Share on facebook
نێچیرڤان بارزانی لە رابەرایەتی گەلی كوردستان سەركەوتوو دەبێ ؟
دووشەممە, 22 نیسان 2019 16:58

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان : نێچیرڤان بارزانی بە دبلۆماسیەتی خۆی توانی قەیرانەكان تێك بشكێنێت

چاودێرێكی سیاسی : دڵنیاین لە پۆستی سەرۆكی هەرێمیش سەركەوتوو دەبێت

نوسەرێك: زۆر ناوەندی جیهانی و كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمی بە سەرسوڕمانەوە لێكدانەوەیان بۆ هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی كردووە

موڕشید برادۆستی – سۆران: چین و توێژەكانی كوردستان لەبارەی وەرگتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە لایەن نێچیرڤان بارزانی دڵخۆشن و بە هەنگاوێكی باشی دەزانن بۆ بەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستان  .

نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ئێستای كوردستان و جێگری پارتی دیموكراتی كوردستان و پالێوراو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، ماوەی چەندین ساڵە ئەزموونی حومكڕانی هەیە و لە دووای راپەڕینەوە تا ئێستایەكێك بووە لەو كەسانەی پۆستی باڵای لە كابینە یەك لە دووایەكەكانی حكومەت هەبووە و بەدرێژای مێژوو رۆڵی كارا و گرنگی هەبووە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا .

زاری كرمانجی لە راپۆرتێكدا بۆچوونی خەڵكی لەسەر كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی و گرنگی بوونی بە سەرۆكی هەرێم دەخاتەڕوو، لەو بارەیەوە، هەڵگۆرد عەبدولوەهاب جوندیانی چاودێری سیاسی بە زاری كرمانجی گووت " لەپانزە ساڵی رابردوودا نێچیروان بارزانی سەرباری هەموو كۆسپ و تەگەرە دەرەكی و ناوخۆكانی بەردەم پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان، توانی سەركەوێت و بۆ یەك ساتیش خۆی لەبەرپرسیارەتی نەدزیەوە .

جوندیانی دەڵێت " نێچیرڤان بارزانی لەسەخترین كاتیدا كە كوردستان دووچاری دوژمنكاری بەغدا و ئابلۆقەی ئابووری بووەوە، ئەو لەگەڵ ستافەكەیدا شانی دایەبەر و كۆڵی نەدا، بێگومان ئەو مكوڕی و جەختكردنەوەو مانەوە بەپێوە خۆی لەخۆیدا مانای كامڵبوونی سیاسی و دەوڵەمەندی ئەزموونی بەڕێزیانە. بۆیە ئومێد دەكەم و دڵنیاشم لەئەركی ئایندەشیدا وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو دەبێت و دەتوانێ كۆی ئەزموون و هەژموونی كەسایەتی خۆی بۆ سەركەوتنی ئەم ئەركە قورسە دێخیتە كار.

ئاسۆ حاجی نووسەر و رۆژنامەنووسی دیاری كوردستان بە زاری كرمانجی گووت " سەركەوتنی ئابوری سەربەخۆ لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی كوردستان گەیشتە لوتكە، كە بەرهەمی ئەو سیاسەتە زیرەكانە بوو كە لە رێگایەوە نێچیرڤان بارزانی دەرگای بە سەر هەموو لایەكدا كردەوە، لە ناوخۆی كوردستان و لە سەر ئاستی ئیقلیمی و نیودەوڵەتیدا.

ئاماژەشی بەوەدا " لە رۆژەكانی دوای شازدەی ئۆكتۆبەر زۆر كەس و لایەن گلەیی ئەوەیان لە نێچیرڤان بارزانی دەكرد كە زیاد لە پێویست نەرمی بەرامبەر هەڕەشەكانی عەبادی دەنوێنێ، لە هەمان كاتدا زۆر ناوەندی جیهانی و كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمی بە سەرسوڕمانەوە لێكدانەوەیان بۆ لێدوان و هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی دەكرد بەوەی لە هەڵسوكەوت و عەقڵی سیاسیەكی رۆژهەڵاتی ناچێ و مۆدێلێكی نوێیە لە سیاسەت كردن،چونكە بە سیاسەتی نەرم و هەنگاوی لۆژیكی توانی شكست بە پیلانی چەند لایەنە لە دژی هەرێمی كوردستان بێنێ كە دەستی ناوخۆیی و رێكەوتنی ئیقلیمی و بێدەنگی نێودەوڵەتی لە پشتەوە بوو.

ناوبراو گووتیشی " ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەربژێرە و لە ماوەیەكی

نزیكدا ئەو پۆستە وەردەگرێ، بە هەمان روحیەتی پێشمەرگانەی سەرۆك بارزانی، مەزنی بە پۆستەكە دەبەخشێ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی .

شایەنی باسە، هەر لە دوای سەركەوتنی مەزنی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێڕاق و كوردستان و كاندید كردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، كۆمپانیا جیهانیەكان دەستیان بە وەبەرهێنان كردۆتەوە و كۆمپانیای دیكەش هاتوون و چاوەڕوان دەكرێ كۆمپ

انیا گەلێكی دیكەش ڕووبكەنە كوردستان،  چونكە دڵنیان كە دەرفەتی كار و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دڵنیایی لە پشتەوەیە، دڵنیایی سیاسی و ئابوری و ئەمنی. ئەوجارەیان سیاسەتی دەرگای كراوە بە هەمان بەها و تێگەیشتن و كاركردن

عەبدولواحید حسێن برادۆستی دانیشتووی ناحیەی كە

سنەزای شاری هەولێر لە بارەی كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ زاری كرمانجی دەڵێت " پارتی دیموكراتی كوردستان باشترین و گونجاو ترین بڕیاریدا بۆ كاندید كردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، چونكە لە حكومڕانی كوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوو سەركەوتوو بووە و جێگەی ئومێدی خەلكی كوردستان بووە و تەواوی لایەنە سیاسیەكانیش هیوایان بە بەڕێزیان هەیە . دەرگا بەسەر بوژانەوەی ئابوری و دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئاسایشی زیاتر و ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی دەكاتەوە.

زیاتر گووتی " هاوشێوەی نێچیرڤان بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی و ئیداری كوردستان كەمە و كەسایەتییەكی سەركەوتووی وەك ئەو درووست نابێتەوە، هەموو خەلكی كوردستان شاهێدی ئەوە دەدات لە كاتی درووست بوونی قەیرانی دارایی و ئەو دۆخە ناخۆشەی لە چەند ساڵی رابردوو بەسەر كوردستان داهات و رێگەی ئاسمانی و زەویان بە رووی وڵاتانی تر لێ داخستین، رۆڵ و كارێزمای نێچیرڤان بارزانی بوو توانی ئابلووقە سیاسی و ئابووریەكانی بشكێنێت و  زیاتر بووە جێگەی متمانە و ئومێدی هەموو خەلكی كوردستان، بۆیە وەك هاووڵاتییەك، دڵخۆشم بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم دڵنیام كوردستان بەرەوپێش دەبات و پەیوەندی زیاتر لە گەڵ ولاتانی جیهان دروست دەكات و بەشێوەیەكی جوان و بێ جیاوازی رابەڕایەتی گەلی كورد دەكات.

عەبدولواحید برادۆستی دەشڵێت " سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خاوەنی ژمارەیەك دەستپێ

شخەری ستراتیژی بووە كە ئامانج لێیان باشتركردنی ئاستی بژێوی و كۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووریە لە هەرێمی كورستان. لە نێوانیاندا، گرتنەدەستی سیاسەتێكیی پتەوی سامانە سروشتیەكان، پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و ڕامیاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێكهێنانی ئابووریەكی پتەوی ناوخۆیی، پەرەپێدانی وەبەرهێنانی دەرەكی، بەرگریكردن لە مافی ئافرەتان، پەرەپێدانی خوێندنی بنەڕەت و باڵا، ئاوەدانكردنەوەی تەواوی ژێرخانی هەرێمی كوردستان و چەندان كاری دیكەی گرنگ.

" نێچیرڤان بارزانی ، خاوەنی ژمارەیەك دەستپێشخەری ستراتیژی بووە كە ئامانج لێیان باشتركردنی ئاستی بژێوی و كۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و ئاوەدانكردنەوەی تەواوی كوردستان  بووە "

هاوكات، كاروان كەلاری میدیاكار لە كوردستان دەڵێت" نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێكی دوور و درێژی لە كایەی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان هەیە، ماوەی بیست ساڵە لە ئیدارەی هەولێر هەروەها لە ئیدارەی هاوبەش جێگر و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بووە، لە رێگەی پۆستەكەیدا توانیویەتی پەیوەندیەكی زۆر باشی ناوخۆی و ئیقلیمی ناوچەكە و نێودەوڵەتی دروست بكات، كەسایەتییەكی ناسراوی كوردستان و عێراق و دنیایە .

كەلاری، بۆ زاری كرمانجی دووپاتی كردەوە " نێچیرڤان بارزانی لە رووی سیاسیەوە خاوەن كەسایەتییەكی بەرزە و جێگەی ئومێدی خەلكە، لە بابەتە گرنگ و هەستیارەكان پرس و رای پێ دەكرێت، لە رووی ئابووریەوە دەبینین لە كوردستان دەیان كۆمپانیای گەورە و زەبەلاح لە بوارە جیا جیاكان بە تایبەتی نەوت لە كوردستان كار دەكەن ئەمەش ئەو پەیوەندیە گەرم و گوڕەی نێچیرڤان بارزانییە توانیوەتی ئاستی نەوت هێندە بەرز بكاتەوە كە خەریكە دەگەین بە ئابووریەكی سەربەخۆ و هەرێمی كوردستانی كرد بە بەشێك لە نەخشەی وزەی جیهانی و لە ئاوەدانی پێشەنگ بووە و بە مانای وشە سەرۆك وەزیران و دەوڵمەتمەدارە .

