك پێشكەوتوو خۆازن.
كورد لە ئیران لە هەموو بارێكەوە لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە پێشترە، كورد بەخەباتی خۆی قوربانییەكی زۆری لەرێگای ئازادی و مافی نەتەوایەتیدا داوە و كورد بە هێزترین هێزی دژی رژێم پێك دینن، ئێستا هاوكاری هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە ناوخۆ‌و دەرەوە دەوری كاریگەری هەیە وەك ئۆپۆزسیۆنی رژێم.

* ئێران فڕە پێكهاتەیە هەم لە رووی نەتەوەیی هەمیش لە رووی ئایینییەوە، گۆڕانكارییەكان ئاسان دەبن؟


- ئێران وڵاتێكی فرە نەتەوە‌و فرە ئایینە ئەمە فاكتەرێكی زۆر گرنگە بەبێ گوێدانە بەم فاكتەرە میژووییە ئێران ناتوانێ وەك وڵاتێك و جۆگرافایەكی یەكگرتوو لەسەر نەخشەی جیهان بمێنێەتەوە، لە پێش هەموو شتێك ئەگەر پرسی كورد لە ئێران چارەسەرێكی دیموكراتیانە نكرێت ئێران لەبەریەك هەڵدەوشێتەوە، هەر وەك ئێمە شاهیدی هەڵوەشانەوی یەكێتی سۆڤێت و یوگوسلاڤی بۆین. ئەگەر رژێمكی دیموكراتیك‌و سكۆلار لە ئێران پاش رووخانی رژێم بێتە سەركار و بتوانێ ئەم كێشەیە چارەسەر بكات زۆر باشە، دەنا شاهیدی هەڵوەشانەوی ئێران دەبین بی گۆمان.


* لە هەموو شۆڕشەكان كورد دەوری كاریگەری بینیوە، دواتریش زیانمەندی یەكەم بووە، كورد لە رۆژهەڵات چی بكات كە لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەك دووبارە زیانمەندی یەكەم نەبێت؟


- هیچ كەس ناتوانێ پێشبینی یا گارانتی ئەو بكات ئێران پاش رووخانی كۆماری ئیسلامی چی لێدی، چەندین بژاردە هەیە كە ئەوانش پەیوەندی بە جۆری حكومەتی داهاتووە هەیە، هەر ئەگەرێك چاوەڕوانی ئێرانی داهاتوو دەكات. گەشبینم بە مێژوو و باگراوەندی كورد لە ئێران ئەم جارە كورد سەری بێ كڵاو نامێنێتەوە. چونكە كۆمەڵگای كوردستان لە هەموو بارێكەوە گۆڕانگاری پۆزەتیڤی بەسەر داهاتووە، هەستی شۆڕشگێری و كوردایەتی زۆر لە ئاستێكی بەرز دایە، هیچ لایەنێك ناتوانێ حیسابی بۆ نەكا و بە بێ بشداری كورد نە دەوڵەت و قەوارەی سیاسی ئێران سەر ناگرێ.


* حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات ئەو ئامادەگییەیان هەیە، كە دەست و پەنجە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان نەرم كەن؟


- كۆماری ئیسلامی ئێران رژێمێكی دژی مرۆڤی دیكتاتۆر‌و تۆلیتاری و فاشیستی مەزهەبییە، كە لەلایەن رێبەری دینی بە مەزهەبی شیعە بەرێوە دەچێ و هێچ رێزێك بۆ مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموكراسی دانانێ و دژی هەموو بەریارنامەكانی جیهانی و نیونەتەوایەتییە، مافی گەلان، مافی ژنان و كەمە ئایینیەكان لە ئێران بە شێوازی سیستماتیك پێشیڵ دەكرێن، هەموو ئەمانە لە ڕاپۆڕتی لیژنەی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووكان ئاماژەی پێكراوە، ئەم رژێمە چل ساڵە گوێ لە كەس ناگرێ و بەبڕوای من ئەم رژێمە قابڵی ئیسلاح و ریفۆرم و گۆڕان نییە، ئەم رژیمە لە تەواوی ماهییەتی خۆیدا ئەزموونی نیشاندا.
ئەم رژێمە پاش هاتنەسەركاری دژایەتی خۆی لە هەمبەر ولاتە یەكگرتووكانی ئەمەریكا راگەیاند ئەوش بە داگیركردنی بالویزخانەی ئەو ولاتە و بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتەكانی ئەمریكا لە ئیران، دژایەتی مەریكا لە ناوچە و یارمەتی دەولەتان و حیزبە دژبەرەكانی ئەمەریكا سیاسیەتی نەگۆر و هەمیشەی كۆماری ئیسلامی لە چل ساڵی رابردوو بوو .


* پێشبینی پێكدادانی سەربازی لە نێوان ئەمریكا ئێران دەكەیت؟


- پێشبێنی پێكدادانی سەربازی تا ئێستا بە دوور بووە، بەڵام هەڕەشە و گۆڕەشەكانی هەر دوو لا لەیەكتر و ئامادەكاری هێزی سەربازی هەر دوولا ئەگەری دەست تێوەردانی شەڕی چەكداری زۆر بە دوور نازانم بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران خرایە لیستی تیڕۆرەوە .


* ئایا ئەمریكا كاری لەسەر چالاكتر كردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانی كردووە؟


- بەڵی لەم یەك دوو ساڵەی دواییدا ئەمریكا بەردەوام خەریكی بەهێزكردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە و لە ژێرەوە ئامادەكاری رووخانی رژێم دەكات، بەگووتەی وەزیری دەرەوە‌و راوێژكاری ئاشایشی نەتەوەی ئەمریكا نایشارنەوە كە هەڵبژاردەی نیزامی یەكێك لە هەڵبژاردنەكانە بۆ رووخانی رژێم .
بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریكا پیۆیستی بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە كوردیشەوە هەیە، بەڵام بەرای من پشكی شێر وەبەر موجاهیدان كەوتووە.
* ئەمریكا تا ئێستا پلانێكی روونی لە بارەی داهاتووی ئێران ئاشكرا نەكردووە، لە دیدی ئێوە پلانە گرنگەكانی ئەمریكا چی دەبێت؟
- پێموایە پەیوەندی ئەمریكا‌و ئێران گەیشتووتە قۆناخێكی زۆر هەستیار و ئەگەر ئێران حازر نەبێت بۆ دانووساندن لەگەڵ ئەمەریكا ئەو ئەگەری شەڕ و پێكدادان یەك جار زۆرە و بەبێ شەڕ ئەم كێشەیە یەك لای نابێتەوە‌و بە باوەری من ئێران ئەم شەڕە دەدۆڕێنێ و رژێم دەرووخی.