Share on facebook
زۆر پرۆژە و بەرنامەی باشمان پێیە بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان
دووشەممە, 22 نیسان 2019 15:44


دیمانە- ڕائیب شێروانی
سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێت، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەدرێت، لەگەڵ ئەوەی ئۆمێدێكی زۆرمان هەیە كە ئەو خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت لەگەڵ خولەكانی رابردوو و ئەو پرۆژانەی كە لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندان پێشكەش دەكەین، حكوومەت چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكان دەكات، هاوكاری كوڕ و كچی شەهید و ئەنفالكراوان دەكەین ئەوانەی كە لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەخوێنن، هەتا پێشنیار دەكەین كە رێژەیەكی باش لە كوڕ و كچی شەهید و ئەنفالكراوان دابمەزرێن، ئەوە لەسەر حكوومەت دەكەینە ماڵ، بۆیە ئەوەی پێویست بێت و لە دەست ئێمە بهێت بۆ كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان دەكەین.
سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان گوتی:" بڕیار بوو هەفتەی رابردوو پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە، بەڵام دیار بوو لە نێوان هەندێك لایەندا كێشە هەبوو، بەتایبەتی لەسەر جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم، بۆیە بە پێویستمان زانی كە دانیشتنی پەرلەمان دوا بخرێت تا لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن، ئەگەری زۆر هەیە لایەنەكان هەر چی زووە بگەنە رێككەوتن و ئەم هەفتەیە پەرلەمان كۆ ببێتەوە و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە.
سوسەن محەمەد میرخان، گوتیشی:" تا حكوومەت پێك نەهێت، ئێمە ناتوانین چاودێری حكوومەت بكەین و كارەكانی خۆمان بە تەواوەتی بكەین، چونكە تا ئێستا متمانەمان بەو حكوومەتە نەداوە، جێگەی نیگەرانی خەڵكی كوردستانیشە كە ئەوە 6 مانگە هەڵبژاردن كراوە و تا ئێستا نەمان توانیوە وەكو پێویست كارەكانی خۆمان بكەین، بۆیە مافی خەڵكە كە گلەیی بكەن، بۆیە هەوڵدەدەین هەرچی زووە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت و ئەویش كاندیدی فراكسیۆنی گەورە بۆ پێكهێنانی حكوومەت رابسپێرێت و حكوومەت پێك بێت، بۆ ئەوەی ئێمەش بە كارەكانی خۆمان هەستین، خەڵك چاوەڕێ ئەوە لە كابینەی نوێ و پەرلەمان دەكات كە كاری باش بۆیان بكەن و ئەو پرۆژانەی باشن جێبەجێ بكەن و یاسای باش كە لە خزمەتی هاووڵاتیاندان دەربكەن.
سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەشڵێ:" ئۆمێدێكی زۆرمان هەیە كە ئەو خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت لە خولەكانی رابردوو، چونكە خەڵكێكی نوێ هاتۆتە ناو پەرلەمان، ئەوانیش هەموو بەڵێنیان داوە كە جیاواز لە خولەكانی رابردوو كار بكەن و ئەو پرۆژانەی كە لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندان پێشكەش بكەن، بۆیە ئەو خولە جیاواز دەبێت، بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و بارودۆخێكی باشە، بۆیە دەرفەتێكی باش هاتۆتە پێش كە ئێمە وەكو پەرلەمانتار بتوانین دەوری خۆمان ببینین، حكوومەت دەوری خۆی ببینێت، چونكە قەیرانی دارایی نەماوە، شەڕی داعش نەماوە، بۆیە ئەگەر ئێمە بمانەوێت دەتوانین زۆر شتی باش بكەین و زۆر پرۆژە یاسای باش دەربكەین، هەموو پەرلەمانتارانیش هەر ئەو ئۆمێدەیان هەیە، بۆیە پێموایە ئەم خولە جیاواز دەبێت و ئەو پرۆژانەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندان دەردەكرێن، چونكە خەڵكی كوردستان شایەنی زۆر لەوە زیاترە، چونكە بە درێژای مێژوو خەڵكی كوردستان قوربانی داوە، ئاوارە و دەربەدەر بووە، بۆیە ئۆمێد دەكەین هەرچی زووە هەموو لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان لەبەرچاو بگرن، بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو پەرلەمان بتوانین بە باشترین شێوە كاری خۆمان بكەین.
سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان، ئاشكراشی كرد:" لە هەموو سێكتەرەكاندا چاكسازی دەكرێت، ئێمەش وەكو پەرلەمان بەوردی چاودێری حكوومەت دەكەین و هاوكاریش دەبین و پێویستە هەماهەنگیەكی زۆر باش لە نێوان حكوومەت و پەلەماندا هەبێت.
سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان زیاتر گوتی:" هەموو فراكسیۆنەكان ئەندامیان لە لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراواندا هەیە، هەموومان بڕیارمان داوە كە كارێكی زۆر باش و جیاواز بكەین، سەرەتا دەمانەوێت زانیاری و داتای زۆر باش كۆ بكەینەوە، هەر شتێك لە بەرژەوەندی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراواندا بێت ئەوە دەكەین، هەوڵدەدەین سەنتەری رۆشنبیری بكەینەوە، هاوكاری كوڕ و كچی شەهید و ئەنفالكراوان دەكەین بەتایبەتی ئەوانەی كە لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەخوێنن، هەروەها بوونی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە، هەتا پێشنیار دەكەین كە رێژەیەكی باش لە كوڕ و كچی شەهید و ئەنفالكراوان دابمەزرێن، ئەوە لەسەر حكوومەت دەكەینە ماڵ، بۆیە ئەوەی پێویست بێت و لە دەست ئێمە بێت بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكەین، من خۆم كچە ئەنفالم دوو برام ئەنفالكراوان، 19 كەس لە بنەماڵەكەمان ئەنفالكراوان، بۆیە بە نیەتێكی زۆر گەورە چوومەتە پەرلەمان كە بتوانم خزمەتی كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی بكەم، بۆیە ئەوەی بە ئێمە بكرێت درێغی ناكەین و لە خزمەتی ئەواندا دەبین".