Share on facebook
بەرپرسان وەك میرات لە كورسی بەرپرسیاریەتی دامەزراوە حكومییەكان دەڕوانن
چوار شەممە, 24 نیسان 2019 08:39


رۆژنامەنووسان چالاكوانان:

پێویستە مانەوە لە پۆستی حكومی لە چوار ساڵ زیاتر

نەبێت و بەگوێرەی پسپۆریی و سیڤی بەرپرسەكان دابنرێن


"بەرپرس و بەرێوەبەر هەیە مۆنۆپۆڵی كورسی و بەرێوەبەرایەتی

كردووە تاوەكوخزمێكی نەخرێتە شوێنی ئامادە نییە كورسییەكە

جێبهێلێت"


راپۆرت محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:

بوونی بەشێكی زۆری گەندەڵی و تەونی مافیای حكومی و گروپگەڕایی و خزم خزمێنە لە ناو دامەزراوەكانی حكومەت پەیوەندی بەوە هەیە، كەسێك وەك میرات لە كوورسی دامەزراوەكەی دەڕوانێت و چەندین ساڵ بەرێوەبەر یا بەرپرس دەبێت، رۆژنامەنوسان و چالاكوانان دەڵێن"بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی و نادادپەوەری و ئاشتكردنەوەی شەقام لەگەڵ هەموو دامەزراوەكانی حكومی پێویستە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان، دەربچێت كە هیچ كەس زیاتر لە چوار ساڵ بەڕێوەبەر یا بەرپرس نەبێت و ئەو بەپرسانەش رووبەڕوی دادگا بكەنەوە كە لە تەمەنی حكوم رانی گەندەڵیان كردوە،ئەم  هەنگاوەش بە سوودی سیستمی حكومڕانییە و پێویستە هەموو جومگەكان بگرێتەوە.
سەبارەت بە مۆنۆپۆڵكردنی كورسی دامەزراوە حكوییەكان، رۆژنامەنوس ئاكۆ حەمەد بۆ زاری كرمانجی گووتی"پێویستە یاسایەك لە پەرلەمان دەربكرێت كە هیچ بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك بۆی نەبێت لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، چونكە مانەوەی بەرپرس بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ بە جۆرێك لە جۆرەكان گەندەڵی بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە جۆرێك لە قۆرغكاری و پاوانكاری و زەمینەو دەرفەت بۆ كەسانێكی دیكە ناڕەخسێت و مافیان پێشێلدەكرێت، بۆیە ئاڵوگۆڕی پۆستەكان بۆ خودی فەرمانگەكەو بەڕێوەچوونی ئیش و كاری فەرمانگەكان پێویستییە و دەبێت جێبەجێبكرێت،"
ئەو رۆژنامەنوسە راشی دەگەێنێت" بەرپرسی فەرمانگە هەیە چەند ساڵێكە لە پۆستەكەی ماوەتەوە، كەسە نزیكەكانی خۆی لە لای خۆی دامەزراندونەو دەوامیشیان پێناكات و سەری مانگیش وەك فەرمانبەرێك كە دەوامی كردوە، مووچەكەی وەردەگرێت،
" پێویستە لەمەودوا هەر كەسێك كە دەبێتە بەڕێوەبەر یان بەرپرسی فەرمانگە،  ئەگەر بۆ ماوەی چوار ساڵیش بێت لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی بێت و هەر بەرپرسێك دوای چوار ساڵەكە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت و ئەگەر گەندەڵی و كەمتەرخەمی كردبێت سزا بدرێت،"
زیاتر گووتیشی" ئەگەر حزبە حوكمڕانەكان بیانەوێت و مەبەستیان بێت دەتوانن كارێكی وەها بكەن كە هیچ كەسێك بۆی نەبێت چوار ساڵ زیاتر لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، چونكە مانەوەی هەر كەسێك زیاتر لە چوار ساڵ نەك سوود بەهاووڵاتیان دەگەیەنێت، بە پێچەوانەوە زیانی زۆری دەبێت بۆ ژیانی گشتیی خەڵك.
رۆژنامەوان هیمداد عەبدولڵا دەڵێت" بابەتی گەندەڵی و ڕۆتینی ئیداری لەئێستای هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ترۆپێك ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ، هۆكاری سەرەكی ئەم دیاردە نا پەسەندە سزانەدان و دادگایی نەكردنی گەندەڵكارانە، بەمیراتیكردنی كوورسی دەستەڵات و پۆستە ئیداریەكان سەراپایی دامو دەزگا حوكومیەكانی گرتوەتەوە،"
بەرپرس دەناسم زیاتر لە 15 ساڵە بەڕێوەبەری فەرمانگەیەكە رەنگە زیاتریش بێت و نمونەی ئەمانەش زۆرن لە كوردستان، ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد" ئەم دیاردەییە ڕێگا خۆشكەرە بۆ گەندەڵی زیاتر چونكە ئەو كەسانەی تەمەنی بەرپرسیاریەتیان دەچێتە سەروو پێنج ساڵ یان شەش ساڵ بابەتی گەندەڵی و ڕۆتینی ئیداری لەلای ئاسایی دەبێتەوە، پێیوایە كوورسیەكەی بۆ تاپۆ كراوە لەهەمان كاتیشدا زۆرترین خەڵك لەناوچەكەو دەورو بەری دەیناسێت و بابەتی واستەو خزم خزمێنە بەسەر ئەدای كاركردنی دا زاڵ دەبێت، دەبێتە ڕەمزی ئەو شوێنە و خەڵك پێی وایە دەتوانێت هەمووشتێك لەدەرەوەی یاساو ڕێنماییەكانی وەزارەتەكەی بكات، بونی یاسایەك تایبەت بەتەمەنی بەرپرسیاریەتی و پلەو پۆست دەتوانێت ڕێگا بگرێت لەدرێژەدان بەمانەوە لەسەر كوورسی بەرپرسیاریەتی بەمەرجێك یاساكە كاری پێبكرێت و لەگەڵ دەرچونی ڕێنمایی پێویستی بۆ دەربچێت، ئەگەر بونی یاسا تەنها مرەكەبی سەر كاغەزە گەر بەكرداری جێبەجێ نەكرێت و بەسەر لایەنی پەیوەندی دار جێبەجێ نەكرێت،"
جێبەجێ نەكردنی یاسا وای كردووە ئاگری گەندەڵی هەموو جومگەكانی حوكمڕانی بگرێتەوە و فریشكی ئاگرەكەش بەر خێزان و ناوەندە پەروەردەییەكان دەكەوێت و لەداهاتودا نەوەیەكی گەندەڵ پەروەردە دەبێت، هەرچۆنێك ئێمە لە هەناوی گەندەڵی پەروەردەبوین.
راگەیاندكار دیلمان خەسرەو گووتی" گەندەڵی لە هەر سیستمێكی حوكمرانیدا بونی هەبێت دەبێتە هۆكاری لەدەستدانی توانا و هەیبەت و لێهاتووییەكانی تاك لە خزمەتكردن بە كۆمەڵگە و نیشتمان، بۆیە پێویستە هەموو هەنگاوەكان بە ئاراستەی نەهێشتنی گەندەڵی بنرێت، دیاردەی گەندەڵی، دیاردەیەكی بەر بڵاوە زۆربەی زۆری گەلانی جیهان بە دەستییەوە دەناڵێنن، چونكە ئەم دیاردەیە تەنیا كاردانەوەی بۆ سەر باری ئابوری وڵات نییە، بەڵكو مەترسییەكی زۆری ‌بۆ سەر سیستمی دیموكراسیی ئەو وڵاتە هەیە، هەر لە كۆنەوە پێناسەی گەندەڵی وا كراوە كە مانای بەكارهێنانی موڵك و سەروەتی دەوڵەتە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی تاكە كەسی یاخود دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كار بە هۆی دۆست و ناسراوی و خزم خزمێنە بەبێ‌ رەچاوكردنی لێهاتوویی و تواناكان،" دیلمان راشی دەگێنێت" جێگای نیگەرانیە ئەمڕۆ لە كوردستان ئەم دیاردەییە بە زەقی دەبینرێت، بەڵام لێرەدا یەك جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەو گەندەڵییانەی كە لە وڵاتانی دیكەی رۆژئاوادا رودەدات، ئەویش ئەوەیە كە لە وڵاتانی دیموكراسی و پێشكەوتو، دەستەڵاتی دادوەری رۆڵێكی باش لە نەهێشتنی ئەم دیاردەییە دەبینێت و بە هیچ شێوەیەك سەیری روی ئەو كەسانە ناكەن كە گەندەڵی ئەنجام دەدەن و بە لایەنەوە گرنگ نییە ئەو كەسە خاوەن دەستەڵات بێت یاخود سیاسی یا پۆستێكی پلەبەرزی لە حكومەتدا هەبێت،"
بەلای دەستەڵاتی دادوەرییەوە ئەوە گرنگە ئەو گەندەڵكارە بهێنێتە بەردەم دادگا و لیكۆڵینەوەی خۆی لەگەڵدا بكات و بە سزای خۆی بگەیەنێت، بۆیە پێویستە هەنگاوی جدی بگیرێتەبەر بەوەی چاكسازی ریشەكێشكردنی گەندەڵی بە یاسا بكرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئاسانی كۆنترۆڵ بكرێت و چارەسەری خاڵە لاوازەكانی حوكمداری بكرێت لە كوردستاندا.
كەریم مەرزانی هاونیشتیمانیێكی هەریرە دەڵێت" گەندەڵی بووە بە دیاردەیەكی كوشندە لە نێو كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواوی جومگەكانی دەستەلات و تەنانەت ژیانیشی گرتۆتەوە، لە نێو كۆمەڵگای كوردی بە حوكمی هەبوونی پەیوەندی بەهێزی كۆمەڵایەتی ئەم پەیوەندییە وایكردوە كە خزم خزمێنە جێگای سیستەم و بەرێوەبردن بگرێتەوە، بەجۆرێك كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دانانرێت ئەمەش هۆكارە بۆ برەودان بە گەندەڵی كە دواتر بنەبڕكردنی ئەستەم دەبێت،"
زیاتر دەشڵێت" ماوەی شەش ساڵە كۆلێژم تەواو كردوە، بەڵام هۆكاری دانەمەزراندنم ئەوەبووە كە خزمێكی دەست رۆیشتوم نەبووە، واتە لێرە رەچاوی تواناو بڕوانامەكانت ناكرێت، تەنیا هەبوونی پەیوەندیەكی بەهێز لەگەڵ كار بەدەستێك كە خۆشی هەر بەم شێوەیە لەو شوێنە دانراو،"
دەكرێت یاسایەك دەربچێت لە پەرلەمان بەشێك لەو دەمووچاوە دووبارانە لە فەرمانگەكانی حكومەت كە زیاتر لە 15ساڵ زیاتر و كەمتر كاریان كردوە، كوورسیان قۆرخكردوە لابدرێن و كۆمەڵە گەنجێكی خاوەن ئەزمون بخرێنە شوێنی ئەوان بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت ئەم وڵاتە لەوە زیاتر وێران نەبێت .