Share on facebook
د. مەیادە نەجاڕ : تا ناوەڕاستی ئەمساڵ كورد هەموو پۆستەكانی لە بەغدا وەردەگرێتەوە
دووشەممە, 22 نیسان 2019 15:47


چاوپێكەوتن – ڕائیب شێروانی
دكتۆرە مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی فیدراڵدا كورد جگە لە پۆستە سیادییەكان كۆمەڵێك پۆستی دیكەی بەردەكەوێت و تا ناوەڕاستی ئەمساڵیش كورد هەموو پۆستەكانی لە بەغدا وەردەگرێتەوە، لە ماف و حەقی خۆمان خۆش نابین و سەرجەم ئەو پۆستانەی كە پێشتر هیی پارتی بوون  ئێستا بە وەكالەت خەڵكیان لە شوێن دانراوە، دەمانەوێنەوە. دەشڵێ، حكوومەتی داهاتووی كوردستان حكوومەتێكی بەهێز دەبێت، هەماهەنگ و پاڵپشتیەكی بەهێز دەبێت بۆ ئێمە كە لە بەغدا بتوانین بە باشترین شێوە كارەكانی خۆمان بكەین و شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین.
ئەو پەرلەمانتارەی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەری خۆی هەیە لەسەر سیاسەتی عێراق، چونكە حكوومەتی داهاتووی كوردستان حكوومەتێكی بەهێز دەبێت، هەماهەنگ و پاڵپشتیەكی بەهێز دەبێت بۆ ئێمە لە بەغدا كە بتوانین بە باشترین شێوە كارەكانی خۆمان بكەین و شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین.
دكتۆرە مەیادە نەجاڕ، گوتیشی:" تا ئێستا كابینەی عادل عەبدولمەهدی تەواو نەبووە، هۆكاری تەواو نەبوونەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تەوافقی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا نیە، چوار وەزارەت ماون، لەوانە وەزارەتی ناوخۆ، بەرگری، داد و پەروەردە، بۆیە كەی تەوافق و ڕێككەوتنی سیاسی كرا لایەنەكان كاندیدەكانی خۆیان پێشكەش دەكەن و ئەو چوار وەزیرەش دەست بەكار دەبن.
دكتۆرە مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق روونیشیكردەوە:" فراكسیۆنی پارتی لە هەوڵدایە و داواشی كردووە كە هاوپەیمانێتی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا دروست بێت، داوای یەكڕیزی دەكات، هەوڵەكان بەردەوامن دەگەینە ئەنجامێك كە هاوپەیمانێتی كوردستانی لە بەغدا پێك بهێنین، كە ئەوەش داوای فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە چەند یەكڕیز و یەكگرتوو بین، كۆدەنگ بین، لەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە دەتوانین هەموومان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی بەرامبەر بە لایەنەكانی دیكە بوەستینەوە و مافەكانی كورد بە دەست بهێنین، هێز لە یەكگرتندایە، وەكو ئەوەی كە لە كاتی پەسەندكردنی بودجەدا كرا، كە لەسەر بودجە هەموومان یەكدەنگ و یەكڕیز بووین، بۆیە هەوڵدەدەین یەكگرتوو بین و هاوپەیمانێتیەك پێك بهێنین، بۆ ئەوەی بتوانین مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بە دەست بهێنین.
ئەو پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێشتر لە كابینەكانی حكوومەت زۆرینەی پۆستەكان لە كورد وەرگیرابوونەوە و ئێستا بڕیارە لە كابینەی نوێدا سەرجەم پۆستەكان بە كورد بدرێنەوە، بۆیە كار بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانە دەكەین، لە بریكار و بەڕێوەبەری گشتی و هەر پۆستێكی دیكەی پشكی كورد بێت، دواین مۆڵەت بۆ ئەوەی كورد سەرجەم پۆستەكانی لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق پڕ بكاتەوە تا 30/6ی ئەمساڵە، دەبێت هەموو پۆستەكان یەكلا بكرێنەوە بۆیە تا ئەوكات هەموو پۆستەكانی پێشتر لە كورد وەرگیراونەتەوە، پێی دەدرێنەوە، بۆ ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هێزی یەكەمی براوە لە هەڵبژاردنەكان ژمارەیەك پۆستی بریكاری وەزارەتەكانمان بەردەكەوێت.
نەجاڕ، دەشڵێ:" لە ماف و حەقی خۆمان خۆش نابین و سەرجەم ئەو پۆستانەی كە پێشتر هیی پارتی بوون و ئێستا بە وەكالەت خەڵكیان لە شوێن دانراوە، دەمانەوێنەوە، پارتی تەنیا وەزیری دارایی و ئاوەدانكردنەوەی وەرگرتووە، كۆمەڵێك پۆستی بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی هەن كە دەبێ پێمان بدرێن".