Share on facebook
گرفتەكانی بەردەم مامۆستا چین لە وانە وتنەوە
دووشەممە, 22 نیسان 2019 18:07


نەهلە ئەحمەد رسوڵ باڵەكی


زۆر گرفتی جۆراوجۆرمان هەیە كە دووچاری مامۆستا دەبێتەوە لەكاتی وانەوتنەوەی، بەتایبەتی لە قوتابخانە حوكمیەكان ئەوەش كاریگەری زۆر دەبێت لەسەر ئاستی مامۆستا، چونكە مامۆستا ناتوانێ وەك پێویست ئەركی خۆی جێبەجێ بكات زانیاریەكانی بگەیەنێت بە قوتابی.
لەو گرفت و پێشهاتانەش چەند جۆرێكمان هەن لەوانە
یەكەم:نەبوونی هۆیەكانی فێركردن لە قوتابخانە حوكمیەكان بە هۆكارێكی سەرەكی دادەنرێت، چونكە هۆكایەكانی فێركردن بە هاوڕێی یەكەمی مامۆستا دادەنرێت لە كاروانی گەیاندنی زانست و زانیاری، تابتوانێت زانیاریەكانی بەباشی بگەینێت، وەك نەبوونی تاقیگە زانستییەكان و پێداویستی و ئامێرە زانستیەكان بەتایبەتی بۆ بابەتەكانی زانست و ئەحیا و فیزیاو كیمیا...هتد، لەبەر ئەوەی هەر بابەتێك ئەگەر بە كردار و لە پێش چاوی قوتابی ئەنجام بدرێت دەرئەنجامی سەد لەسەدی هەیە بە بەراورد لەگەڵ وانەیەك كە تەنها بە زارەكی بۆ قوتابی بگوترێتەوە، چونكە ئەو بابەتەیان لە مێشك دەچەسپێت بەڵام بەزارەكی زوو لەبیریان دەچێتەوە.
هەروەها نەبوونی داتاشۆ و ماجیكی ڕەنگاوڕەنگ  و پێداویستیەكانی سەرەتایی وەك نەخشەو پێنووس و پاكەرەوەی وایدبۆرد و ...هتد.هەموو ئەوشتانە ڕۆژانە مامۆستا پێویستی پێی هەیە بەبێ بوونی ئەوشتانە وانەیەكی سەقەت تێدەپەڕێت كە نەمامۆستا دەتوانێ ئەركی خۆی بەجێ بێنێت نە قوتابیش دەتوانێ سودی لێ ببینێ. ئەوەش بەڕاستی گرفتی لەبەردەم مامۆستا دروست كردووە هەموو ئەو پێداویستیانە دابینكردنیان كەوتۆتە سەر ئەستۆی خودی مامۆستا و دەبێت خۆی دابینیان بكات ئەگەرچی ئەركی وەزارەتی پەروەردەیە ئەگەر هەمووشی نەبێت بەشێكیان دابین بكات و ئاوڕ لەم كەموكوڕیانە بداتەوە.
دووەم: ڕێژەی زۆری قوتابی لە پۆلەكان، لە زۆربەی قوتابخانەكان ڕێژەی قوتابی لە پۆلێك دەگاتە ٢٥بۆ٣٠ قوتابی، ئەمەش گرفتی زۆری لەبەردەم مامۆستا دروست كردووە، هەر بەم هۆیەشەوە مامۆستا ناتوانێ یەكسانی و دادپەروەری لە ناو پۆل بەجێ بێنێت بەیەكسانی بەشداری بە هەموو قوتابیان بكات، چونكە مامۆستا تەنها ٤٥خوولەكی لەبەردەستە بەو ماوە كورتەو بەو ڕێژە زۆرەی قوتابییان پێڕاناگات هەموو قوتابییان بەشداری پێ بكات. بۆیە واباشترە ڕێژەی هەر پۆلێك بە لایەنی كەم لە ١٥ تا ٢٠ قوتابی تێپەڕ نەكات بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێ كۆنتڕۆڵی وانەكەو قوتابییەكان بكات و زانیاریەكانی بە باشی بەسەر قوتابیان دابەش بكات.
سێیەم:نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان مامۆستا و دایك و باوكی قوتابییان ئەو هۆكارەش گرفتی زۆری بۆ مامۆستا دروست كردووە، ڕاستە ئەركی مامۆستایە قوتابی فێری زانست و پەروەردە بكات، بەلام پێویستە دایك و باوكیش هاوكار و هەماهەنگ بن، چونكە دایك و باوك بە مامۆستای دووەمی قوتابی دادەنرێن لەڕووی پەروەردە كردن و هاوكاری كردنی ڕۆڵەكانیان تا ئەو ئەركەی كە پێیان سپێردراوە لە  ماڵەوە بیكەن، ناكرێت هەموو شتێكیش هەر لەسەر مامۆستا بێت دەبێت دایك و باوكیش بە ئەركی خۆیان هەلسن.
جگە لە گرفتانە چەندین گرفتیترمان هەیە كە كاریگەری كردۆتە سەر مامۆستا كە وایان كردووە مامۆستا بە باشی بە ئەركی خۆی هەڵنەستێت. بۆ چارەسەری هەموو ئەو گرفتانەش پێویستە وەزارەتی پەروەردەزۆر بە باشی ئاوڕلە قوتابخانەكان بداتەوە و ئاگاداری بارودۆخیان بێت و پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكات، بەتایبەتی تاقیگە وهۆیەكانی فێركردن، هەروەها پێویستە مامۆستاكانیش لەنێوان خۆیان هاوكاربن لەگەڵ یەكەی ئیدارەی قوتابخانە بۆ دابین كردنی شتە سەرەتاییەكانی و زیاتر هەوڵبدەن وانەكان بە چالاكی ئەنجام بدەن، كەرستەكانی وەك ماجیك و مساحەی وایدبۆرد پاككردنەوە و نەخشەو....هتد لەگەڵ یەكتر ئامادە بكەن یان هەندێك چالاكی كە خۆیان ئەتوانن شتێكی سەرەتای ئامادە بكەن.