" ئەو ئامانج و ئەو بەرنامانەی كە پێشتر سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم كاری لە پێناودا كردبوو، نێچیپرڤان بارزانی درێژە پێدرەی دەبێت تا  تا گەلی كوردستانیش بە ئاواتی دێرینی خۆی بگات "

لەلای خۆشیەوە، وەیسی سەعید ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت " جگە لەوەی نێچیرڤان بارزانی رۆڵەی خانەوادەی سەربەرزی بارزانە كە لە ژێر دەستی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ پەروەردە كراوە، توانیوەتی لە خەباتی شاخیشدا رۆڵی دیاری هەبێت لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلەكەمان بە تایبەت دووای ساڵی 1988 و وەفاتی باوكی، دووای راپەڕینیش توانی یەكێك بێت لەو ئەندامانە هەرە دیارانەی لیژنەی گفتووگۆ لە نێوان سەركردایەتی بەرەی كوردستانی و حكومەتی عێراق .

ئەو ئەندامەی پەڕڵەمانی كوردستان، زیاتر دەڵێ " وێڕای ئەوەش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێگری سەرۆكی حكومەت و لەو ساڵانەی دووایش سەرۆكی حكومەت بووە، هەمیشە رۆڵی رێزدار نێچیرڤان رۆڵێكی دیار بووە و بە ئەندازیاری ئاوەدان كردنەوەی كوردستان ناسراوە، هەموومان لە یادمانە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا هەرێمی كوردستان لە چ رەوشێك دا بوو، دووای دەست بەكار بوونی نێچیرڤان بارزانی گەیشتنە چ قۆناغێك تەنانەت ئەو ئاوەدانی و ئەو ئارامیەی كە لە سایەی كابینەكانی بارزانی لە هەرێمی كوردستان فەراهەم كرا بووە هۆكارێك كە وڵاتانی تریش بە كردنەوەی كۆنسوولخانە و نوێنەرایەتی خۆیان بكەنەوە و روو لە كوردستان بكەن.

وەیسی سەعید ئاشكراشی دەكات" لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان دووچاری قەیرانی سەختی دارایی و روو بەرووی شەڕێكی نەخوازرا لەگەڵ دڕندەترین رێكخراو هاتەوە بەناوی داعش، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لە حوكمڕانی رای نەكرد و بەڵكو تواتی بە دبلۆماسیەتی خۆی زۆر سەركەوتووانە ئەو ئابلووقە و قەیرانە ئابووریە تێكبشكێنێت و كۆتای بە داعشیش بهێندرێت و لە كات و ناخۆشی دژواردا ئومێد بۆ خەلكی كوردستان بگەڕێنێتەوە .

دووپاتی كردەوە، لەم قۆناغەشدا نێچیرڤان بارزانی دەستنیشان كراوی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی و سەرۆك بارزانییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەدڵنیایەوە دەبێتە جێگەی ئومێد و خواستی هەموو لایەك، لەو قۆناغە هەستیارە و چارەنووس سازەشدا رابەرایەتی گەلی كوردستان بكات و ئەو ئامانج و ئەو بەرنامانەی كە پێشتر سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم كاری لە پێناودا كردبوو بە تایبەت پڕۆسەی ریفڕاندۆمی سەربەخۆی كوردستان درێژەپێدەری كارەكان دەبێت و تا گەلی كوردستانیش بە ئاواتی دێرینی خۆی بگات .

نێچیرڤان بارزانی لە 21ی ئەیلوولی ساڵی 1966 لە گوندی بارزان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە دایك بووە، كەسایەتیی سیاسیی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستانە. نێچیرڤان بارزانی كوڕی ئیدریس بارزانی و نەوەی مەلا مستەفا بارزانییە و هاوسەری نەبیلە بارزانییە و خاوەنی سێ كوڕ و دوو كچە . و زمانی كوردی و فارسی و ئینگلیزی بەڕێزیان پاراوە و زمانی عەرەبیشی باشە.

لەساڵی 1996، نێچیرڤان بارزانی بە جێگری سەرۆك وەزیران دەستنیشانكرا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دوا بە دوای هەلبژاردنی گشتی لە هەرێم لە ساڵی 1992 دامەزرێندرا. لە ساڵی 1999 بە سەرۆك وەزیران دەستنیشانكرا.  نێچیرڤان بارزانی، كە ڕابەرایەتی كابینەی پێنجەم لە ماوەی نێوان 2006 تا 2009 و كابینەی حەوتەم لە 2012 تا 2014ی كرد لە دوای 2014 ەشەوە تاوەكو ئێستا رابەرایەتی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.لە ساڵی 1975، بارزانی و خێزانەكەی، لەگەڵ دەیان هەزار كوردی عێراق، ئاوارەی ئێران بوون بۆ ڕزگاربوونیان لە چەوسانەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق. بە شوێنپێكەوتنی باوكی و باپیری، نێچیرڤان باررزانی چاڵاكانە بەشداربوو لە كاروباری سیاسی كورد و بە خێرایی بە ناو پلەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرزبۆوە. لە كۆنگرەی دەیەم لە ساڵی 1989 بۆ سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان هەلبژێردراو لە كۆنگرەكانی دواتر دووبارە هەڵبژێردرایەوە.