Share on facebook
نەدا مێرگەسۆری : هێشتا داعش مەترسییە لەسەر عێراق و ناوچەكە
دووشەممە, 22 نیسان 2019 15:52


دیدار –ڕائیب شێروانی
نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، بارودۆخی عێراق جێگیر نیە و هەندێك لایەن هەوڵدەدەن حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی سەركەوتوو نەبێت و متمانە لەو حكوومەتە وەربگرنەوە، لەگەڵ ئەوەی هێشتا داعش مەترسییە لەسەر عێراق و ناوچەكە، بۆ ئەوەی عێراق ئارامی بە خۆیەوە ببینێت دەبێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكرێن و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكان، چونكە نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە هۆكارە كە داعش رۆژانە جموجۆلی هەبێت. دەشڵێ، دانوستاندن لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە هەن چارە بكرێن، بەتایبەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان، ئەو سازان و هەماهەنگیەی كە ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دەگەرێتەوە.
مێرگەسۆری، گوتی:" حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشوو باسی لەوە كرد داعش كۆتایی هاتووە، بەڵام جموجۆڵەكانی داعش هەر بەردەوامن، ئەگەر داعش وەكو جاران نەمابێت، بەڵام ئەفكارەكانی داعش هەر ماون، رۆژانە جموجۆلی هەیە هێرش دەكەنە سەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، بەتایبەتی لە ناوچەكانی سنووری ماددەی 140، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە عێراق نەیتوانیوە تا ئێستا بارودۆخی ئەو ناوچانە بپارێزێت، نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ئەو هۆكارە كە داعش زیاتر جموجۆلی هەبێت، بۆیە پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە و رێگری لە جموجۆڵەكانی داعش بگیرێت، بۆیە هەبوونی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان پێویستە، بۆیە دەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا دانوستاندن بكرێت بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی كە ئێستا لە عێراق هەن، لە ئەستۆی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دایە و دەبێت ئەو چارە بكات، دەبێت دانوستاندنی جددیش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە هەن چارە بكرێن، بەتایبەتی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە، چونكە تا كێشەكان چارە نەكرێن عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، بۆیە مەترسی داعش هێشتا لە عێراق هەر ماوە.
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" رەوشی عێراق جێگیر نیە، كابینەی عادل عەبدولمەهدی تەواو نەبووە، هێشتا چوار وەزارەت بە وەكاڵەت بەڕێوەدەبرێن، ململانێی سیاسی هەر بەردەوامە، ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە حكوومەت تەواو نەكرێت، لە پەرلەمانی عێراق ئەوە ساڵێك دەبێت هێشتا هیچ پرۆژە یاسایەكی گرنگ دەنگی لەسەر نەدراوە و پەسەند نەكراوە، هەتا ئێستا سەرۆكی لیژنەكان دیاری نەكراون، رەوشی سیاسی وڵاتانی دراوسێ جێگیر نیە، بەتایبەتی وڵاتێكی وەكو ئێران كە بەردەوام لەلایەن ئەمریكاوە سزا دەدرێت، ئەوە هەموو كاریگەری نەرێنی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەبێت، چونكە ئێران وەكو وڵاتێكی ئەقلیمی كاریگەری لەسەر هەندێك لایەنی عێراقی هەیە، هەتا كاریگەری هەیە لەسەر ئابووری عێراق، چونكە ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بە شێوەیەكی بەرچاو جومگەكانی ئابووری عێراقی خستۆتە بن دەستی خۆی، ئەوەش كاریگەری لەسەر ڕەوشی عێراق دەبێت، بۆیە عێراق تا ئێستاش نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە كە ئارام بێت، مەترسی لە هەموو لایەكەوە هەیە، هەندێك لایەن هەوڵدەدەن حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی سەركەوتوو نەبێت و متمانە لە حكوومەت وەربگرنەوە، بەوەش بارودۆخی عێراق بەتەواوەتی تێك دەچێت.
نەدا مێرگەسۆری، گوتیشی:" ئەمریكا و ئێران كاریگەریان لەسەر عێراق هەیە، دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق شتێكی باش نیە، چونكە ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی نەبوانە رژێمی عێراق لەناو نەدەچوو، لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا بەردەوام هەوڵی داوە لایەنە عێراقییەكان لێك نزیك بكاتەوە داعش و گروپە توندڕەوەكان لەناو ببات، بۆیە نابێت ئەو هەڵەی كە لە 2011 كرا بە دەرچونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دووبارە بكرێتەوە، چونكە تا ئێستاش عێراق پێویستی بە هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان هەیە، ئەگەر ئەو هێزانە لە عێراق نەمان كێشەكانی عێراق زیاتر دەبن، بۆیە بە پێویست نابینم هێزەكانی ئەمریكا عێراق چۆڵ بكەن.
نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكراشی كرد:" پاش ئەوەی كە عادل عەبدولمەهدی وەكو سەرۆكوەزیران دەست بەكار بوو، سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدای كرد، ئەو سەردانە كاریگەری هەبوو لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەو سازان و هەماهەنگیەی كە ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی دەگەرێتەوە، دەبێت ئەو هەماهەنگیە لەسەر ئاستی حكوومەتی هەرێم و عێراق زیاتر بكرێت، بۆیە داوا دەكەین بە زووترین كات كابینەی نوێ دەست بەكار بێت، بۆ ئەوەی ئەو كێشە هەڵواسراوانەی كە لە نێوان هەر دوو لادا هەنە چارە بكرێن، بۆیە پێویستە هەرچی زووە لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و حكوومەتی هەرێم پێك بێت، عادل عەبدولمەهدی كەسێكی نەرمە و هەوڵدەدات ئەو هەڵانەی پێش ئەو كران دووبارە نەكاتەوە و چارە بكات، پێویستە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان، كێشەی كەركووك، كێشەی نەوت و غاز هەموو ئەو كێشانە چارە بكرێن، بۆیە هەموو ئەو كێشانە پێویستی بە دانوستاندن و گفتوگۆ كردن هەیە، بۆیە پێویستی بەوە هەیە كە حكوومەتی نوێ تەشكیل بكرێت، ئێستاش دانوستاندنەكان بەردەوامن بۆ چارەكردنی كێشەكان، پێشتر حەیدەر عەبادی و نوری مالیكی كە سەرۆكوەزیران بوون، پێشێڵی دەستووریان كردبوو و هۆكار بوون بۆ سەرهەڵدانی كێشەكان، بەڵام عادل عەبدولمەهدی دەیەوێت جارێكی دیكە ئەو كێشانە بە پێی دەستوور و یاسا چارە بكات، ئەوەش پێویستی بەوە هەیە كە هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت".