Share on facebook
لاواندنەوە نازەكانی یەكێتی گەورەتر كرد
شەممە, 27 نیسان 2019 07:24


گەردین ناوەندیی


دوای شەش مانگ لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، هێشتا نەتوانراوە حكومەت پێك بهێندرێت، ئەمەش بە هۆی رێكنەكەوتنی پارتی وەك حزبی یەكەمی هەڵبژاردن و یەكێتی وەك حزبی دووەم. هەر چەندە لەو ماوەیەدا پارتی و گۆڕان رێكەوتنێكیان ئەنجامدا، بەڵام بەلای خەڵكی كوردستانەوە گرنگییەكی ئەوتۆی نەبوو، چونكە حزبە سیاسییەكان و خەڵك باش ئەوە دەزانن هیچ سازانێك بێ‌ بوونی پارتی و یەكێتی سەركەوتوو نیە‌و تەنها رێككەوتنی ئەم دوو حزبە بایەخی ئەوتۆی هەیەو كاریگەری گەورە دروست دەكات بەسەر ئابووری و ژیانی هاووڵاتییان.
هەرچەندە پارتی  وەك چۆن بە رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان پەرلەمانی كارا كردەوە، دەیتوانی لەو ماوەیەدا بەبێ‌ بوونی یەكێتی حكومەتیش پێكبهێنێت، بەڵام ئەوەی نەكرد، چونكە نایەوێت هێزێكی وەك یەكێتی بخاتە دەرەوەی حكومەتی نوێ و‌ بەشێوی ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە. هەموومان باش ئەوە دەزانین بە نەبوونی پارتی یا یەكێتی لە حكومەتدا كەڵێنێكی ئەمنی گەورە دروست دەبێت لە هەرێمی كوردستان، لە رووی ئابووری و كۆمەڵاتیش كاریگەری دەبێت بەسەر ژیانی هاووڵاتییان.
پارتی زیرەكانە مامەڵە دەكات لەگەڵ هێز و لایەنەكانی تری كوردستان، لە پێناو پێكهینانی حكومەتێكی بەهێز بۆ ئەوەی بتوانێت لەئاست دەنگ و خواستی خەڵكی كوردستان بێت‌و چاوەڕوانییەكانیان رەنج بەخەسار نەبێت، هەنگاوەكانی ورد و دووربینن تا لە ئایندە هیچ كەس و لایەنێك زەرەرمەند نەبێت، ئەوەی بۆ خەڵك و پارتەكان‌و دونیای دەرەوە سەلماند قازانج خواز نییە، بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بەرژەوەندی پارتییە، ئەو هەنگاوانەی پارتی بۆ رێكخستنی و تەبایی نێو ماڵی كورد و پێكهاتەكانی كوردستانی دەنێت  سوود بەخشن بۆ كوردستان.
بۆیە كۆڵ نادات هیچ پاساوێكیش بۆ بەیەك نەگەیشتن نابینێت، ئەوەی روونە لە پێكهێنانی ئەم كابینەیی حكومەتدا رێژەی دەنگ و ژمارەی كورسییەكانی خۆی لەبەرچاو نەگرتووە ئەوەندەی بەدوای رازیكردنی دڵی لایەنەكانەوەیە، ئەمەش بۆتە ئەركێكی گران بۆ پارتی. چونكە هەر لایەنەو بە پێی سوودی خۆی پشك دەخوازێت و داواكاری هەیە، یەكخستنی ئەم هەموو رایە ئارامگری دەوێت.
پارتی هەنگاوێك نانێت لێی پەشیمان ببێتەوە، ئەوەی دەیكات لە ئایندە درك بە بایەخەكەی دەكەین. ئەم شێوازە خۆماندوو كردنەی پارتی بە حزبەكانیتری كوردستان وا دەكات حكومەت و سەرۆكایەتییەكی بەهێز بێتە كایەوە لە ئەنجام كوردستان بەهێز و هاووڵاتییانیش خۆشگوزەران بن. چوار ساڵی ئارام و خزمەتگوزرا بێتە كایەوە، بەسەر ئاستەنگەكانی بەردەم خزمەتكردن زاڵ بێت.
لەم كابینەیەدا پارتی خاوەن ماڵ و لایەنەكانی تریش بە میوان سەیر دەكرێن، بەو هۆیەی ژمارەی كورسییەكان بەرێژەیەكی بەرچاو جیاوزیان هەیە. بۆیە پارتی وەك خاوەن ماڵ ئەو مافە بە خۆی دەدات ئەو پەڕی رێز لەوانی تر بگرێت، بەڵكو بگرە هەندێك جاریش دەگاتە ناز كردن و لاوانەوەیان لەلایەن حزبی یەكەم، مادام خاوەن ماڵە كەوایە ئەگەر لە هەندی پشكی خۆی سازشیش بكات بە كارێكی رەوای دەبینم، هەروەك چۆن گۆڕان زیاد لە بەركەوتەی خۆی وەرگرت، هەمان گەورەیی لەگەڵ یەكێتیش دەنوێنێت.
ئەمە كارێكی مەحاڵ نییە‌و لە پێگەی جەماوەری و نێودەوڵەتی پارتی كەم ناكاتەوە. بەڵام دەبێت حزبەكانیش لەوە تێبگەن هەر یەكەیان بە پێی گرنگی بوونی هەنووكەیی بۆ كوردستان نازیان هەڵدەگیردرێت، هاوسەنگی راگرتنیان كارێكی سانایی نییە. باوەڕ پێهێنانیان بەوەی رێككەوتن لەگەڵ هەر لایەنێك لە سەر حسابی ئەوەی تر نییە ئەمە كارێكی سەختە كەسانی بوێری دەوێت.
ئەوەی گرنگە لێكتێگەیشتن و سازبوونی پارتی‌و یەكێتییە، بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌ لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای هاریكاری و پشتگریی هەردوولا. بە پێی تێڕوانین بۆ كۆبونەوەكانی نێوانیان ئەوە دەردەخات لەیەكتر نزیكن بۆ  گەیشتن بە رێككەوتن، هەروەك چۆن پارتی نەرمی دەنوێنێت و نایەوێت تاك لایەن كار بكات و هەنگاو بهاوێژێت لە حكومەتی نوێدا لە پێناو بە هێز مانەوەی كوردستان و سەقامگیری ئەمنی، ئابووری و كۆمەڵایەتی...هتد. دورخستنەوە یان بەلانی كەم لاواز كردنی دەستی دەرەكی لە بڕیارو قەوارەی هەرێمی كوردستان.
دەبێت یەكێتیش درك بەوە بكات و واز لە بەهانەو پاساو دۆزینەوە بێنێت بۆ پێكنەهێنانی حكومەت و لە ناوخۆدا كێشەكەنیان كاڵ بكەنەوە. بەپێی لێدوانەكانی پارتی بێت جگە لە سازبوون و یەكگری هیچ بەدیلێكی تریان نییە، ئەمەش وادەكات یەكێتی ناچار بكات واز لە پاساو بهێنێت و رێككبكەوێت.  لەوە زیاتر سوودی حزبی نەخاتە بەردەم بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان.